گۆڕان ڕێككەوتنەكەی یەكێتی‌و پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕەتدەكاتەوە

13-06-2017 10:27

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بزوتنەوەی گۆڕان ڕێككەوتنەكەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕەتدەكاتەوەو دەڵێت، پێشتریش ئەو بیرۆكەیەیان پێوتراوە كە بۆ یەك كۆبوونەوە بە سەرۆكایەتی یوسف محەمەد پەرلەمان كارا بكرێتەوە، بەڵام ڕەتیان كردووەتەوەو ئێستاش ڕەتیدەكەنەوە.

 

ئەو هەڵوێستەی بزوتنەوەی گۆڕان دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ یەكێتی‌و پارتی ڕێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان‌ بە دەستەی سەرۆكایەتی ئێستایەوەو گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان بۆ حكومەت.

 

هەرچەندە لە ڕاگەیەندراوی یەكێتی لەبارەی كۆبوونەوەكەوە باسلە ناوەڕۆك‌و چۆنیەتی گەیشتن بە ڕێككەوتنەكە نەكراوە، بەڵام پەرەگراف لە دوو سەرچاوەی یەكێتییەوە ئەوەی زانیوە پارتی بەمەرجی ئەوە ڕازیبووە بە دەستەی ئێستایەوە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، دوای یەكەم دانیشتن یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان دەستلەكار بكێشێتەوە.

 

د.محەمەد عەلی، ڕێكخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بە پەرەگرافی وت، ئەو بیرۆكەیەی باسدەكرێت پەرلەمان كارا بكرێتەوەو دوای یەكەم یان دووەم كۆبوونەوە یوسف محەمەد دەستلەكار بكێشێتەوە نوێ نییەو پێشتریش بە گۆڕان وتراوەو ڕەتكراوەتەوەو "ئێستاش ڕەتیدەكەینەوە."

 

ڕێكخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی گۆڕان، تەئكیدی كردەوە"هەر گۆڕانكارییەك لە سەرۆكایەتی پەرلەمان پەیوەندی بە گۆڕانكاریی لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمەوە هەیە‌و یەك پاكێجن." وتیشی"پەرلەمان دووكان نییە هەركات بیانەوێت دایخەن‌و هەركات بیانەوێت بیكەنەوە."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان پرسیاری لەبارەی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم هەبوو، وتی"ئەی پۆستەكەی مەسعود بارزانی چی لێدەكەن كە ماوەی یاسایی تەواوبووەو شەرعییەتی نەماوە."

 

بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە، لەكۆبوونەوەیەكی نێوان مەسعود بارزانی‌و حزبە سیاسییەكان، 7ی ئەم مانگە بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی درەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەیان كردو ڕەخنەیان لەو بڕیارەگرت‌و ئەو پرسەیان بەكاری پەرلەمان دانا، ئامادەش نەبوون نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری بكەن.

 

هاوكات یەكێتی نیشتمانی لە بارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتی‌و پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، زانیاری زیاتر ئاشكراكردو ڕایگەیاند"سەرەنجام دوای گفتوگۆیەكی بەرپرسانە لەسەر پرسە سەرەكییەكانی نیشتمانی و كوردایەتی كۆمەڵێك بۆچوونی هاوبەشی مێژوویی ساغكرانەوە، هەرە گرنگیان كاراكردنەوەی پەرلەمان و كردنەوەی پەرلەمانیشە بە دەستەی سەرۆكایەتی فەرمی پەرلەمانەوە."

 

یەكێتی دەشڵێت"ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە باشە هەنگاوی باشتری بەدواوەبێ و هەموو پێكەوە لەناو هۆڵی شەرعی پەرلەمان وەك باڵاترین مەرجەعی یاسادانان دوور لە گۆشەگیری حزبایەتی ئەركە سیاسی و یاسایی و دیموكراتییەكانمان راپەڕێنین، هاوكات حكومەتیش یەكبگرێتەوە بە ئومێدی ئەوەی هەموومان پێكەوە كێشەی تەنگ پێهەڵچنراوی گوزەرانی خەڵك چارەسەر بكەین و زەمینەیەكی رەخساو بۆ ریفراندۆمێكی كۆدەنگی نیشتمانی كە پەرلەمان پەسەندی بكات و بەهەموو لایەك جێبەجێی بكەین."

 

دوای دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی ڕایگەیاند، نابێت ڕاپرسی‌و ڕاگەیاندنی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی حزبی‌و خۆدزینەوە لە چاكسازی بەكاربهێنرێت، وتیشی"ئەو پڕۆسەیەی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان‌و هاوئاوازەكانی دەستیان پێكردووە پڕۆسەیەكی حیزبی‌و نایاساییە."

 

بۆچوونەكان لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن‌و ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.

 

قوڵبوونەوەی كێشەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتی پەكخستنی پەرلەمانی كوردستانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015 بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی‌و تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر، لەو كاتەشەوە بەردەوام پارتی تەئكیدی لەوە كردوەتەوە ڕازی نابێت بە دەستەی سەرۆكایەتی ئێستایەوە پەرلەمان كارا بكرێتەوەو گەڕانەوەی یوسف محەمەدی بە هێڵی سوور داناوە.