نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد

19-05-2017 09:47
نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

 

سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەی گۆڕان، بە پەرەگرافی وت"بەرەبەیانی ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد."

 

هاوكات شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند"بەداخ‌و پەژارەیەكی زۆرەوە ئەمڕۆ تێكۆشەری گەورەو سەركردەی گەلەكەمان نەوشیروان مستەفا پاش ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا، سەعات 8ی بەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد."

 

وتەبێژەكەی گۆڕان وتیشی"بزوتنەوەی گۆڕان وێڕای سەرەخۆشی لە كەسوكاری‌و خۆمان‌و گەلەكەمان، دوپاتی دەكاتەوە كە لەسەر ڕێبازو بەرنامەی ئەو سەركردە مەزنە بەردەوام دەبێت بۆ خزمەتی كوردستان."

 

نەوشیروان مستەفا دوای 8 مانگ مانەوەی لە شاری لەندەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، 13ی ئەم مانگە گەڕایەوە شاری سلێمانی، بەڵام جیاواز لە گەڕانەوەكانی پێشووتری هیچ دەركەوتنێكی نەبوو، تەنانەت وێنەو ڤیدیۆشی بڵاونەكرایەوە.

 

گەڕانەوەی ئەمجارەی نەوشیروان مستەفا تەواو نهێنی بووە، تەنانەت بەرپرسانی باڵای گۆڕان ئاگاداری گەڕانەوەكەی نەبوون‌و تەنها پاسەوانە تایبەتەكانی ئاگادار بوون.

 

ساڵی 2015ش نەوشیروان مستەفا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی چووە ئەڵمانیاو دواتر چووە شاری لەندەن‌و دوای چەند مانگێك مانەوەی، بە سەردانێكی كورت گەڕایەوە هەرێم‌و دواتر گەڕایەوە بۆ لەندەن.

 

هەرچەندە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەنە بوون لەبارەی گەڕانەوەی دواینجاری نەوشیروان مستەفاو دۆخی تەندروستی ناوبراوەوە قسە بكەن، بەڵام یەكێك لە كەسە نزیكەكانی كە نەوشیروان مستەفای بینیوە پێشتر قسەی بۆ پەرەگراف كرد‌و هەندێك زانیاریی ئاشكراكرد.

 

ئەو سەرچاوەیە كە خۆی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا كاردەكات، بە پەرەگرافی وت"كاك نەوشیروان خۆی هیچی باسنەكرد لەبارەی دۆخی تەندروستی‌و ئێمەش نەمان پرسیوە، بەڵام ئەوەندەی دیاربوو تەندروستی زۆر باشە."

 

ئەو كەسە نزیكەی نەوشیروان مستەفا لەبارەی نەبینینی خەڵك لەلایەن ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، وتی"خەڵك خۆی نایەت، كاك نەوشیروان خۆشی وتی 4 بۆ 5 ڕۆژی دیكە پێمان دەڵێت خەڵك دەبینێت، وتی خۆم ئاگادارتان دەكەم با پشوو بدەم دواتر خۆم پێتان دەڵێم خەڵك دەبینم."

 

لەو ماوەیەی نەوشیروان مستەفا كوردستانی بەجێهێشت‌و تائێستاش دۆخی هەرێم لەقەیرانێكی قوڵی سیاسی‌و داراییدایەو ناوبراو هیچ قسەو لێدوانێكی لەسەر ئەو كێشانە نەبووە كە دیارترینیان ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بوو بۆ چونە شاری هەولێر بەفەرمانی مەكتەبی سیاسی پارتی لەمانگی 10ی ساڵی 2015 لەگەڵ دورخستنەوەی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لە هەمان كاتدا، ئێستاش كە ڕیفراندۆم پرسێكی گەرمی گۆڕەپانی سیاسییە، بەهەمان شێوە نەوشیروان مستەقا هیچ قسەیەكی لەبارەوە نەكردووە.

 

چونە دەرەوەی نەوشیروان مستەفاو بێدەنگیی لەسەر دۆخی هەرێم قسەو باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو بووە باسی ڕۆژانەی خەڵك، هاوكات لەبارەی دۆخی تەندروستی ناوبراوەوە چەندین هەواڵ‌و زانیاریی جۆراوجۆر لەمیدیاكانەوە بڵاوكرانەوە.

 

بێدەنگیی نەوشیروان مستەفا بە جۆرێكە لەو ماوەیەی لەدەرەوە بووە تەنها بەبۆنەی كۆچی دوایی شوعلە عەلی هاوسەری، لە 25-3-2015 سوپاسنامەیەكی ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان كرد بۆ بەشداریكردنیان لەپرسەكەیدا.