هۆشیار سیوەیلی: توركیا سنور داناخات‌و پەیوەندییە ئابورییەكان دوای ڕیفراندۆم بەردەوام دەبن

24-07-2017 06:40
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دەڵێت، توركیا هەرچەندە داوای ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم دەكات، بەڵام هەڵوێستی فەرمیی ئەوەیە سنورەكانی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داناخات‌و ئەو پەیوەندییە ئابوری‌و بازرگانییانەی هەن دوای ڕیفراندۆم بەردەوام دەبن.

 

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف كە بەمزوانە دەقەكەی بڵاودەكرێتەوە، تیشك دەخاتەسەر كاردانەوەكانی وڵاتان لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم‌و چارەسەر كردنی كێشە ناوخۆییەكان‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان.

 

سیوەیلی پێیوایە هەڵوێستی وڵاتان لە بارەی ڕیفراندۆمەوە ئەرێنییە، تەنها توركیاو ئێران نەبێت، ئەو دوو وڵاتە داوای ئەنجامنەدانی دەكەن‌و ئێران بەتوندی دژیەتی‌و توركیا نەرمترە، لەبارەی ئەگەری دواخستنی پڕۆسەكەوە دەڵێت"ئەوەندەی ئێمە بزانین وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕیفراندۆم دواناخرێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی دەگەڕێتەوە كە تەنها لە پارتی پێكنەهاتووەو لایەنەكانی دیكەش بەشدارن لەو لیژنەیە."

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی بارزانی‌و حزبەكاندا كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی باسلەوەشدەكات، گوشارەكانی ئێران‌و توركیا نابنەهۆی ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم‌و ئەو دوو وڵاتەش بەرژەوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، دەشڵێت"ئەوەندەی لە بەرپرسانی توركیاوە بیستومانە سنور داناخەن‌و ئەو پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابورییانەی لەگەڵ توركیا هەیە دوای ڕیفراندۆمیش بەردەوام دەبن ئەوە هەڵوێستی فەرمیی توركیایە."

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، یەكێتی نیشتمانیش هەرچەندە لە كۆبوونەوەكانی پێشووی تایبەت بە ڕیفراندۆم بەشداریی كردو لەسەرتاوە پێكەوە لەگەڵ پارتی سەردانی حزبەكانی كرد بۆئەو پرسە، بەڵام ئێستا دەڵێت تا پەرلەمان كارانەكرێتەوە بەشداری ئەو پڕۆسەیە ناكات.

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی بۆچوونی حزبەكەی دەخاتەڕوو كە بەجددی‌و ئەرێنی هاتوەتەپێشەوە بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان، بەڵام دەڵێت چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت‌و چاوەڕێی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن، "ئەگەر لایەنی بەرامبەر كە بزوتنەوەی گۆڕانە، بە شێوەیەكی ئیجابی‌و هەمانشێوەی پارتی نەیەتەپێشەوە بێگومان كێشەكان چارەسەرناكرێن."

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لەمانگی 10ی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامە.