تەندروستی نەوشیروان مستەفا چۆنەو چی وتووە لەبارەی بینینی خەڵك؟

14-05-2017 02:29
نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان. فۆتۆ: سوركێو محەمەد.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە 24 كاتژمێرە گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی، بەڵام جیاواز لە گەڕانەوەكانی پێشووتری تائێستا بەرپرسانی بزوتنەوەكەی نەیان بینیوەو هیچ وێنەو ڤیدیۆیەكی گەڕانەوەكەشی بڵاونەكراوەتەوە.

 

گەڕانەوەی ئەمجارەی نەوشیروان مستەفا تەواو نهێنی بووە، تەنانەت بەرپرسانی باڵای گۆڕان ئاگاداری گەڕانەوەكەی نەبوون‌و تەنها پاسەوانە تایبەتەكانی ئاگادار بوون.

 

دوای زیاتر لە هەشت مانگ مانەوەی لە شاری لەندەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، نەوشیروان مستەفا، تەمەن 73 ساڵ، بەرەبەیانی دوێنێ لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە گەڕایەوە. ساڵی 2015ش نەوشیروان مستەفا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی چووە ئەڵمانیاو دواتر چووە شاری لەندەن‌و دوای چەند مانگێك مانەوەی، بە سەردانێكی كورت گەڕایەوە هەرێم‌و دواتر گەڕایەوە بۆ لەندەن.

 

هەرچەندە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەنین لەبارەی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفاو دۆخی تەندروستی ناوبراوەوە قسە بكەن، بەڵام یەكێك لە كەسە نزیكەكانی كە نەوشیروان مستەفای بینیوە قسەی بۆ پەرەگراف كرد‌و هەندێك زانیاریی ئاشكراكرد.

 

ئەو سەرچاوەیە كە خۆی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا كاردەكات، بە پەرەگرافی وت"كاك نەوشیروان خۆی هیچی باسنەكرد لەبارەی دۆخی تەندروستی‌و ئێمەش نەمان پرسیوە، بەڵام ئەوەندەی دیاربوو تەندروستی زۆر باشە."

 

ئەو كەسە نزیكەی نەوشیروان مستەفا لەبارەی نەبینینی خەڵك لەلایەن ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، وتی"خەڵك خۆی نایەت، كاك نەوشیروان خۆشی وتی 4 بۆ 5 ڕۆژی دیكە پێمان دەڵێت خەڵك دەبینێت، وتی خۆم ئاگادارتان دەكەم با پشوو بدەم دواتر خۆم پێتان دەڵێم خەڵك دەبینم."

 

پەرەگراف پەیوەندیكرد بە شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام ئامادەنەبوو لەسەر گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا قسەبكات‌و وتی"هیچ لێدوانێك لەسەر كاك نەوشیروان نادەم، داوای لێبوردن دەكەم."

 

وتەبێژەكەی گۆڕان ئامادەنەبوو وەڵامی ئەو پرسیارەش بداتەوە كە ئایا ئەو نەوشیروان مستەفای بینیوە یان نا؟.

 

هاوكات هەڤاڵ ئەبوبەكر هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان، كە دەوترێت نەوشیروان مستەفای بینیوە، هەر كە پەرەگراف پێی وت دەیەوێت لەسەر گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا لێدوانی لێوەربگرێت، ناوبراو وتی"من لەسەر ئەو شتانە قسە ناكەم."و ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە.

 

نەوشیروان مستەفا بە یەكێك لەو سیاسییانە دادەنرێت كە بینینی لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكەی‌و خەڵكەوە زۆر ئاسانە، ئەوەش وایكردووە بە كەسێكی سادە ناو ببرێت، بەڵام وەك بەرپرسێكی گۆڕان دەڵێت، ئەو ئاسان بینینەی كێشە دروست دەكات‌و قسە لەسەر ئەوەكراوە بینینی نەوشیروان مستەفا ڕێكبخرێت.

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی نەوشیروان مستەفای نەبینیوە بە پەرەگرافی وت"ئەوەندەی من بزانم كاك نەوشیروان تائێستا كەسی نەبینیوە پاسەوانەكانی‌و ئەو كەسانە نەبێت كە لەگەڵ خۆیدا كاردەكەن."

 

لەبارەی هۆكاری خەڵك نەبینین، بەرپرسەكەی گۆڕان هەرچەندە ئەوەی خستەڕوو هۆكارەكەی نازانێت‌و پەیوەندی بە نەوشیروان مستەفا خۆیەوە هەیە، بەڵام ئەوەی خستەڕوو لەكاتی گەڕانەوەكەی پێشتریدا باسی ئەوەكراوە كە بینینی خەڵك ڕێكبخات‌و بۆ ئیش‌و كار خەڵك ببینێت‌و بە بەرنامە.

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، وتی"هەر دووكەس بێ ئیش دەبن دەڵێن بابچین بۆلای كاك نەوشیروان، جاری واهەیە ئەچیت بۆكارێك ڕێ نییە دانیشیت، واباشترە بینینی كاك نەوشیروان ڕێكبخرێت، هەرچەندە نازانم ئەمەی ئێستا پەیوەندی بەوەوە هەیە یان نا."

 

لەو ماوەیەی نەوشیروان مستەفا كوردستانی بەجێهێشت‌و تائێستاش دۆخی هەرێم لەقەیرانێكی قوڵی سیاسی‌و داراییدایەو ناوبراو هیچ قسەو لێدوانێكی لەسەر ئەو كێشانە نەبووە كە دیارترینیان ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بوو بۆ چونە شاری هەولێر بەفەرمانی مەكتەبی سیاسی پارتی لەمانگی 10ی ساڵی 2015 لەگەڵ دورخستنەوەی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لە هەمان كاتدا، ئێستاش كە ڕیفراندۆم پرسێكی گەرمی گۆڕەپانی سیاسییە، بەهەمان شێوە نەوشیروان مستەقا هیچ قسەیەكی لەبارەوە نەكردووە.

 

چونە دەرەوەی نەوشیروان مستەفاو بێدەنگیی لەسەر دۆخی هەرێم قسەو باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو بووە باسی ڕۆژانەی خەڵك، هاوكات لەبارەی دۆخی تەندروستی ناوبراوەوە چەندین هەواڵ‌و زانیاریی جۆراوجۆر لەمیدیاكانەوە بڵاوكرانەوە.

 

بێدەنگیی نەوشیروان مستەفا بە جۆرێكە لەو ماوەیەی لەدەرەوە بووە تەنها بەبۆنەی كۆچی دوایی شوعلە عەلی هاوسەری، لە 25-3-2015 سوپاسنامەیەكی ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان كرد بۆ بەشداریكردنیان لەپرسەكەیدا.

 

كێشەی تەندروستی نەوشیروان مستەفا كە بەهۆیەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆربەی كاتەكانی لە دەرەوەی وڵات بووە بۆ چارەسەر، پەیوەندیدارە بە نەشتەرگەرییەك كە ساڵانی 80ی سەدەی ڕابردوو بۆ فەقەرەی پشتی ئەنجامدراوە لە ئەڵمانیا.

 

ئەو كاتەی نەوشیروان مستەفا لە دڵەوە مردنی بە ئاوات خواستووە

 

سەرەتای نەخۆشكەوتنی نەوشیروان مستەفاو دروست بوونی ئازار لەپشتیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتانەی لەشاخ پێشمەرگە بووە.

 

نەوشیروان مستەفا لەكتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا (دیوی ناوەوەی روداوەكانی كوردستانی عێراق 1984 – 1988) باس لەنەخۆشییەكەی‌و سەفەری دەرەوەی وڵاتی‌و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەی دەكات.

 

نەوشیروان مستەفا دەڵێت: ساڵی 1986 بەدەست ئازاری پشتیەوە ناڵاندویەتی‌و پەرێشان بووە، ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی ئەو ساڵە لەسەر داوای مام جەلال لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا سەفەری دەرەوەی وڵاتی كردووەو سەرەتا چوونەتە ئێران.

 

لە تاران بەشداریی كۆنگرەیەكی فراوانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیان كردووەو جگە لەوەفدی یەكێتی، پارتی‌و حسك‌و چەند حزبێكی دیكەی كوردستانی عێراق بەشداربوون لەكۆنگرەكەدا كە كۆتایی مانگی 12ی ئەو ساڵە ڕێكخراوە.

 

نەوشیروان مستەفا دەڵێت"وەفدی پارتی ئیدریس بارزانی ‌و وەفدی حسك رەسوڵ مامەند سەرۆكایەتییان ئەكرد. بۆ یەكەمین جار بو لەمێژووی جوڵانەوەكەدا نوێنەرانی كورد بەتایبەتی ئەو 3 حزبە بە تەبایی ‌و یەكگرتویی بەشداری كارەكانی كۆنگرە ببن ‌و بۆ هەمو باس ‌و مەسەلەیەك پرس ‌و راوێژ بە یەك بكەن."

 

ڕۆژێك پێش تەواو بوونی ئەو كۆنگرەیەی تاران، بۆجەژنەكانی سەری ساڵی 1987 نەوشیروان مستەفا لەئێرانەوە چوەتە شام‌و وەك خۆی دەڵێت: بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە هیچ خۆشییەكی لەجەژنەكانی سەری ساڵ نەدیوە.

 

لەگەڵ كارە سیاسییەكانیدا نەوشیروان مستەفا لەشام سەردانی چەند پزیشكێك دەكات‌و سەرەتا چووەتە لای پزیشكێكی بڕبڕەی پشت‌و دوای پشكنین‌و ئیشاعە گرتن پزیشكەكە پێی دەڵێت"ئەبێ یەك سەعات زوتر پشتت نەشتەركاری بكەیت چونكە لەدوا قۆناغی خراپی دایە. بە كۆكین، پژمین، كەوتن لەوانەیە (نخاع شوكی)ت بپسێ ‌و توشی (شلل) ببی!."

 

نەوشیروان مستەفا لە كتێبەكەیدا بەم جۆرە باس لە هەستی خۆی دەكات لەدوای ئەو قسەیەی پزیشكەكە "تائەوساتە بیست بوم مرۆڤ كە بەتەواوی ئەڕوخێ ئەژنۆی ئەشكێ، لەو كاتەدا هەستم كرد ئەژنۆم شكاوە، چونكە هیچ توانایەكی ڕۆیشتنی تیا نەما بو، لەدڵی خۆمدا وتم: ئەو هەمو ساڵە بەشاخەوە بوم ‌و ئەو هەمو بەرداوبەردەم كردوە ‌و لەو هەمو مەترسیە بەسەلامەت دەرچوم، ئێستا بەم نەخۆشیە توشی (شلل) ببم‌و ناچار بم سواری كورسی ویلدار ببم" نەوشیروان مستەفا دەشڵێت لەوكاتەدا"لەناخی دڵەوە مردنم بە ئاوات ئەخواست."

 

پزیشكەكە داوا لەنەوشیروان مستەفا دەكات بۆ ڕۆژی دوایی لەنەخۆشخانە جێگەی بۆ بگرێت بەمەبەستی نەشتەرگەریی، بەڵام ئەو پێی دەڵێت"من هەندێ كاری پێویستم هەیە بەو پەلە پەلە ناتوانم بچمە نەخۆشخانە" نەوشیروان مستەفا دەڵێت مەبەستی لەو قسەیە ئەوەبووە كە سەری پزیشكێكی تر بدات "بەشكو قسەی ئەم پزیشكە وادەرنەچێ."

 

بۆ ڕۆژی دوایی چووەتە لای پسپۆڕێكی بەناوبانگ كە لەزانكۆی دیمەشق كاری كردووەو هەمان ئامۆژگاریی نەوشیروان مستەفای كردووە، ڕۆژێكی دیكەش چووەتە لای پزیشكێكی دیكەو ئەویش هەمان قسەی كردووە، نەوشیروان مستەفا دەڵێت"ئیتر بەتەواوی نائومێد بوم ‌و بڕیارم دا بۆ ئەو مەبەستە بچمە ئەوروپا."

 

نەوشیروان مستەفا لەكتێبەكەیدا سەفەری ئەڵمانیاو نەشتەرگەرییەكەشی باسدەكات‌و دەڵێت دوای ماوەیەك ڤیزەی ئەڵمانیای بۆ نێردراوەو ڕۆژی 21ی كانونی دووەمی 1987 لەشامەوە بەفڕۆكە چووەتە بەرلینی ڕۆژئاوا.

 

لە بەرلین چووەتە لای پزیشكی پسپۆڕ‌و دوو پزیشكی جیاواز پشكنینیان بۆ كردووە، یەكەمیان پڕۆفیسۆرێكی بەرەچەڵەك ئێرانی بووەو هەمان قسەی پزیشكەكانی شامی دووبارە كردوەتەوەو هەمان ڕۆژ بەرەو ڕوی پزیشكێكی پسپۆڕی تری ئەڵمانی كردۆتەوە.

 

"پزیشكەكە كە سەیری ئەشیعەكانی كردم ‌و سەیرێكی منی كرد بەپێوە راوەستابوم، وتی: بەپێی ئەم ئەشیعانە ئەبوایە تۆ ئێستا بە عەرەبانە بهاتیتایە. بۆچی زوتر سەردانی پزیشكت نەكردوە؟."

 

نەوشیروان مستەفاش بە پزیشكەكەی وتووە"لەشوێنێك ئەژیم نەخۆشخانەی وای لێ نیەو، تا گەیشتومەتە سەر جادەی ئۆتۆمۆبیل 20 سەعات بە پێ ی خۆم ڕۆیشتوم."

 

پزیشكەكە بە سەرسوڕمانێكی زۆرەوە لە نەوشیروان مستەفا دەپرسێت"ئێوە چ قەومێكن؟"

 

ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن"كورد" دواتر هەندێك ڕونكردنەوە بە پزیشكەكە دەدەن.

 

پزیشكەكە نەوشیروان مستەفا ڕەوانەی نەخۆشخانە دەكات، خۆی دەڵێت"بۆ رۆژی دوایی نەشتەركاری پشتیان كردم ‌و 10 ڕۆژ لە نەخۆشخانە مامەوە. دوای ئەوەش ماوەیەك لەجێگادا كەوتم."

 

نەوشیروان مستەفا لەدوای ئەو نەشتەرگەرییە، بەهۆی گەڕانەوەی بۆ خەباتی پێشمەرگایەتی‌و شاخ، نەیتوانیوە ڕێنماییەكانی پزیشك بە باشی جێبەجێ بكات.