عومەری سەید عەلی كاندیدی "بێڕكابەرە" بۆ ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

21-07-2017 05:24
عومەری سەید عەلی. فۆتۆ؛ سوركێو محەمەد.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

خۆڕێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و شوێنگرتنەوەی نەوشیروان مستەفا لە قۆناغەكانی كۆتاییدان‌و 25ی ئەم مانگە ڕێكخەری نوێ‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێردرێن، قادری حاجی عەلی خۆی كاندید ناكات ئەوەش بۆ بەرژەوەندی عومەری سەید عەلی تاوەكو وەك تاكە كاندید بمێنێتەوە بۆ ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە، تائێستاش چەند كەسایەتییەك خۆیان یەكلایی كردوەتەوە كاندیدبن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن.

 

دوای ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان لە ئاستی باڵادا بوون بە دوو بەشەوەو هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی وەكو كەسی یەكەمی دوو ئاڕاستەی جیاوازو ناكۆك دەركەوتن‌، هەوڵی چەند بەرپرسێكی ناوخۆی گۆڕان‌و چەند كەسایەتییەكی دەرەوەی بزوتنەوەكە سەركەوتوو بوو بۆ كشانەوەی یەكێك لەو دوو كەسایەتییە بەهێزە لە پڕۆسەكە.

 

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف كە لە دوو سەرچاوەی باڵای گۆڕانەوە دەستی كەوتووە، قادری حاجی عەلی ڕازیبووە بە "خۆكاندید نەكردن."

 

"كاك عومەر بڕیاری داوە خۆی كاندید بكات، بەڵام كاك قادر خۆی كاندید ناكات بۆ هیچ پۆستێك‌و تەنها وەك هەڵسوڕاوێك دەمێنێتەوەو لەپشت بزوتنەوەكەوە دەبێت"بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت.

 

هەریەكە لە عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی دیارترین دوو ناو بوون كە كاریان بۆ ئەوە دەكرد ببنە كەسی یەكەمی بزووتنەوەی گۆڕان، بە كشانەوەی قادری حاجی عەلی، عومەری سەید عەلی "بێڕكابەر" دەمێنێتەوەو دەبێتە ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بەوپێیەی تائێستا هیچ بەرپرسێكی گۆڕان خواستی ئەوەی پیشان نەداوە كە ببێتە كاندید بۆ ئەو پۆستە، وەك بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان باسیكرد.

 

پێشتر پەرەگراف لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان عومەری سەید عەلی‌و قادری حاجی عەلی ئاشكراكرد كە لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا(19-5-2017) پەیوەندییەكانیان تاڕادەیەك بەرەو باشترچوون، بەڵام كێشەكانیان چارەسەر نەبوون.

 

بەپێی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانی‌و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌، هەر كەسێك تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆی هەیە، بۆ هەمان پۆست، خۆی كاندید بكات.

 

بەر لە هەڵبژاردنی كەسێك بۆ ڕێكخەری گشتی، بڕیارە ئەو بزوتنەوەیە خانەی ڕاپەڕاندن دروستبكات، كە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە دەبێت، بەهەمانشێوەی ڕێكخەری گشتی، هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەكە كە بە ڕێكخەری گشتییەوە لە حەوت كەس پێكدێن لە ناو جڤاتی نیشتمانی‌و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌و تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست، خۆیان كاندید بكەن.

 

ئێستا لەناو گۆڕان ئەندامبوون لە خانەی ڕاپەڕاندن گەرمترین پرسی ناو بزوتنەوەكەیەو چەند كاندیدێك لە كێبڕكێیەكی تووند دان، پەرەگراف لەزیاتر لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە، ئەو ناوانەی دەستكەوتووە كە تائێستا بڕیاری خۆ كاندید كردنیانداوە بۆ ئەندامبوون لەو خانەیە.

 

هەریەكە لە؛ عومەری سەید عەلی(وەك ڕێكخەری گشتی)، عوسمانی حاجی مەحمود، جەلال جەوهەر، جەمال حاجی محەمەد، شۆڕش حاجی، محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ئاسۆ ڕەحیم، شەماڵ عەبدولوەفا، ئاسۆ مەحمود، عەبدوڵا مەلانوری، ئەو كەسانەن كە بڕیارە خۆیان كاندید بكەن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن.

 

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، بە پێی ئەركەكانی پێكدێت لە: ڕێكخەری گشتی، سكرتێرەكانی كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆن، ژورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی. ئەو كەسایەتییانە خۆیان بۆ یەكێك لەم پۆستانە كاندید دەكەن‌و بەدەرچوونیان ڕاستەوخۆ دەبنە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن.

 

دوو ڕۆژە دەرگاری خۆ پاڵاوتن كراوەتەوەو تا 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ئەگەری هەیە كەسایەتیی دیكەش خۆیان بۆ ئەندامبوون لە خانەكە كاندید بكەن، بەتایبەت لەكاتێكدا مەرجەكانی بوون بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن ئاسانن‌و تەنها ئەوەندە بەسە كەسایەتییەكی بزوتنەوەكەبیت‌و بتوانیت‌و دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی مسۆگەر بكەیت.

 

كاندیدەكان لە دەنگدانێكی نهێنی‌و ڕاستەوخۆدا لە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێردرێن كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پڕۆسەكە بەڕێوەبچێت‌و بە دەرچوونی هەریەكێك لە كاندیدەكان ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەكە.

 

لەو حەوت كەسەی دەبنە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن یەكێكیان سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكەیە كە بەهەمانشێوە دەبێتە ئەندامی خانەكە، بەڵام ئەو لە جڤاتەكەی خۆیەوە هەڵدەبژێردرێت نەك جڤاتی نیشتمانی، بۆئەوەش بڕیارە سبەینێ هەڵبژاردن بۆ ئەو پۆستە لە جڤاتی گشتی بەڕێوەبچێت، بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕان د.ڕەئوف عوسمان سەرۆكی ئێستای جڤاتی گشتی"بەهێزترین كاندیدە" بەوپێیەش دەبێتە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن.

 

بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی ڕاپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە كە باڵاترین دامەزراوەی بزوتنەوەكەیە.

 

ڕۆڵ‌و ئەرك‌و چۆنێتی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێكخەری گشتی بەپێی دەستوری گۆڕان

 

مادەی دوانزەیەم: خانەی راپەڕاندن

 

خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە نێوان دو كۆبونەوەدا.

 

مادەی سیانزەیەم: هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن

 

یەكەم، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، بە پێی ئەركەكانی پێكدێ لە: رێكخەری گشتی، سكرتێرەكانی كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆن، ژورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی.

 

دوەم، رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆكی جڤاتی گشتی، لە ناو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لە ناو ئەندامانی جڤاتی گشتی و كەسایەتیە ناسراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا كە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی نین، كاندید دەكرێن؛ لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی دا، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و بە زۆرینەی سادە ئەپەسەندرێن و بە زۆرایەتی رەهای دەنگی هەمو ئەندامەكانی دەگۆڕدرێن.

 

سێیەم، هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی وئەندامانی خانەی راپەڕاندن دو ساڵ جارێك دەبێت.

 

چوارەم، رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە، بۆ هەمان پۆست، خۆیان كاندیدبكەن.
مادەی چواردەیەم: پێكهاتە و ئەركەكانی خانەی راپەڕاندن

 

ئەركەكانی ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی جڤاتی نیشتمانی بریتیە لە:

 

یەكەم، رێكخەری گشتی
١–١: سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی دەكا.
١–٢: لە بەردەم جڤاتی نیشتمانی دا بەرپرسیارە.
١–٣: لە كاتی ئامادەنەبونی دا، یەكێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن رادەسپێرێ بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی.

 

دوەم، سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتمانی، كە ئەركەكانی بریتیە لە:
٢–١: دیاریكردنی كات و شوێن و كارنامەی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی.
٢–٢: تۆماركردنی كۆنوسی كۆبونەوەكان، تۆماركردنی بڕیار و راسپاردەكانی و گەیاندنی بە جێگەی پەیوەندیدار.

 

سێیەم، سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، كە ئەركەكانی بریتیە لە هەماهەنگی نێوان فراكسیۆنەكان و دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.

 

چوارەم، سكرتێری كاروباری باژێڕەكان، كە ئەركەكانی بریتیە لە رێكخستنی پەیوەندی رۆژانەی نێوان باژێڕوان و باژێڕەكان و خانەی راپەڕاندن و وەڵامدانەوەی نامە و پەیام و پرسیارەكانیان.

 

پێنجەم، سكرتێری كاروباری ژورەكان، كە ئەركەكانی بریتیە لە هەماهەنگی نێوان ژورەكان و خانەی راپەڕاندن و دامەزراوەكانی گۆڕان.

 

شەشەم، سكرتێری كاروباری خەڵك، كە ئەركەكانی بریتیە لە:
٦–١: پێشوازیكردنی ئەوانەی رۆژانە سەردانی مەكۆی سەرەكی دەكەن.
٦–٢: گوێگرتن لە پێشنیار، رەخنە، ئامۆژگاری، سكاڵاكانی خەڵك و گەیاندنی بابەتەكانیان بە جێگەی پەیوەندیدار.

 

حەوتەم، سەرۆكی جڤاتی گشتی.

 

مادەی پانزەیەم: هەڵبژاردنەوەی رێكخەری گشتی
لە كاتی چۆڵبونی جێگەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەدا، لە سۆنگەی وازهێنانی یان هەر هۆیەكی ترەوە، بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی، یەكێ لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یا یەكێ لە ئەندامانی جڤاتی گشتی یان كەسایەتیەكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەردو جڤات، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و بە زۆرایەتی رەها هەڵدەبژێرن. ئەگەر لە جاری یەكەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێویستی نەهێنابو، بۆ جاری دوەم هەڵبژاردن بۆ یەكەمین و دوەمین كەس، كە زۆرترین دەنگیان هێناوە، دوبارە دەكرێتەوە، ئەوسا دەنگی زۆرایەتی سادە بەسە بۆ هەڵبژاردنی.