سەركردایەتییەكی یەكێتی بۆ پەرەگراف: ڕای هەموو یەكێتی ئەوەیە بەبێ مەرج پەرلەمان كارابكرێتەوە

15-06-2017 04:05
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتی. فۆتۆ؛ پیوكەی میدیا.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان بۆ پەرەگراف ئاشكرادەكات‌و دەڵێت، ڕای هەموو یەكێتی ئەوەیە بەبێ مەرج پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە.

 

ئەوەش دوای ئەوەدێت 13ی ئەم مانگە یەكێتی‌و پارتی ڕێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان‌ بە دەستەی سەرۆكایەتی ئێستایەوەو گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان بۆ حكومەت، بەڵام بەو مەرجەی دوای یەكەم كۆبوونەوە سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕدرێت كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەوەش ناڕەزایی لەناو بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتیدا دروستكرد، هەروەها هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی ئەو ڕێككەوتنەی پارتی‌و یەكێتییان ڕەتكردەوە.

 

بەشێكی زۆری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی تایبەت بووە بەو پرسەو پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، كۆبوونەوەكە بەبێ هیچ بڕیارێك كۆتایی هات‌و ڕۆژی شەممەی داهاتوو جارێكی دیكە ئەنجومەنەكە كۆدەبێتەوەو بڕیار دەدات.

 

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی‌و بەشداربوونی كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد وەكو یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن، وتی"بەڵام دەبێت تەواوی زەمینەسازی بۆ ڕیفراندۆم بكرێت هەرلە یەكڕیزی نیشتمانی هەتا دەگاتە هەموو بوارەكانی دیكە. تەئكیدیش دەكەینەوە دەبێت پەرلەمان كارابكرێتەوە چونكە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكڕیزی نیشتمانی دروست نابێت."

 

لەبارەی شێوازی كاراكردنەوەی پەرلەمان، وتی"دەبێت بەبێ مەرج پەرلەمان كارابكرێتەوە" لەوەڵامی ئەوەی ئایا ئەوە ڕای زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی بووە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا؟ ئارێز عەبدوڵا وتی"هەموو یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە، بەڵام لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی‌و لەگەڵ گۆڕان ئەوە شتی دیكە دێتەپێشەوە، بەڵام ڕای یەكێتی ئەوەیە بەبێ مەرج پەرلەمان كارابكرێتەوە، ئەمە ڕای تەواوی یەكێتییە."

 

هاوكات دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاند لەكۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی داهاتوویاندا بڕیار دەدەن، وتی"بڕیار لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان، ریفراندۆم، هەڵبژاردنەكانی هەرێم، پەیوەندیی یەكێتی و گۆڕان، هەروەها یەكێتی و پارتی، هەروەها یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان دیكەوە دەدات."

 

ئەوەش دوای ئەوەدێت بەشداریی وەفدی یەكێتی لەو كۆبوونەوەیەی 7ی ئەم مانگەی نێوان مەسعود بارزانی‌و حزبەكان كە بڕیاری ڕیفراندۆمی تێدا درا، ناڕەزایی لەناو بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتیدا دروستكرد بەو پێیەی كاراكردنەوەی پەرلەمان نەكرابوو بە مەرج بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تا لەڕێی پەرلەمانەوە بكرێت.

 

هەرچەندە بڕیاردراوە 25-9ی ئەمساڵ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، بەڵام هێشتا ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتی ئەو پڕۆسەیەیان كردووەو هۆكاری سەرەكیش كارانەكردنەوەی پەرلەمانە كە لە 12-10-2015وە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی پەكخراوەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لەشاری هەولێر.