وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا داوادەكەن كورد خۆی بەدوور بگرێت لە هەنگاوی تاك لایەنە

پەرەگراف
یەكێتی ئەوروپا كورد هاننادات بۆ سەربەخۆییو داوادەكات خۆی بەدوور بگرێت لە هەنگاوی تاك لایەنە، مەسعود بارزانیش دەڵێت، ڕیفراندۆم بڕیارێكە گەڕانەوەی بۆ نییە.
وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا داوایانكرد، هەرێمی كوردستان خۆی بەدوور بگرێت لە هەنگاوی تاك لایەنەو هەموو پرسیارە كراوەكان بە پشتبەستن بە دەستووری عێراقی چارەسەر بكرێن.
وەزیرانی دەرەوەی یەكێتییەكە هەرچەندە بەدیاریكراوی باسی ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە، بەڵام داوایان لە هەموو پارتە كوردییەكان كردووە بەرژەوەندی هاوبەش بدۆزنەوە لە نێوان خۆیانداو تاوتوێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بكەن.
هەرچەندە بڕیاردراوە 25-9ی ئەمساڵ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، بەڵام هێشتا ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو گۆڕانو كۆمەڵ بایكۆتی ئەو پڕۆسەیەیان كردووەو هۆكاری سەرەكیش كارانەكردنەوەی پەرلەمانە.
هاوكات ئەمڕۆ مەسعود بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراقو وەفدێكی یاوەری تاوتوێی پرسی ڕیفراندۆمو ئایندەی كوردستانو عێراقی كردووە.
بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی پێشێلكردنی دەستوورو شەراكەتو تەوافوق لە عێراق، وتویەتی"بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیەو جەختیشی لەوە كردەوە كە كوردستان دوور لە توندوتیژی و بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی ئاشتیانەو حیوار و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كار بۆ پیادەكردنی مافەكانی دەكات."
دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، پێشتریش كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیاو ئێران ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدانو هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.
هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.