بە ڤیدیۆ؛ هێزە عێراقییەكان بۆمبی فسفۆڕی سپی-یان بەكارهێناوە بۆ لێدانی داعش لە موسڵ؟

04-06-2017 04:13
وێنەیەكی ئاژانسی ئەعماقی داعش كە بەكارهێنانی بۆمبی فسفۆڕی سپی پیشاندەدات لە گەڕەكی زەنجیلی لە موسڵ.

 

پەرەگراف

 

لە چوارچێوەی شەڕ دژی ڕێكخراوی داعش، هێزە عێراقییەكان لەناو شاری موسڵ بۆمبی فسفۆڕی سپی-یان بەكارهێناوە كە بۆمبێكی سوتێنەری قەدەغەكراوە بەپێی یاسای شەڕ، ئەوەش بەپێی ڤیدیۆیەكی داعش، بەڵام هێزە عێراقییەكان ڕەتیدەكەنەوە.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ(لێبوردنی نێودەوڵەتی) هۆشداریی داوە بە هێزە عێراقییەكان‌و هاوپەیمانان كە بەهیچ جۆرێك ئەو بۆمبە بەكار نەهێنن لەشەڕی موسڵ‌و كاریگەرییە خراپەكانی بۆمبەكەی خستوەتەڕوو.

 

بەپێی ڤیدیۆیەك كە ئاژانسی ئەعماقی سەربە ڕێكخراوی داعش بڵاویكردووەتەوە، هێزە عێراقییەكان دوێنێ لە گەڕەكی زەنجیلی لە ڕۆژئاوای موسڵ بۆمبی فسفۆڕی سپی-یان بەكارهێناوە، لە ڤیدیۆكەدا بەڕوونی ئەوە دەردەكەوێت كە بۆمبەكە لەكاتی بەكارهێنانیدا بەر باڵەخانەكانی ئەو گەڕەكە دەكەوێت‌و دووكەڵێكی سپی لێوە بەرزدەبێتەوە.

 

ڤیدیۆكەی ئاژانسی ئەعماقی داعش كە بەكارهێنانی بۆمبی فسفۆڕی سپی پیشاندەدات لە گەڕەكی زەنجیلی لە موسڵ.

 

لایخۆیەوە، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەكان ڕەتیدەكاتەوە هێزە عێراقییەكان فسفۆریان بەكارهێنابێت‌و دەڵێت، هێزەكانی هاوپەیمانان هێرشیی دوكەڵییان كردووە بۆ ڕێگریكردن لە قەناسەكانی داعش تا ئامانجەكانیان نەپێكن.

 

فەرماندەییەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی خستوەتەڕوو، لەنزیك نەخۆشخانەی كۆماری، خەڵكی مەدەنی بەرەو ڕوی هێزە ئەمنییەكان هاتوون، ‌ئەوانیش داوایان لە هاوپەیمانان كردووە هێرشی دوكەڵی ئەنجامبدەن بۆئەوەی خەڵكەكە پارێزراوبن و پڕۆسەكەش بەسەركەوتویی كراوە.

 

ئەوە لەكاتێكدایە مانگی 10ی 2016 ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز وێنەی بەكارهێنانی بۆمبی فسفۆری لەناوچەی كەرملێش لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ بڵاوكردەوە.

 

 

بەكارهێنانی فسفۆر لە كەرملێش مانگی 10ی 2016، فۆتۆ؛ نیویۆرك تایمز.

 

دوای دەستپێكردنی شەڕی موسڵ لە مانگی 10ی 2016، ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ حكومەتی عێراق‌و هاوپەیمانانی ئاگاداركردەوە كە بەكارهێنانای فسفۆڕی سپی لە دەوروبەری موسڵ دەبێتەهۆی مەترسی كوشندە بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی كە دەیانەوێت خۆیان دەربازبكەن لەشەڕەكە.

 

"فسفۆڕی سپی دەتوانێت ببێتەهۆی برینی سەخت، دەبێتەهۆی سوتاندنی قوڵی ماسولكەكان‌و ئێسقان‌و ئەگەری هەیە كە بەشێك لەم مادەیە بسوتێت‌و بەشێكی دیكەی بمێنێتەوەو چەند هەفتەیەك دواتر چالاك ببێتەوەو بسوتێتەوە"ئەمە وتەی دۆناتێلا ڕۆڤێرە كە ڕاوێژكاری سەرەكی وەڵامدانەوەی قەیرانە لە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ.

 

ئەو ڕاوێژكارەی ئەمنستی دەشڵێت"ئێمە داوادەكەین لە عێراقییەكان‌و هێزەكانی هاوپەیمانان كە بەهیچ شێوازێك فسفۆڕی سپی لە نزیكی خەڵكی مەدەنیدا بەكارنەهێنن، تەنانەت ئەگەر خەڵكی مەدەنیش لەو شوێنەدا نەبێت لەكاتی بەكارهێنانی، لەبەر مەترسی پاشماوەكەی نابێت بۆمبەكە زۆر بەیەكەوە بەكاربێت مەگەر ئەوكاتانەی زۆر پێویست بن لەڕووی ئامانجی سەربازییەوە."

 

ڕوون نییە كە بەكارهێنانی بۆمبەكە دوێنێ لەلایەن سوپای عێراقەوە لە گەڕەكی زەنجیلی، بەر خەڵك كەوتووە یاخود نا، زەنجیلی یەكێكە لەو گەڕەكانەی ڕۆژئاوای موسڵ كە شەڕی سەختی تێدایە لەنێوان هێزە عێراقییەكان‌و چەكدارانی داعش، زیاتر لەنیوەی گەڕەكەكە لەلایەن عێراقەوە كۆنتڕۆڵ كراوەتەوە.

  

لە مانگی 6ی 2014وە چەكدارانی داعش دەستیانگرت بەسەر شاری موسڵدا كە دووەم گەورەترین شاری عێراقە، ڕۆژی 17-10-2016 عێراق بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنەوەی شارەكەی دەستپێكردو دوای 100 ڕۆژ بە كۆنتڕۆڵ كردنەوەی بەشی ڕۆژهەڵاتی موسڵ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە كۆتایی هات.

 

19ی شوباتی ئەمساڵ قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەستی پێكرد كە بەشی ڕۆژئاوای شارەكەی گرتەوەو تائێستاش چەند گەڕەكێك ڕزگاركراون‌و چەكدارانی داعش بەتەواوی گەمارۆ دراون، هاوكات زیاتر لە نیو ملیۆن كەس ئاوارەبوون، ڕێكخراوە مرۆییەكانیش چەندینجار هۆشدارییانداوە لە خراپی ڕەوشی مرۆیی لەو ناوچانە، بە تایبەت برسێتی‌و مەترسی بۆردومانەكان.

 

بەپێی ئاماری ڕێكخراوە مرۆییەكان، پێشبینی دەكرێت هێشتا 200 هەزار كەس لە ناوچە گەرمەكانی شەڕبن لەبەری ڕۆژئاوای موسڵ‌و ڕۆژانەش، نزیكەی 10 هەزار كەس ئاوارەدەبن.