كۆمسیۆن ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم

29-05-2017 03:28
پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، ساڵی 2013. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم دەستپێدەكات‌و ڕاو سەرنجی حزبەكان لەبارەی سیستم‌و ڕێكارەكانی تایبەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن وەردەگرێت.

 

هەرچەندە پێشتر مەسعود بارزانی ڕایگەیاند لەمانگی 9ی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت‌و ئەو خۆی كاندید ناكاتەوە، بەڵام لەو مانگەدا پڕۆسەكە بەڕێوەناچێت، بەوپێیەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ماوەی 6 مانگی پێویستە بۆ ئامادەكاریی پڕۆسەكە، تائێستاش بە فەرمی داوا لە كۆمسیۆن نەكراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

 

لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكاندا ئەمڕۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەگەڵ نوێنەری حزبە سیاسیەكان كۆبووەوە، ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە مانگی 11ی ئەمساڵ.

 

شیروان زراری، وتەبێژی كۆمسیۆنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنەكەیان خستەڕوو، باسیلەوەكرد، هەرچەندە تائێستا بە فەرمی داوایان لێنەكراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام ئەوان بەپێی یاسا پابەندن كە ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن بكەن.

 

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن وتی"لە 6-11-2017 وادەی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان تەواو دەبێت، حكومەت نیەتی جدییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەگەرنا بودجەی بۆ تەرخان نەدەكرد، ئامادەكاری دەكەین بۆئەوەی لە ئەگەری دواخستنی بەرپرسیارێتی لەسەرشانی ئێمە نەبێت."

 

حكومەتی هەرێم بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ڕاگەیاندووە كە بڕی نزیكەی 22 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم، شیروان زراری وتیشی، چاوەڕێ دەكەن لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پارەیە بخرێتەسەر حسابی كۆمسیۆن بۆئەوەی بتوانن مامەڵەی پێوەبكەن‌و ئیش‌و كارەكانی پێ ڕایی بكەن.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.

 

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم، نزیكەی 3 ملیۆن‌و 500 هەزار كەس مافی دەنگدانیان دەبێت لە هەڵبژاردندا، وەك وتەبێژی كۆمسیۆنەكە باسیكرد یەكێك لە ئەركەكانی ئەوان پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانەو شێوازی نوێ دەگرنەبەر بۆ پاككردنەوەی، لەپڕۆسەی ئامادەكاریدان بۆئەو مەبەستەو داوایان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە ناو مردوانیان بۆ ڕەوانە بكەن بۆئەوەی لەتۆمارەكاندا بیانسڕنەوە.

 

"بەپێی یاسای كۆمسیۆن بۆ هەر هەڵبژاردن‌و ڕاپرسییەك لە هەرێمی كوردستاندا كە بكرێت ماوەی 6 مانگمان پێویستە، تائێستا هەموو لایەنەكان جدین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن." وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم وای وت.

 

پێشتر مەسعود بارزانی ڕایگەیاندبوو لەمانگی 9ی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت‌و ئەو خۆی كاندید ناكاتەوە.

 

بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لیمۆندی فەڕەنسی، وتی"لە مانگی نۆدا دوو هەڵبژاردن دەبێت؛ سەرۆكایەتی و پەرلەمانی. پاش هەڵبژاردنەكانی 2014 ڕێكەوتنێك هەبوو لەنێوان پارتەكاندا بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەك و پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەش، بەڵام بەشێك لەوان كێشەیان دروست كرد و زیاتر بەرژەوەندیی تاكڕۆییی خۆیان دەخستە پێشەوە. دەنگی هاووڵاتیان، باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بزانرێت، دەبێ كێ دەستەڵات بگریتە دەست."

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005وە لەو پۆستەدایەو لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات(لە 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە) تائێستاش هەر لە پۆستەكەیدایە.

 

ڕۆژنامە فەڕەنسییەكە لە مەسعود بارزانی دەپرسێت، ئایا خۆتان كاندید دەكەنەوە؟ لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت"یاساكەمان ئەوە دیاری دەكات، كە ماوەی سەرۆكایەتی تەنیا چوار ساڵە و یەك جار تازە دەكرێتەوە. من دوو جار سەرۆكایەتیم كرد و دووەم جار بەهۆی جەنگی دژ بە داعش ناچاربووم بەردەوام بم. یاسا گرینگیی خۆی هەیە، كەواتە خۆم كاندید ناكەمەوە. لەنێو پارتەكاندا چەندین كەس هەیە، كە دەتوانن خۆیان كاندید بكەن و كەسانی سەربەخۆش دەتوانن خۆیان كاندید بكەن و داوای دەنگی هاووڵاتییان بكەن. دەخوازم هەموو ئەو كاتەی كە لە بەردەستمدا دەبێت، تەرخانی بكەم بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق."

 

لە ئێستادا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یەكێكە لەپرسە گەرمەكانی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان‌و پارتی‌و یەكێتی پێكەوە بڕیاریانداوە ئەمساڵ ئەو پڕۆسەیە ئەنجامبدەن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنن‌و داوایان لەحزبەكان كردووە نوێنەری خۆیان دیاری بكەن بۆ ئەو لیژنەیە لەپێناو دیاریكردنی كات‌و میكانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەڵام تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی نوێنەریان دیاری نەكردووەو سوورن لەسەر ئەوەی بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان بەشداری ئەو پرسە ناكەن.

 

لەبارەی ئامادەكاریی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی، شیروان زراری ئەوەی خستەڕوو، لەبارەی پڕۆسەی ڕاپرسی تائێستا بەفەرمی ڕانەسپێردراون‌و هەركات ڕاوێژیان پێكرا كە ئایا لە هەمانكاتی هەڵبژاردن بكرێ یان پێش‌و دوابخرێت لەوبارەیەوە ڕای خۆیان دەڵێن.