لە یادی نەوشیروان مستەفادا گۆڕان دەڵێت لە ڕێبازەكەی لانادەن

30-06-2017 12:44
وێنەیەكی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە، 29-6-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 وێنەكان؛ محەمەد ئەحمەد

 

یادی نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە چەندین چالاكی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، گۆڕان ڕایگەیاند، لەسەر ڕێبازەكەی بەردەوام دەبن.

 

نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی 19-5-2017 لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد‌و لە سەر وەسێتی خۆی، لە گردی زەرگەتە كە مەكۆی سەرەكی گۆڕانە بەخاكسپێردرا.

 

 

 

دوای تێپەڕینی 42 ڕۆژ بەسەر كۆچی دواییدا، ئەمڕۆ بەچەندین چالاكیی یادی نەوشیروان مستەفا كرایەوە، سەرلەبەیانی تا نیوەڕۆ، هەڵمەتی‌ هاندانی‌ خەڵك بۆ خۆتۆماركردن لە سیستمی‌ بایۆمەتری‌ كارتی‌ دەنگدان، هەڵمەتی‌ پاككردنەوەی‌ پاركی هەواری‌ شار، پڕۆژەی‌ چاندنی‌ ساڵانەی‌ 73 نەمام‌و ئازادكردنی سەدان باڵندە لەسەر گۆڕەكەی ئەنجامدران.

 

ئازادکردنی سەدان باڵندە لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی سلێمانی. 

 

لە چالاكییەكانی‌ سەرلەئێوارەشدا كاتژمێر 6 لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە گردی‌ زەرگەتە بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر مەڕاسیمی سەرەكی بەڕێوەچوو، خەڵك بە دانانی گوڵ‌و داگیرساندنی مۆم‌و خوێندنی فاتیحەو وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر هەستی خۆیان دەربڕی.

 

 

 

دوای كۆتایی هاتنی یادەكە، شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"تۆزقاڵێك لە ڕێبازەكەی نەوشیروان مستەفا لانادەین‌و بەردەوام دەبین، پەیمان بەخەڵكی كوردستان دەدەین وەفادار دەبین بۆ متمانەو ئومێدی خەڵك بەكەسایەتی كاك نەوشیروان‌و پەیام‌و بەرنامە سیاسیەكەی و بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری ڕێبازەكەی بین، تا گەیشتن بەئاواتەكانی كاك نەوشیروان بۆ هێنانەكایەی كۆمەڵگەیەكی تەندروست بۆ ئێستاو نەوەكانی داهاتوو."

 

 

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەی كۆتایی هاتنی پرسەی نەوشیروان مستەفای ڕاگەیاند، هاوكات سوپاسی خەڵكی كوردستان‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كرد كە سەركەوتووانە توانیویانە یادەكە بەڕێوەببەن.

 

 

نەوشیروان مستەفا دوای 8 مانگ مانەوەی لە شاری لەندەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، 13-5-2017 گەڕایەوە شاری سلێمانی، بەڵام جیاواز لە گەڕانەوەكانی پێشووتری هیچ دەركەوتنێكی نەبوو، تەنانەت وێنەو ڤیدیۆشی بڵاونەكرایەوە.

 

 

 

گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا تەواو نهێنی بوو، تەنانەت بەرپرسانی باڵای گۆڕان ئاگاداری گەڕانەوەكەی نەبوون‌و تەنها پاسەوانە تایبەتەكانی ئاگادار بوون، 6 ڕۆژ دوای گەڕانەوەشی لە ماڵەكەی خۆی لە گردی زەرگەتە گیانی لەدەستدا.

 

 

 

ساڵی 2015ش نەوشیروان مستەفا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی چووە ئەڵمانیاو دواتر چووە شاری لەندەن‌و دوای چەند مانگێك مانەوەی، بە سەردانێكی كورت گەڕایەوە هەرێم‌و دواتر گەڕایەوە بۆ لەندەن.

 

نەوشیروان مستەفا، ساڵی 1944 لە سلێمانی لەدایك بووەو یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و جێگری سكرتێری گشتی بوو كاتێك وازی لەو حزبە هێنا لە ساڵی 2006.

 

 

لە ساڵی 2009 لیستێكی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەناوی گۆڕان دروستكرد‌و وەك نوێترین هێزی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەركەوت، لەو هەڵبژاردنەدا لە كۆی 111 كورسی 25 كورسی بەدەستهێناو ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاند.