پەرەگراف هەوڵێكی گۆڕانو یەكێتی ئاشكرا دەكات بۆ دەرهێنانی ڕیفراندۆم لە ژێر دەستی بارزانی
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی لە هەوڵێكی نوێدا كاربۆئەوە دەكەن پرسی ڕیفراندۆم لەژێر دەستو بڕیاری مەسعود بارزانی دەربهێننو لە ڕێی پەرلەمانەوە ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت، بۆئەوكارەش پەنا بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەبەن.
لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە لە پشكی گۆڕانو یەكێتی پۆستیان وەرگرتووە، بانگهێشتی دواین كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتیو گۆڕان كراون كە 8ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.
بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەردوو حزب بۆ پەرەگراف، لەو كۆبوونەوەیەدا سەكردایەتی هاوبەشی یەكێتیو گۆڕان داوای ڕونكردنەوەی لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كردووە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، داواشیان لێكراوە كاربۆئەوە بكەن پڕۆسەكە لەڕێی پەرلەمانەوە ئەنجامبدرێت نەك سەرۆكایەتی هەرێم.
ئەوەش لەكاتێكدایە هەریەكە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانو سەرۆكایەتی هەرێم، دوو نوسراوی جیاوازیان لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناردووە، هەرچەندە كۆمسیۆن هێشتا بە فەرمی وەڵامی هیچیانی نەداوەتەوە، بەڵام دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ ڕیفراندۆم كە بڕیارە لە 25-9دا ئەنجامبدرێت.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە یەكێتی نیشتمانی كە داوایكرد ناوی ئاشكرا نەكرێت بۆ پەرەگراف تەئكیدی كردەوە، حزبەكەی بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانو بە یاسایی كردنی پڕۆسەكە ناچێتە ڕیفراندۆمەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی"ڕیفراندۆمو ڕێكارە یاساییەكانی كاری پەرلەمانە، هەربۆیە دەبێت پەرلەمان كارابكرێتەوەو كاری خۆی لەسەر ئەو پرسە بكات."
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی ئاشكراكرد، لە دواین كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتیو گۆڕاندا "نوێنەرانی هەردوو حزب" لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بانگهێشتكراون، وتی"داوای ڕوونكردنەوەیان لێكرا لەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم، ڕای سەركردایەتی هاوبەشیان پێوترا كە كۆمسیۆن سەربە پەرلەمانەو پێویستە لە پەرلەمانەوە بڕیار وەربگرێ بۆ ڕیفراندۆم" هاوكات سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەم زانیارییانەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە.
بەپێی ماددەی سێیەم لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو ڕاپرسی(ژمارە 4ی ساڵی 2014) كۆمسیۆن دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێلایەنەو"ملكەچە بۆ چاودێریی پەرلەمانو بەرپرسیاریشە لە بەرامبەریدا."
بەرپرسەكەی گۆڕان كە بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوەكەی قسەی بۆ پەرەگراف كرد، وتی"لە كۆمسیۆن بە دەنگدان بڕیار دەدرێت، ئەگەر گۆڕانو یەكێتیو كۆمەڵ یەك دەنگ بن، دەتوانین ئەوكارە بكەینو پڕۆسەكە بگەڕێنینەوە بۆ پەرلەمان، كاردەكرێت یەكگرتووش هاوكاربێت لەو پرسەدا."
ئەنجومەنی كۆمسیارانی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە 9 ئەندام پێكدێتو سەرۆكەكەیو دوو ئەندام لە پشكی پارتین، هەریەكە لە یەكێتیو گۆڕان یەكی دوو ئەندامیان هەیەو كۆمەڵو یەكگرتووش هەریەكەی ئەندامێكیان هەیە، هەرچەندە لەدوای دەستبەكاربوونیان سوێندیان خواردووە سەربەخۆو بێلایەن بن.
بەپێی یاساكەیان، بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە دەنگدانو دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكان وەردەگیرێت، هەربۆیە ئەگەر نوێنەرانی یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵ پێكەوەبن زۆرینە پێكدەهێنن(5 ئەندامن لەكۆی 9 ئەندام)و دەتوانن لە بەرژەوەندی خۆیان بڕیار بدەن.
بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، یەكێتی نیشتمانیش هەرچەندە لە كۆبوونەوەكانی پێشووی تایبەت بە ڕیفراندۆم بەشداریی كردو لەسەرتاوە پێكەوە لەگەڵ پارتی سەردانی حزبەكانی كرد بۆئەو پرسە، بەڵام 8ی ئەم مانگە نوێنەری نەنارد بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم.
هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لەمانگی 10ی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامە.
پەرەگراف بەمزوانە لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریو زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو هەوڵە نوێیەی گۆڕانو یەكێتی ئاشكرا دەكات.