ئێران: ڕیفراندۆمی كوردستان بەهیچ جۆرێك قبوڵ ناكەین

17-07-2017 05:52
پیاوێك لە هەولێر ئاڵای كوردستان چاپ دەكات. فۆتۆ: ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف

 

ئێران بەردەوامە لە لێدوانە توندەكانی دژی ڕیفراندۆمی كوردستان، سەرۆك ئەركانی هاوبەشی هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە، ڕیفراندۆمەكە بە "دەستپێكی كێشەیەكی نوێ" ناودەبات‌و دەڵێت، بەهیچ جۆرێك قبوڵی ناكەن، هاوکات عەلی شەمخانی پێیوایە ڕیفراندۆم دەبێتەهۆی لاوازبونی کورد. 

  

ئەوەش لە كاتێكدایە وەفدێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان ماوەی 2 ڕۆژە لە تارانی پایتەختی ئێرانەو پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێ دەكات، هاوكات ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا دوو ڕۆژە لە شاری هەولێرەو لەگەڵ حزبەكان‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوەتەوەو پرسی ڕیفراندۆمی لەگەڵیاندا تاوتوێ كردووە.

 

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی بە ڕوونی دژایەتی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە كوردستان دەكات كە بڕیارە لە 25-9دا ئەنجامبدرێت، ئەو وڵاتە فشارەكانی دەستپێكردووە بەمەبەستی ئەنجامنەدانی پڕۆسەكەو لەبەرامبەردا چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا.

 

لەچوارچێوەی دژایەتییەكانی ئێراندا، بەپێی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرلەشكەر محەمەد باقری سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی هێزە سەربازییەكانی ئێران لە كۆڕبەندی فەرماندەكانی سوپای پاسداراندا وتویەتی"دوای شكستی داعش‌و شەڕێكی سێ ساڵە لەگەڵ تیرۆریستان، بە پەلە باسكردن لە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان‌و جیاكردنەوەی بەشێك لە عێراق، بابەتێكی ئاسایی نییە."

 

سەرلەشكەر باقری دەشڵێت"باسكردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق دەستپێكێكە بۆ سەرهەڵدانی كێشەو تەنگژەی نوێ لەم ناوچەیەو ئەم پرسە بە هیچ جۆرێك لەلایەن دراوسێیەكانی عێراقەوە قبوڵ ناكرێت."

 

ئەو بەرپرسە سەربازییە باڵایەی ئێران، ئەوەشی خستوەتەڕوو پاراستنی سەربەخۆیی‌و یەكپارچەیی عێراق لە بەرژەوەندی سەرجەم پێكهاتەكانە، پێشنیاری ئەوەشی كردووە كێشەكانی عێراق بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.

 

هاوکات عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەمڕۆ لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە باڵاکەی یەکێتی لە تاران ڕایگەیاند"ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی پەراوێز کەوتن و لاوازبوونی کوردستان و بە گشتی هەموو وڵاتی عێراق."

 

شەمخانی وەک ئاماژەیەک بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە کوردستان، وتی"ئەگەرچی ڕەنگە بە ڕواڵەت ئەم بابەتە خۆش بێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی پەراوێزکەوتن و گوشار لە سەر کوردەکانی عێراق و لاواز بوونی کوردستان".

 

ئەوبەرپرسە باڵایەی ئێران باسلەوەشدەکات، ڕیفراندۆم لەگەڵ سیاسەت و ژیری بەرپرسانی عێراقی یەکناگرێتەوە، وتیشی"تاران بۆ گەل، پارتە سیاسییەکان و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان ئاواتی ئاسایش، گەشەی ئابووری و حەسانەوەمان هەیە کە هاتنە دی ئەم ئاواتە دەبێتە لەمپەڕێک لە بەردەم چالاکی و گەشەی گرووپە تیرۆریستییەکاندا."

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی بارزانی‌و حزبەكاندا كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، یەكێتی نیشتمانیش هەرچەندە لە كۆبوونەوەكانی پێشووی تایبەت بە ڕیفراندۆم بەشداریی كردو لەسەرتاوە پێكەوە لەگەڵ پارتی سەردانی حزبەكانی كرد بۆئەو پرسە، بەڵام ئێستا دەڵێت تا پەرلەمان كارانەكرێتەوە بەشداری ئەو پڕۆسەیە ناكات.

 

ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.

 

هاوكات 11ی ئەم مانگە مەسعود بارزانی كە بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای ڕیفراندۆم لە بەلجیكا بوو، لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند، داوایان لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كردووە بگەڕێنەوە پەرلەمان‌و بەشداربن لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم، وتیشی، ئەگەر نەچنە پڕۆسەكەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن.

 

هەرلەمیانی وتەكانیدا بارزانی باسیلەوەشكرد، بڕیارو كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دروستە‌و داوای پشتیوانیی وڵاتانی كرد بۆ ئەو پرسە، بەجۆرێك ئەگەر پشتیوانیی ناكەن دژیشی نەوەستنەوە، جارێكی دیكەش هۆشدارییدا لە خراپتربوونی دۆخەكەو ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕ، ئەگەر ڕیفراندۆم نەكرێت.