تیمێكی نێودەوڵەتی 35 خاڵ ئاڕاستەی هەرێم دەكات بۆ چاكسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە

07-05-2017 03:37
كارەكانی ئەو تیمە بە ئامانجی دروستكردنی هێزێكی سەربازیی تۆكمەی پیشەییە بۆ پێشمەرگە. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

تیمێكی پسپۆڕی نێودەوڵەتی 35 خاڵی بۆ چاكسازیی سەرتاسەری لەناو وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە كردووەو ئەمڕۆ ڕادەستی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كرد بە ئامانجی دروستكردنی هێزێكی سەربازیی تۆكمەی پیشەیی بۆ پێشمەرگە.

 

تیمەكە لە وەزارەتەكانی بەرگریی وڵاتانی ئەمەریكا، بەریتانیاو ئەڵمانیا پێكهاتووەو ماوەیەكی زۆرە لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا كاردەكەن‌و سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی چاكسازیی لەو وەزارەتەی هەرێم.

 

بەپێی هەواڵێكی سایتی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ئەو تیمە ڕاوێژكارییە نێودەوڵەتییە لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری پێشمەرگەو بەرپرسانی سەربازیی، كاری هاوبەشی خۆیان سەبارەت بە وەزارەتی پێشمەرگە خستوەتەڕوو كە خۆی لە 35 خاڵ دەبینێتەوەو‌ ئامانج لێیان دروستكردنی هێزێكی سەربازیی تۆكمەی پیشەییە بۆ پێشمەرگە لە ئایندەدا.

 

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە كە ئامادەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حكومەت‌و ئەو تیمە بووە، لەبارەی گرنگترین خاڵەكانی ئەو تیمە بە پەرەگرافی وت"خاڵەكان زۆرن لەبەرئەوە باسناكرێ، ڕبفۆرمی ناو وەزارەتەو دەمێكە دەستمان پێكردووەو ئامادەمان كردووەو ئەمڕۆ پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانمان كرد."

 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەشی خستەڕوو ئەو 35 خاڵە پەیوەندیدارن بەهەموو بەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەر لە ژمێریاری، بەڕێوەبردن، میلاك، پلە بەرزكردنەوەو خانەنشینی‌و هەموو بابەتەكانی پەیوەندیدار بە وەزارەتی پێشمەرگە، وتیشی"یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەشی تێدایە."

 

 

كۆبوونەوەی تیمە نێودەوڵەتییەكە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، 7-5-2017.

 

لە كۆبوونەوەكەیاندا لەگەڵ ئەو تیمە، حكومەتی هەرێم سوپاسی كارەكانیانی كردووەو پێشوازی لە پڕۆژەكەیان كردووە، لە كۆبوونەوەیەكیشدا‌ ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەكە دەخاتەبەر باس‌و گفتوگۆ، تا پەسەند بكرێت، "دواتریش پڕۆژەكە بۆ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دەركردنی فەرمانی پێویست، ڕەوانە دەكرێت."

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەكەدا ئەوەی خستوەتەڕوو، لەدوای ساڵی 2003وە هەرێمی كوردستان زیاتر پێداگری لەسەر ئاوەدانكردنەوە كردووەتەوە نەك دروستكردنی هێزێكی سەربازی.

 

"چاوەڕوان دەكرا گەر هەر هەڕەشەیەك لەسەر عیراق هەبێت، حكوومەتی فیدرال بەرپرسە بۆ پاراستنی وڵات بەگشتی، بەڵام لەگەڵ هێرش و هەڕەشەكانی تیرۆرستانی داعش، بەداخەوە هەموو بارودۆخەكە و هاوسەنگییەكان گۆڕان، بۆیە دەبێت ئێمە بیر لەوە بكەینەوە هێزێكی تۆكمە و پرۆفیشناڵی سەربازی بۆ پێشمەرگە دابمەزرێنین." نێچیرڤان بارزانی وای وتووە.

 

كارەكانی ئەو تیمە بیانییە لە چوارچێوەی هەوڵ‌و هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمە بۆ چاكسازی لەبوارە جیاوازەكاندا، پێشتریش جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەكەكانی 70ی هێزی پێشمەرگە بۆ پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكردبوو كە وەزارەتی پێشمەرگە‌و ڕاوێژكارانی هێزەكانی هاوپەیمانان سەرقاڵی ئەوەن هەیكەلێكی نوێ بۆ وەزارەت دابڕێژن كە بگونجێت لەگەڵ ئەم سەردەمە، "بۆ چاكسازی‌و پاكسازی‌و گۆڕانكاریی بنەڕەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە."

 

فەرماندەی یەكەكانی 70ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان(سەربە یەكێتی) لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف تیشكی خستەسەر گۆڕانكارییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو پڕۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەت.

 

شێخ جەعفەر باسیلەوەكرد، فەرماندەییەكی گشتی دروست دەكرێت لە پێشمەرگەی ئەو حزبانەی لەشاخ هێزی چەكداریان هەبووەو پڕۆسەكەش تەنها گۆڕانكاریی‌و دانانی هەیكەلێكی نوێ نییەو لێپرسینەوەش دەكرێت، وتی" ئەوەی نوقسانی‌و كەموكورتی هەبێت بەدڵنیاییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت."

 
لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە‌و سلكی سەربازیی یەكێك بوو لەو كەرتانەی مانگی 4ی ساڵی ڕابردوو لیژنەی تایبەتی بۆ پێكهێنرا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.

 

لە ناوەڕاستی مانگی 2ی ئەمساڵیش كاتێك سەرۆكایەتی هەرێم ڕاپۆرتی تایبەت بە هەنگاوەكانی چاكسازیی بڵاوكردەوە، تەوەرێكی تایبەت بوو بە وەزارەتی پێشمەرگەو تێیدا هاتبوو"زیاتر لە (12) دۆسیەی گەندەڵی تایبەت بە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە دراونەتە دەستەی نەزاهە و لێكۆڵینەوە لەسەر بەشێكی ئەم دۆسیانە دەستی پێكردوە و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەكان گیراوەتە بەر بەبێ ڕەچاوكردنی پلە و پۆستی سەربازی كە هەڵیان گرتووە. هەروەها پلانی گۆڕانكاری گەورە و گرنگ لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە لە بەردەست دان و لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێدەكرێن."