9-25 وەك ڕۆژی ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاریكرا

07-06-2017 06:28
كۆبوونەوەكەی بارزانی لەگەڵ نوێنەری حزبەكان.

 

پەرەگراف

 

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵا پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

هەرلە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان، لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێن، بەپێی سایتی سەرۆكایەتی هەرێم"بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومێكی هەرێمی، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە كوردستانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان بكەن." 

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە تاكاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لایەنەكان كار بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان دەكەن ئەوەیش لەپێناو بەدەستهێنانی كۆدەنگیی نیشتیمانی، جەختیش لەسەر چاككردنی بژێوی خەڵك كراوەتەوە.

 

"بڕیار درا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی. هەروەها بڕیار درا هەتا ڕێككەوتی 12ـی 6ـی 2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن." ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە وادەڵێت.

 

كۆبوونەوەكە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری پیرمام لە نێوان مەسعود بارزانی‌و زۆربەی حزبەسیاسیەكانی هەرێمدا ئەنجامدرا، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشدار نەبوون لە كۆبوونەوەكەو بایكۆتیان كرد، هۆكاری سەرەكیشیان بۆ كارانەكردنەوەی پەرلەمان گەڕاندەوەو ئەو پرسە بەكاری پەرلەمان دەزانن نەك حزب.

 

بۆچوونەكان لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن‌و ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.

 


هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم كە بڕیارە لەوادەی خۆیداو لە 6-11-2017 ئەنجامبدرێن، حكومەتی هەرێم 22 ملیار دیناری بۆئەو پڕۆسەیە تەرخان كردووە.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.

 

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم، نزیكەی 3 ملیۆن‌و 500 هەزار كەس مافی دەنگدانیان دەبێت لە هەڵبژاردندا، وەك وتەبێژی كۆمسیۆنەكە پێشتر ڕایگەیاند یەكێك لە ئەركەكانی ئەوان پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانەو شێوازی نوێ دەگرنەبەر بۆ پاككردنەوەی، لەپڕۆسەی ئامادەكاریدان بۆئەو مەبەستەو داوایان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە ناو مردوانیان بۆ ڕەوانە بكەن بۆئەوەی لەتۆمارەكاندا بیانسڕنەوە.

 

پێشتر مەسعود بارزانی ڕایگەیاندبوو لەمانگی 9ی ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت‌و ئەو خۆی كاندید ناكاتەوە.

 

بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لیمۆندی فەڕەنسی، وتی"لە مانگی نۆدا دوو هەڵبژاردن دەبێت؛ سەرۆكایەتی و پەرلەمانی. پاش هەڵبژاردنەكانی 2014 ڕێكەوتنێك هەبوو لەنێوان پارتەكاندا بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەك و پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەش، بەڵام بەشێك لەوان كێشەیان دروست كرد و زیاتر بەرژەوەندیی تاكڕۆییی خۆیان دەخستە پێشەوە. دەنگی هاووڵاتیان، باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بزانرێت، دەبێ كێ دەستەڵات بگریتە دەست."

 

 مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005وە لەو پۆستەدایەو لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات(لە 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە) تائێستاش هەر لە پۆستەكەیدایە.

 

ڕۆژنامە فەڕەنسییەكە لە مەسعود بارزانی دەپرسێت، ئایا خۆتان كاندید دەكەنەوە؟ لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت"یاساكەمان ئەوە دیاری دەكات، كە ماوەی سەرۆكایەتی تەنیا چوار ساڵە و یەك جار تازە دەكرێتەوە. من دوو جار سەرۆكایەتیم كرد و دووەم جار بەهۆی جەنگی دژ بە داعش ناچاربووم بەردەوام بم. یاسا گرینگیی خۆی هەیە، كەواتە خۆم كاندید ناكەمەوە. لەنێو پارتەكاندا چەندین كەس هەیە، كە دەتوانن خۆیان كاندید بكەن و كەسانی سەربەخۆش دەتوانن خۆیان كاندید بكەن و داوای دەنگی هاووڵاتییان بكەن. دەخوازم هەموو ئەو كاتەی كە لە بەردەستمدا دەبێت، تەرخانی بكەم بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق."

 


دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حزبەكان‌و بارزانی

 

رۆژی چوارشەممە 7ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

 

لە كۆبوونەكەدا بە تێروتەسەلی بابەتی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و كێشە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ كرا و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر پێویستیی ڕیفراندۆم و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و بارودۆخی زاتی و مەوزوعیی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

 

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بە تێكڕای دەنگ لەسەر ئەم خاڵانەی ڕێككەوتن:

 

یەكەم: ڕۆژی بیست و پێنجی ئەیلوولی 2017 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا.

 

دووەم: هەر لە ڕۆژی كۆتایی كۆبوونەوەكە هەتا كاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لایەنەكان كار بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بكەن ئەوەیش لەپێناو بەدەستهێنانی كۆدەنگیی نیشتیمانی.

 

سێیەم: جەخت لەسەر چاككردنەوەی بژێویی ژیانی خەڵك و ئاوڕدانەوە لە كێشە ئابوورییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان و مووچەخۆر و چینوتوێژەكان و خەڵكی كەمدەرامەت كرایەوە.

 

چوارەم: بڕیار درا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی. هەروەها بڕیار درا هەتا ڕێككەوتی 12ـی 6ـی 2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان

یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان

حزبی شیوعیی كوردستان

حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان

پاتی چاكسازیی پێشكەوتووی كوردستان

لیستی هەولێری توركمانی

بەرەی توركمانیی عێراق

پارتی گەشەپێدانی توركمان

لیستی ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان

بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری

مجلس الشعبی الكلدانی الاشووری