مەینەتییەكانی خەڵكی موسڵ.. داعش بە لەحیم دەرگای ماڵەكانیان لەسەر دادەخات

13-05-2017 12:48
موسڵ، 9-5-2017، ئاوارەبوونی سەدان كەس لە گەڕەكی هەرەمات لە بەری ڕاستی شارەكە. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

لە نوێترین هەوڵیاندا بۆ ڕێگری لە هەڵاتنی خەڵك لە موسڵ، داعش دەرگای ماڵەكان بە لەحیم دادەخات، لەكاتێكدا برسێتی‌و ئاگری شەڕ هەزاران كەسی لە مەرگ نزیككردۆتەوە.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەدان كەس بە ڕێگای پڕ مەترسیدا خۆیان گەیاندە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی هێزە عیراقییەكان لە باكوری ڕۆژئاوای بەری ڕاستی موسڵ، كە بەپێی پلانێكی نوێی سەربازیی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەستیپێكردووە.

 

"ڕێكخراوی داعش ئەندامانی خێزانێك لە خانووەكەیاندا كۆدەكاتەوە‌و دەرگایان لەسەر دادەخات بە لەحیم، تا دڵنیابێتەوە لە ماڵەكەدا دەمێننەوە‌و ناتوانن بەرەوڕوی هێزە عێراقییەكان هەڵبێن"، ئەحمەدی عەلی یەكێكە لە ئاوارەكان بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

 

زۆربەی ئاوارەكان خەڵكی گەڕەكی هەرەمات بوون، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ چەندین ناوچەی تر لە باكوری ڕۆژئاوای موسڵ، كۆنتڕۆڵكرانەوە.

 

مستەفا خەلدون، لەو گەڕەكەوە ئاوارەبووە‌و بە (كەركوك ناو)ی وت "داعش گروپێك لە چەكدارانی بیانی داناوە بۆ كوشتنی هەر كەسێك ئەگەر هەوڵی هەڵاتن بدات."

 

 

گیای بەهارەی تۆڵەكە بۆتە خواردنی سەرەكی خەڵك‌و دەسكی بە سێ‌ هەزار دینارە.

 

ڕێگری لە هەڵاتنی خەڵك لەكاتێكدا، نرخی ماددە خۆراكییەكان زۆر بەرزبوونەتەوە یان هەر دەستناكەون، وەكو ئەو هاوڵاتییە دەڵێت یەك كیلۆ ڕۆن بە 100 هەزار دینارە، ئەوەش زیاتر لە 20 هێندەی نرخی ئاساییە.

 

ئۆپەراسیۆنەكانی بەری ڕاستی موسڵ، زیاتر لە دوو مانگە (19ی شوباتی ئەمساڵ) بەردەوامی هەیە‌و ڕێكخراوە مرۆییەكانیش، چەندینجار هۆشدارییانداوە لە خراپی ڕەوشی مرۆیی لەو ناوچانە، بە تایبەت برسێتی‌و مەترسی بۆردومانەكان.

 

مەحمود نایف، تازە ئاوارەیەكی بەری ڕاستی موسڵە‌و دەڵێت گیای تۆڵەكە لێدەنێن بۆ خواردن، "نرخی ئەو گیا بەهارییە بۆ دوو هێندە بەرزبۆتەوە‌و یەك دەسكی بە سێ‌ هەزار دینارە، ئەوەش ئەگەر لە بازاڕەكان دەستبكەوێت."

 

خۆراكی سەرەكی خەڵك لە ناوچەكانی حوكمڕانی داعش لە موسڵ، بەپێی بەدواداچونی ڕێكخراوە مرۆییەكان گژوگیا‌و ڕەگی ڕووەكە، جگە لەوەی سەدان منداڵ بەهۆی برسێتییەوە ڕوبەڕوی وشكبوونەوە بوون‌و ئاوی خواردنەوەش، دەستناكەوێت.

 

شەڕی بەری ڕاستی موسڵ، سسترە بەراورد بە ناوچەكانی تر، بەهۆی چڕی دانیشتوان‌و هەروەها تەسكی كۆڵانەكانیەوە.

 

"داعش خەڵك ناچاردەكات ئۆتۆمبێلەكانیان لەبەردەم دەرگا‌و لە كۆڵانەكاندا ڕابگرن، تا بەربەست بۆ پێشڕەوی هێزە عێراقییەكان دروستبكات" حاجی عومەر، یەكێك لە ئاوارەكانی موسڵ بۆ (كەركوك ناو) وتیشی "خێزانەكانی ناچاركردووە نێوانی دیواری ماڵەكانیان لەگەڵ دراوسێكان كون بكەن‌و خەندەقیش هەڵبكەنن تا چەكدارەكانیان بەكاریبهێنن بۆ شەڕ."

 

 

موسڵ، 9-5-2017، ئاوارەكان بە ڕێگایەكی پڕ مەترسیدا لە بەری ڕاستەوە گەیشتنە هێزە عیراقییەكان. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی شەڕی نەینەوا (لە ئۆكتۆبەری 2016وە)، زیاتر لە 610 هەزار كەس ئاوارەبوون‌و زۆرینەی ئەو ژمارەیەش، لە بەری ڕاستی موسڵەوە هەڵاتوون.

 

برۆنۆ گیدۆ، نوێنەری كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران لە عێراق دەڵێت، هێشتا قەیرانی ئاوارەبوون بەردەوامی هەیە‌و خەڵك ڕوبەڕوی مەترسی زۆر جددی دەبنەوە، بەپێی بەیاننامەیەكی كۆمسیۆنەكە.

 

ئەو بەرپرسە مەترسی خۆشی نیشاندا لە هەڵكشانی زیاتری ژمارەی ئاوارەكان، بۆ ئەوەش ئاماژەی بە هەوڵەكانیان كرد بۆ بنیاتنانی چەندین كەمپی نوێ‌.

 

هێشتا شەڕ بەردەوامی هەیە‌و بەپێی دوایین نەخشەی شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی، لەسەدا 10ی ناوەندی موسڵ ماوە كۆنتڕۆڵبكرێتەوە، ئەوەش لەكاتێكدا باس لە ئەگەری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی قەزای حەویجە لە كەركوك‌و چەند ناوچەیەكی تری عێراق دەكرێت، كە چاوەڕواندەكرێت سەدان هەزار مەدەنی بەهۆیەوە ئاوارەبن.