یەكێك لە ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسییەكان كە لە موسڵ برینداربوو گیانیلەدەستدا

20-06-2017 11:34
ڕۆژنامەنووس ستیڤان فیلنۆف. فۆتۆ: هەژماری تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، كەناڵی فەڕەنسی حكومی، گیانلەدەستدانی ڕۆژنامەنووس ستیڤان فیلنۆف-ی ڕاگەیاند، كە بەهۆی بۆمبێكەوە لەكاتی ڕوماڵكردنی شەڕی نێوان هێزە عێراقییەكان‌و داعش لە موسڵ برینداربوو، لەو ڕووداوەدا ڕۆژنامەنووسێكی كوردی عێراق گیانیلەدەستداو دوو ڕۆژنامەنووسی تری فەڕەنسیش برینداربوون.

 

ئیدارەی تەلەفیزیۆنی فەڕەنسا ڕایگەیاندووە، كە فیلینۆف بە مەبەستی ئامادەكردنی زنجیرە بەرنامەیەك بۆ كەناڵی فرانس2ی گشتی، لەگەڵ هاوڕێ ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسییەكانی بەهۆی تەقینەوەیەكەوە برینداربوون، ڕۆژنامەنووسە كوردەكەش بەناوی بەختیار حەداد كە وەك ڕێكخەرو وەرگێڕ لەگەڵ ئەو تیمە كاری دەكرد هەر كاتی ڕووداوەكە گیانیلەدەستدا.

 

كەناڵی فەرەنسی حكومی لە بەیاننامەكەدا دەڵێت"هاوبەشی خەمی هاوسەری ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسییەكەین بە ناوی سۆفیی‌و چوار منداڵەكەی‌و خێزانەكەی."

 

كۆمەڵەی داكۆكی لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراق، دووشەممە 19-6 لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، كە بەختیار حەیدەر، ڕۆژنامەنوسی بەڕەگەز كورد‌و پەیامنێری ڕۆژنامەی لۆفیگارۆ-ی فەڕەنسی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێنراوەوە لە بەری ڕاستی موسڵ، گیانی لە دەستداوە.

 

هاوڕێیانی رۆژنامەنوسەكە بەو كۆمەڵەیان ڕاگەیاندووە، بەختیار حەداد لە نێوان ناوچەكانی باب سنجار‌و رەئس جادە، كاتێك سەرقاڵی ڕوماڵی پێشڕەوی هێزەكانی دژەتیرۆر بووە، دوو بۆمبی چێنراو بە تیمەكەیاندا تەقیوەتەوە.

 

 

بەختیار حەداد

 

لایخۆیەوە سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامی سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی ڕۆژنامەنوس بەختیار حەدادو ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسییەكە كردو هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

 

یەكێك لە ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسییەكان تائێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام یەكێكی تریان لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەبەوەدەكات كە باری تەندروستی جێگیرە.

 

تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، حەوت ڕۆژنامەنووس كوژراون، زۆرینەی قوربانییەكان بەهۆی شەڕی دژ بە داعش‌و كردەوە توندوتیژییەكانەوە بووە، بەوەش كۆی ڕۆژنامەنوسانی كوژراو لە ساڵی 2003وە تائێستا گەیشتۆتە 462 كەس بەپێی ئامارەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی عێراق.

 

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی جیهانی پەیامنێرانی بێسنوور لە نیسانی ئەمساڵدا، عێراق لە پلەی 158دایە لەسەر ئاستی جیهان لە كۆی 180 وڵات بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری، بەوهۆیەشەوە خراوەتە ناوچەی سوورەوە بەو مانایەی ڕەوشی كاری ڕۆژنامەگەری تیایدا زەحمەتە.