گرژییەكانی گەیارە هەڕەشە لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەكەن

22-06-2017 02:13
موسڵ/گەیارە، تشرینی یەكەمی 2016، هاوڵاتییەكی خەڵكی گەیارە سەرنجی بیرە نەوتییەكانی ناحییەكە دەدات كە داعش لەگەڵ جێهێشتنی قەزاكە ئاگری تێبەردان. فۆتۆ: فازڵ هۆرامی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

قوربانیانی دەستی داعش لە گەیارە، بۆ جاری سێیەم ڕژانەوە سەر شەقامەكان‌و داوای دەركردنی"كەسوكاری" چەكدارانی داعش-یان كرد لەناو شارەكە، هەرچەندە پۆلیس بڵاوی پێكردون، بەڵام دۆخەكە مەترسی بۆ سەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی‌و پێكەوەژیان هەیە لە شارۆچكەكە.

 

خۆپیشاندانەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-6 بە بەشداریی 500 كەس كە زۆربەیان گەنج بوون لە گەیارە بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای ڕۆژێك دێت لە بڕیارێكی ئەنجومەنی قەزای موسڵ، كە داوای لە حكومەتی خۆجێی نەینەوا كردووە، كەسوكاری چەكدارانی داعش ڕەوانەی كەمپێك بكەن‌و لەگەیارە دوریان بخەنەوە، كە هەمان داوای خۆپیشاندەرانە.

 

عەلی حەمودی، دانیشتووی گەیارە، كە لە خۆپیشاندانەكان بەشداریی دەكات، دەڵێت نایەوێت"كەسوكاری چەكدارانی داعش" لە ناحیەكە ببینێت، وتی "داعش كاتێك لێرە حوكمیان دەكرد، باوكمیان بردو بە بیانووی هاوكاریكردنی دەزگا ئەمنییەكان لەگەڵ ژمارەیەكی دیكە لە سێدارەیاندا"، زیاتر وتی"دەمانەوێت ئەوانەی لەگەڵ داعشدا بوون و پشتیوانیان لێكردن لێرە بڕۆن، ئەگەر نەڕۆن خانووەكانیان دەڕوخێنین."

 

پۆلیسی گەیارە، نەیهێشت خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ درێژە بكێشێت، دوای پێنج خولەك بەهێز بڵاوەی پێكردن، بەڵام واپێدەچێت چارەسەری دۆخەكە پێویستی بە دەستوەردانی بە پەلەی حكومەتی عێراق هەبێت.

 

یوسف ئیدریس، چالاكوانێكی مەدەنییە لە گەیارەو چاودێری دۆخەكە دەكات، بە (كەركوك ناو)ی وت"هێشتا خەڵكە ناڕازییەكە جموجۆڵیان هەیە، دۆخەكە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە و چەندین كۆبوونەوەو گفتوگۆ تائێستا سوودی نەبووە."

 

یەكشەممەی ڕابردوو 18-6 ئاسایشی نیشتیمانی بەغداو دەزگای هەواڵگری گشتی بڕیاریاندا كە "نابێت بە هیچ شێوەیەك كەسوكارانی چەكدارانی داعش دەربەدەربكرێن…"، هەروەها داوایانكرد هەركەسێك گومانی لەسەر ئەو خێزانانە هەیە ڕێگای دادگا هەڵبژێرێت و سكاڵا تۆماربكات.

 

گەیارە، گەورەترین ناحیەی پارێزگای نەینەوایە بە دوری 60 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری موسڵ، زۆرینەی دانیشتووانەكەی عەرەبی سوننە مەزهەبن‌و ژمارەیان 112 هەزار كەسە، كە بەسەر چەندین هۆزو عەشیرەت دابەشبوون.

 

حكومەتی عێراق، لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو، یەكەی نەهێشتنی تاوانی ئاسایشی نیشتیمانی نەینەوای ڕاسپارد، ئەو كەسانە دەستنیشان بكەن كە پەیوەندییان بە ڕێكخراوی داعشەوە هەبووە، تائێستا هەزاران هاوڵاتی دەستگیركراون‌و دانیان بەوەداناوە كە بەیعەتیان بەداعش داوە.

 

بەڵام كێشەكەی گەیارە جیاوازە، زۆرێك لە خێزانەكان تەنیا ژن‌و منداڵن كە هەڕەشەی دەركردنیان لەسەرە.

 

 

گەیارە، 21-6-2017، لافیتەیەكی خۆپیشاندەران كە داوای دەركردنی كەسوكاری چەكدارانی داعش دەكات لەناو گەیارە. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو.

 

سێشەممەی ڕابردوو 20-6 ئەنجومەنی قەزای موسڵ، لە كۆبوونەوەیەكدا داوای لە پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كرد كە داواكاریی خۆپیشاندەران بە ڕەوانەكردنی"كەسوكاری چەكدارانی داعش"، بۆ كەمپەكان جێبەجێبكات.

 

ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگاری موسڵ بەرزترین دەسەڵاتیان هەیە لە پارێزگاكەداو بڕیارە لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیار لەسەر ئەو دۆسیەیە بدەن.

 

باسیمە باسیم، سەرۆكی ئەنجومەنەكە بە (كەركوك ناو)ی وت"كەمپ ئامادەكراوە بۆ خێزان و كەسوكاری داعش و دەبێت بڕۆن بۆ كەمپەكان، ئەوەمان بە نوسراو بەرزكردۆتەوە."

 

لە بارەی ئەو بڕیارەیانەوە وتی "بۆ ئەوەی بیروباوەڕەكانی داعش لەڕێگای وانەی تایبەتەوە لەبیر بكەن و پاشان بۆیان هەیە جارێكی دیكە بگەڕێنەوەو تێكەڵی كۆمەڵگا ببنەوە."

 

بەڵام یوسف ئیدریس، كە لە ڕێكخراوەكانی بواری هاوكاریكردنی ئاوارەكان كاردەكات، وتی "لەلایەنی مرۆڤایەتییەوە ئێمەی چالاكوانانی مەدەنی لە شارۆچكەكە پێمانباشە ئەو خێزانانە دەرنەكرێن، دەبێت منداڵەكانیان تێكەڵ بە ژیانی نوێ ببنەوە، لەلایەكی تریشەوە دەبێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە چاودێری بكرێن."