هەڵوێستی فەرمی ئەمەریكا لەبارەی هێرشی پاسەوانەكانی ئەردۆغان بۆسەر خۆپیشاندەرە كوردەكان

18-05-2017 02:48
لێدانی خۆپیشاندەرێك لەلایەن پاسەوانەكانی ئەردۆغانەوە.

 

پەرەگراف

 

كاردانەوەكانی هێرشی پاسەوانە تایبەتەكانی سەرۆك كۆماری توركیا بۆسەر خۆپیشاندەرە كوردەكان لە واشنتن بەردەوامەو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕایگەیاند، نیگەرانیـیەكانی خۆیان بە توندترین شێوە دەگەیەننە حكومەتی توركیا.

 

ئێوارەی 16ی ئەم مانگە كاتێك ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆشكی سپی ئەمەریكا لەگەڵ دۆناڵد ترەپ لە كۆبوونەوەدا بوو، ژمارەیەك خۆپیشاندەر كە زۆرینەیان كورد بوون لە بەردەم كۆشكەكە كۆبوونەوە بۆ ئیدانەكردنی سەردانەكەی ئەردۆغان‌و پشتیوانیی بڕیارەكەی ترەپ بۆ پڕچەك كردنی یەپەگە، دوای كۆبوونەوەكە، ئەردۆغان بەرەو باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە واشنتن كەوتەڕێ، خۆپیشاندەرانیش چوونە بەردەم باڵیۆزخانەكەو هوتافیان دژی دەوتەوە، بەڵام لەوێ لەلایەن پاسەوانەكانی ئەردۆغانەوە ڕوبەڕوی هێرشی تووند بوونەوەو 11 كەس برینداربوون كە یەكێكیان پۆلیس بوو.

 

ئەو ڕووداوە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو دەسەڵاتدارانی ئەمەریكاو میدیای ئەو وڵاتە ڕەخنەی توندیان لە ئەردۆغان‌و پاسەوانەكانی گرت لە بەرامبەر ڕەفتارەكانیان دژی خۆپیشاندەران.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەفەرمی نیگەرانیی خۆی پیشاندا‌و لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند"توندوتیژی هەرگیز وەڵامێكی گونجاو نیـیە بۆ ئازادی ڕادەربڕین، ئێمە پشـتیوانی لە مافەكانی خەڵك بۆ ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە لە هەموو شوێنێك دەكەین."

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وتیشی"ئێمە نیگەرانیـیەكانی خۆمان بە توندترین شێوە دەگەیەنینە حكومەتی توركیا."

 

پەلاماری پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا بۆ سەر خۆپیشاندەران لە واشنتن. 

 

خۆپـیشاندەران بەشی زۆریان كورد بوون، بەڵام ئەرمەن و تورك و ئەمەریكایشیان لەگەڵدا بوو، لە دروشمەكانیاندا ئەردۆغانیان بە پـێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ تاوانباركردو دەستخۆشیان لە ترەمپ كرد بۆ بڕیاری پـڕچەككردنی یەپەگە.

 

دوای هێرشی پاسەوانەكانی ئەردۆغان، هەریەكە لە سەرۆكی شارەوانی‌و سەرۆكی پۆلیسی واشنتن بەتوندی ئیدانەیان كرد.

 

میوریەڵ باوزەر سەرۆكی شارەوانی واشنتن، ئاماژەی بەوەكرد ئەوەی بینیویانە توندوتیژی بووە بەرامبەر خۆپـیشاندانێـكی ئاشتییانە، وتی"ئەمە سووكایەتیكردنێـكە بە بەهاكانی واشنتن و مافەكانمان وەكو ئەمەریكایـیەك. بە توندی ئەو كردەوانە شەرمەزاردەكەم. بەڕێوەبەر نیوشام(سەرۆكی پـۆلیسی واشنتن) ئاگاداری كردمەوە لەوەی چ ڕێوشوێنێـك لەم بارەیەوە گیراوەتەبەر. پـۆلیسی پایتەخت لە لێكۆڵینەوەكانی سەبارەت بە ڕووداوەكە بەردەوام دەبێت و لەگەڵ هاوبەشە فیدراڵیـیەكانیان كاردەكەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی دادپەروەری."

 

هاوكات پیتەر نیوشام سەرۆكی پـۆلیسی واشنتن، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پەلامارەكەی بە هێرشێـكی دڕندانە ناوبردو ئەوەی خستەڕوو، 11 كەس برینداربوون كە یەكێـكیان پـۆلیس بووەو 9 لە بریندارەكان بەرەو نەخۆشخانە برابوون.

 

سەرۆكی پـۆلیسی واشنتن وتیشی، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەو دەزگای پاسەوانی سەرۆكایەتی كاردەكەن بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ هەركەسێـك دەسـتی لە هێرشەكەدا هەبووبێت.

 

بەپـێی ڤیدیۆكانی دەنگی ئەمەریكا، ئەوە دەردەكەوێت كە سەرەتا پاسەوانەكانی سەرۆكی توركیا كە قاتیان لەبەردایە لەگەڵ هێزی تایبەتی توركی كە جلی ڕەنگ خاكییان لە بەردایە، پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن‌و هێزەكانی پـۆلیس هەوڵدەدەن ڕێگرییان لێبكەن.

 

دوای ڕووداوەكە پـۆلیس 2 كەسی دەسـتگیركردووە كە یەكێكیان كوردەو ئەوی دیكەیان توركە، بەڵام پاسەوانەكانی ئەردۆغان‌و هێزە تایبەتەكەی توركیا بەوپـێـیەی پارێزبەندی دیپـلۆماتییان هەیە كەسیان دەسـتگیرنەكران.

 

میهمەت یۆكسەل، نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لە واشنتن، باسلەوەدەكات هێرشەكە ئەوە پیشاندەدات كە تاچەند پاسەوانەكانی ئەردۆغان‌و خودی ئەردۆغان"دڕندەن"، وتی"ئەوان گروپێكی تایبەتیان هێنابوو كە جلی تایبەت و چەكیان پێی بوو، لەو بڕوایەدام گاردی ئەردۆغان بوون و بە فەرمانێكی ناوەندی كاریان دەكرد."

 

لەبارەی مەبەستی خۆپیشاندانەكەیان، نوێنەرەكەی هەدەپە دەڵێت، ئەردۆغان دەبێت باش بزانێت "پشتیوانیكردنیان بۆ داعش" هەروا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەرو ئەو دیكتاتۆریەتە‌و زوڵم‌و زۆرەی كە لەگەلی كوردی دەكات هەرگیز ئەوان لەبیری ناكەن، وتیشی"لە هەمان كات پەیا‌مێكە بۆ ئەمەریكاییەكان كە تەماشا كەن ئێوە لەگەڵ تیرۆریست و دیكتاتۆرێك وەك ئەردۆغان میوانداری دەكەن و كەسێك كە هاوكاری داعش دەكات و كەسێكی دیموكرات‌و مرۆڤ دۆست نییە."

 

میهمەت یۆكسەل وتیشی"ئێمە لەسەر هەر كام لەو گاردانەی ئەردۆغان‌و ئەو كەسانەی بۆ توركیا لۆبی دەكەن سكاڵا تۆمار دەكەین."