پەرەگراف هەڵوێستی گۆڕان لە بارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ ڕیفراندۆم ئاشكرادەكات

18-07-2017 05:52
سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی سلێمانی، 22-5-2017. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پارتی ڕازییە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ پۆستەكەی، بەڵام بەومەرجەی كاراكردنەوەكە لە خزمەتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا بێت، بۆئەوەش داوای كۆبوونەوەی دوقۆڵی لە گۆڕان كردوە، هەرچەندە گۆڕان بەفەرمی وەڵامدانەوەی داواكەی پارتی دواخستوە، بەڵام بەرپرسێكی ئەو بزوتنەوەیە ڕەتیدەكاتەوە ڕازیبن بە كاراكردنەوەی پەرلەمان بەوجۆرەی پارتی دەیەوێت.

 

گۆڕان خۆڕێكخستنەوەی ناوخۆیی‌و هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی كردووە بەهۆكاری وەڵامنەدانەوەی ئەو داواكارییەی لەلایەن پارتییەوە پێی گەیشتووە بۆ كۆبونەوەی دووقۆڵی.

 

شۆڕش حاجی، وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، پارتی لە ئاستی باڵادا پەیوەندی پێوەكردوون‌و داوای كۆبونەوەی دوو قۆڵیی كردووە، وتی"وەڵامی ئێمەش ئەوەبوو كە ئەم دوو هەفتەیە سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەی ناوخۆمانین‌و خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێكخەری گشتی هەڵدەبژێرین، دوای تەواوبوونی كارە ڕێكخراوەییەكانی ناوخۆمان وەڵامتان دەدەینەوە."

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015 ئەو حزبە مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات.

 

شەوی ڕابردوو هێمن هەورامی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاند، حزبەكەی پەیوەندی بە گۆڕانەوە كردووە بۆ كۆبوونەوەی دووقۆڵی‌و ڕوبەڕو، چاوەڕێی وەڵامی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانن.

 

"لەگەڵ كاراكردنەوەی بێمەرجی پەرلەمانداین، بە مەرجێك ئەم كاراكردنەوەیە لە خزمەت سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا بێت" هێمن هەورامی وای وت.

 

لایخۆیەوە شۆڕش حاجی ئامادەنەبوو هەڵوێستی بزوتنەوەكەی لەسەر ئەوقسەیەی هێمن هەورامی ڕابگەیەنێت كە دەڵێت كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ پرسی ڕیفراندۆم بێت، بەهۆی ئەوەی پارتی بە فەرمی ئەوەی بە گۆڕان نەوتووە، وتەبێژەكەی گۆڕان وتی"ئەوەی بە فەرمی بەئێمە وتراوە داوای كۆبوونەوەكراوە."

 

لەبارەی ئەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان لای گۆڕان چیی دەگەیەنێت، شۆڕش حاجی وتی"پێشتریش هەر ئەوەمان وتووە، لای ئێمە ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان بێ پێشمەرج‌و بێ پاشمەرجە."

 

ڕازیبوونی پارتی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ پۆستەكەی لە پێناو پڕۆسەی ڕیفراندۆم، لەكاتێكدایە ئەو حزبە پیشتر سوور بوو لەسەرئەوەی ڕیفراندۆم پێویستی بە پەرلەمان نییە.

 

سەرچاوەیەكی باڵا لە بزوتنەوەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، بزوتنەوەكەی ڕازی نابێت بە كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ مەبەستەكانی پارتی.

 

"پەرلەمان بۆ ئیشی خۆی دەستبەكارەكانی دەكاتەوە نەك ئیشی بۆ دابنرێت، لە كوێی دونیا هەبووە دەسەڵاتی جێبەجێكردن (ئەگەر كاك مەسعود سەرۆكیش بێت كە ئێمە پێمان وانییە) بە دەسەڵاتی یاسادانان بڵێت وابكەو وامەكە" بەرپرسەكەی گۆڕان وای وت.

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان تەئكیدی لەوەكردەوە هەڵوێستی بزوتنەوەكەی ئەوەیە ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و پرسی بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان‌و كارەكانی خۆی دەبێت، وتیشی"بۆ پرسی ڕیفراندۆم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەناویاندا پارتی دەتوانن ڕێوشوێنی بۆ بگرنەبەر، هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی شەرعیی نییە، ئەگەر یاساش دەربچێت كێ واژۆی بكات؟ دەبێت پێشتر پرسی سەرۆكایەتی بە یاسا چارەسەربكرێت."

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، گۆڕان بە فەرمی ئەو كۆبوونەوەیەو دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆمی بە"حزبی‌و نایاسایی" ناوبردو پێیوایە ئەوە كاری پەرلەمانە نەك حزب.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، یەكێتی نیشتمانیش هەرچەندە لە كۆبوونەوەكانی پێشووی تایبەت بە ڕیفراندۆم بەشداریی كردو لەسەرتاوە پێكەوە لەگەڵ پارتی سەردانی حزبەكانی كرد بۆئەو پرسە، بەڵام بڕیاری ئێستای ئەو حزبە ئەوەیە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و بە یاسایی كردنی پڕۆسەكە، بەشداریی ڕیفراندۆم ناكات.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییە، لەسەر ئاستی دەرەوەش پرسەكە كاردانەوەی لێكەوتۆتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو، بەتایبەت ئێران بەتوندی دژایەتیی دەكات.