پەرەگراف- كەركوك ناو
هێزەكانی پێشمەرگە، لە سنوری ناحیەی قەرەتەپە دەكەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بەهۆی گومانی جموجۆڵی چەكدارانی داعشەوە، بەوپێیەی لە هەفتەكانی ڕابردوو چەندین كردەوەی توندوتیژی لە ناوچەكە ڕوویداوە.
ئامادەباشی هێزە سەربازییەكان، هاوكاتە لەگەڵ جموجۆڵەكانی داعش لە سنوری دیالە بە گشتیو ئەو زانیارییانەی پێشمەرگە لە بارەی هەنگاوی داهاتووی چەكدارەكانەوە بەدەستیان گەیشتووە، بەهۆی ئەوەی حوكمی ڕێكخراوەكە لە موسڵ بەرەو كۆتایی دەڕواتو بەرەو ناوچەكانی تر هەڵدێن.
عەمید نەجمەدین عومەر، فەرماندەی لیوای هێزەكانی پێشمەرگە لەدیالە بە(كەركوك ناو)ی وت"داعش جموجۆڵی زۆر زیادیكردووە، ژمارەیەك چەكداریان لەموسڵو حەویجەوە بۆ دیالە گەڕاونەتەوە."
لە شاری موسڵ، هێزە عێراقییەكان شەڕی دواین گەڕەكەكانی ژێر دەستی داعش دەكەنو ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجەش لە پارێزگای كەركوك، ئەگەری هەیە دوای جەژنی ڕەمەزان دەستپێبكات.
فەرماندەكەی پێشمەرگە دەڵێت، جموجۆڵو پلانی داعش بۆ هێرشكردن زیاتر لەشەواندایە، بۆیە پێشمەرگە لەناوچەكەدا سەنگەرەكانی تۆكمە كردووەو هەمیشە لەحاڵەتی ئامادەباشیدایە.
چەند شەوێك لەمەوبەر، ژمارەیەك چەكدار هەوڵیانداوە موختاری گوندێكی نزیك ناحیەی جەلەولا لە سنوری پارێزگای دیالە بڕفێننو بەوهۆیەوە ڕوبەڕوبوونەوە ڕوویداوە، دواتر پلانی چەكدارەكانی شكستی هێناوە، بەوتەی سەرچاوە ئەمنییەكان.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە دیالە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە(كەركوك ناو)ی وت"زانیاری گەیشتوەتە فەرماندەكانی پێشمەرگە كە 50 چەكداری داعش دەیانەوێت دزەبكەنە گوندەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەوە."
"فەرماندەكانی پێشمەرگە، هێزەكانیان ئاگاداركردووەتەوە لەحاڵەتی ئامادەباشیدا بن و ڕێگری بكەن لەپیلانەكانی داعش"، بەوتەی ئەو سەرچاوەیە.
لە گوندەكانی سنوری قەرەتەپە، هێزەكانی پێشمەرگە سەنگەرەكانیان تۆكمە كردووەو لە ئامادەباشیدان، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی داعش.
پێشتریش زیاد لە جارێك ژمارەیەك مەفرەزەی چەكدار كە دەزگا ئەمنییەكان بە داعش ناویان دەبەن، موختارو كەسایەتییەكانی گوندنشینانی سنووری ناحیەی قەرەتەپەیان لە پارێزگای دیالە كردۆتە ئامانج.
قەرەتەپە دەكەوێتە باكووری مەڵبەندی پارێزگای دیالەو دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كوردو توركمان پێكهاتوون،"ناوچەی جێناكۆكە" لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان.
ماوەی مانگێكە داعش لەسنوری ناحیەكانی جەلەولاو سەعدیەو قەرەتەپە، هێرشدەكەنەسەر سەنگەرەكانی حەشدی شەعبیو سوپای عێراق، بۆمبی چێنراویش بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دادەنێن.
پێشتر فەرماندە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی، لەبارەی جموجۆڵی چەكدارانی داعشەوە لە سنورەكە هۆشدارییان داوە.
22ی مانگی ڕابردوو، داعش لەڕێی ژمارەیەك خۆكوژو قەناس بەدەستەوە پەلاماری سەربازگەی كەركوش-ی دا لە سنوری پارێزگای دیالە، دوای چەند كاتژمێرێك ڕوبەڕوبوونەوەش ناوچەكە كەوتەوە ژێر كۆنتڕۆڵی سوپای عێراقی.
دەستپێكردنەوەی جموجۆڵەكانی داعش لەو سنورە، دوای ماوەیەك دێت لەجۆرێك ئارامی، بەتایبەت كە ئەو ڕێكخراوە لەژێر فشاری زۆری هێرشی هێزە عێراقییەكاندایە لە پارێزگای نەینەواو لە حەوت مانگی ڕابردوودا، زۆرینەی ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.
پارێزگای دیالە، دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی عێراقو بەشێكی زۆر لەناوچەكانی "جێناكۆك"ن بەپێی ماددەی 140ی دەستوور، ژمارەی دانیشتوانەكەی بەپێی دواین سەرژمێری زیاتر لەیەك ملیۆن كەس دەبێت، كە لەعەرەب، كوردو توركمان پێكدێنو دابەشبوون بەسەر هەردوو مەزهەبی شیعەو سونەدا.