هەزاران هاوڵاتی حەویجە لە مەترسیدان.. كیلۆیەك خوێ‌ بە 20 هەزارە‌

17-05-2017 12:25
كەركوك، ئابی 2015، خێزانێكی هەڵاتوی ژێر دەستی داعش چاوەڕوانی هاوكاری دەكەن لە كەمپێكی داقوق. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

لە حەویجە‌و ناوچەكانی دەوروبەری، ماددە خۆراكییەكان بە تەواوی كەمبوونەتەوە‌و دەرمان دەستناكەوێت، بە جۆرێك نرخی یەك كیلۆ خوێ‌ گەیشتۆتە 20 هەزار دینار‌و شیری منداڵیش، لە بازاڕەكاندا نەماوە.

 

ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، دوێنێ سێشەممە 16-5 لە زاری ژمارەیەك ئاوارە‌و شایەتحاڵەكانی ناو قەزای حەویجە‌و ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی داعش، مەترسییەكانی خراپی ڕەوشی مرۆیی بڵاوكردەوە‌و داوادەكات، پەلە بكرێت لە ڕزگاركردنی هەزاران هاوڵاتی.

 

بە هاوكاری ئاوارەیەكی حەویجە، ڕوانگەی عیراقی توانیویەتی پەیوەندی بە دانیشتویەكی قەزاكەوە بكات‌و بەوتەی ئەو شایەتحاڵە"نرخی ماددە خۆراكییەكان زۆر بەرزە ئەگەر دەستبكەوێت."

 

"نرخی یەك كیلۆ شەكر دەگاتە 58 هەزار دینار، كیلۆیەك ڕۆن 50 هەزار دینار، خوێ‌ 20 هەزار دینار‌و برنجیش نرخی كیلۆیەكی گەیشتۆتە 60 هەزار دینار‌و شیری منداڵ بەهیچ شێوەیەك دەستناكەوێت."

 

ئەو هاوڵاتییە كە تائێستاش نیشتەجێی حەویجە دەڵێت "ئێمە لە تەمموزی 2016وە بەو شێوەیە دەژین، لە سێ‌ مانگی ڕابردوودا مەینەتییەكان زیاتر بوون كاتێك ڕێگەی هێنانی شەك بە قاچاخ قەدەغەكرا، بۆیە داوا لە حكومەتی عێراقی دەكەین هاوكاری بگەیەنێتە ناوچە گەمارۆدراوەكان."

 

بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕوانگەی عێراقی، ڕەوشی ژیان زۆر قورس بووە‌و خۆراك بە تەواوی كەمبۆتەوە یان دەستناكەوێت، جگە لەوەی نەخۆشی بڵاوبۆتەوە‌و دەرمانیش بەردەست نییە.

 

ئەبو عیماد، كەمتر لە مانگێكە لە حەویجەوە ئاوارەی كەركوك بووە‌و دەڵێت"زیاتر لە 10 مانگە دانیشتوانی حەویجە بەهۆی كەمی خۆراك‌و دەرمانەوە دەناڵێنن، خەڵك پشتی بە هێنانی شمەك دەبەست بە ڕێگەی قاچاخ لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانەوە، بەڵام مانگێكە ئەو ڕێگەیەش نەماوە."

 

"هێزە ئەمنییەكان ڕێگە نادەن هیچ ماددە‌و شمەكێك بگاتە ناوچەكان، تەنانەت دەرمان بۆ نەخۆش، بۆیە هەر كەسێك نەخۆشی هەبێت چارەنووسی مردنە بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە."

 

هەروەها ئەوەشی وت كە دانیشتوانی ناوچەكە تەنیا پشت بە چاندنی گەنم دەبەستن هەرچەندە ئەوەش بەس نییە تا لە ژیان بەردەوام بن.

 

جگە لە حەویجە، لە چەندین ناوچەی تری عێراق بە تایبەت لە بەری ڕاستی موسڵ، بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوە مرۆییەكان ڕەوشی خەڵك لە دۆخێكی زۆر خراپ‌و پڕ مەترسیدایە بەهۆی ئاگری شەڕ‌و برسێتییەوە.

 

ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، داوا لە حكومەت‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات چارەسەرێك بۆ ئەو كارەساتە مرۆییانە بدۆزنەوە لە حەویجە‌و ناوچەكانی تری ژێر دەستی داعش.

 

قەزای حەویجە(55كم باشوری ڕۆژئاوای كەركوك)‌‌و ناحییەكانی زاب، ڕەشاد، ڕیاز، عەباسی، لە ناوەڕاستی 2014ەوە كەوتونەتە دەست داعش‌و تائێستاش ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەیان دەستیپێنەكردووە.

 

ڕۆژانە لە سنوری حەویجە‌و ناوچەكانی ترەوە، سەدان هاوڵاتی ئاوارەی ناوچە ئارامەكان دەبن‌و هەزاران دانیشتوی ئەو قەزایە، ئێستا لە كەمپەكانی كەركوك جێگیربوون.