پەرەگراف زانیاریی ورد لەبارەی هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان ئاشكرادەكات

25-07-2017 06:12
ڕێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن سەردانی گۆڕی نەوشیروان مستەفایان كرد. فۆتۆ؛ جوانڕۆ محەمەد.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

یەكەم هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕێككەوتنی پێشوەخت یەكلایی كرایەوەو فشارو دەستێوەردان هەبووە بۆ دەرچواندن‌و كشانەوەی كاندیدەكان.

 

ئەوەش وایكردووە، بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان لە ناویاندا قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود نیگەران بن‌و لەلایەن هەڵسوڕاوە گەنجەكانەوە ڕوبەڕوی ڕەخنە ببنەوە.

 

نیگەرانییەكان دوای ئەوەدێن ئاڕاستەی ئەو دوو سەركردەیەو ئاڕاستەی عومەری سەید عەلی(محەمەد تۆفیق ڕەحیم پاڵپشتیەتی) ناكۆكی لە نێوانیاندا هەبوو، لە كێبڕكێدابوون تا زۆرترین ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بۆخۆیان مسۆگەر بكەن، بەڵام لە ساتەكانی كۆتاییدا بەڕێككەوتن ئەندامانی خانەكەیان دیاریكردو لەژێر "فشار"دا كاندیدە گەنجەكان ناچار بە كشانەوە كران.

 

وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف لە ناو گۆڕان دەڵێن، ڕێككەوتنی پێشوەخت بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دوای ئەوەهات مەترسی هەبوو محەمەد تۆفیق ڕەحیم زاوای نەوشیروان مستەفا دەرنەچێت‌و نەبێتە ئەندامی خانەكە، ئەوەش دوای ئەوەی عوسمانی حاجی مەحمود كاندیدی بەهێزبوو بۆ هەمان پۆست كە محەمەد تۆفیق ڕەحیم خۆی بۆ كانیدكردبوو(سكرتێری كاروباری ژورەكان).

 

پەرەگراف لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانی ناو گۆڕانەوە زانیویەتی، "كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لە بەرژەوەندی محەمەد تۆفیق ڕەحیم دەستێوەردانیان لە پڕۆسەكەدا كردووەو ئەویان وەكو نوێنەری بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا ناوبردووە"، هاوكات "عومەری سەید عەلی داوای لە عوسمانی حاجی مەحمود كردووە ئەو پۆستە بگۆڕێت كە خۆیی بۆ كاندید كردووە" تا محەمەد تۆفیق ڕەحیم بێڕكابەر بێت‌و ببێتە ئەندامی خانەكە.

 

"كاك عوسمان نیگەران‌و ناڕازی بوو، بەڵام لەسەر داوای كاك عومەرو بۆئەوەی كێشە دروست نەبێت بەتایبەت بۆئەم قۆناغەی بزوتنەوەكە، ڕازی بوو شوێنەكەی بگۆڕێت‌و خۆی بۆ سكرتێری باژێڕوانەكان كاندید بكات"سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت.

 

بەمەبەستی جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ڕێكەوتنی پێشوەخت، لەسەر داوای بەرپرسانی باڵای گۆڕان، ژوری یاسایی بزوتنەوەكە ماوەی 24 كاتژمێر پڕۆسەی خۆپاڵاوتن‌و شوێن گۆڕینی درێژكردوەتەوە(كاتژمێر 4ی ئێوارەی 23ی ئەم مانگە وادەی كۆتایی بوو)، دوای درێژكردنەوەكە، دوێنێ شوێن گۆڕینەكە كراوە.

 

دوای ئەوەی عوسمانی حاجی مەحمود ئەو پۆستەی گۆڕی كە خۆی بۆ كاندید كردبوو، د.محەمەد عەلی ڕێكخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی گۆڕان دەچێتە كێبڕكێكەوە بەرامبەر محەمەد تۆفیق ڕەحیم، محەمەد عەلی پێشتر بڕیاری ئەوەبووە خۆی كاندید نەكات.

 

"دوای ئەوەی د.محەمەد عەلی هاتەوە كێبڕكێكە، كوڕەكانی كاك نەوشیروان لەڕێگەی شۆڕش حەمید كە كەسێكی نزیكیانە چەندجارێك داوایان لە د.محەمەد عەلی كردووە خۆی كاندید نەكات، ئەو ڕەتیكردەوەو نەكشایەوە، بەڵام ژوری یاسایی گۆڕان لەژێر فشاردا خۆكاندیدكردنی د.محەمەد عەلی-یان ڕەتكردەوە، بەبێ هیچ پاساوێكی یاسایی، تەنها بۆئەوەی محەمەد تۆفیق ڕەحیم بێڕكابەربێت‌و دەرچوونی مسۆگەر بكەن"سەرچاوە باڵاكەی گۆڕان كە ئاگاداری وردەكاری ململانێكانە وای وت.

 

پەرەگراف زانیویەتی د.محەمەد عەلی تانەی لەو بڕیارەی ژوری یاسایی گۆڕانداوە كە كاندیدبوونی ئەویان ڕەتكردوەتەوە، هاوكات پەرەگراف پەیوەندیكرد بە د.محەمەد عەلی، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات.

 

هاوكات پەرەگراف پەیوەندیكرد بە محەمەد تۆفیق ڕەحیم، بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

 

هەر لەسەر هەمان پرس، سەرچاوەیەكی نزیك لە قادری حاجی عەلی بە پەرەگرافی وت"كاك قادر نیگەرانە لە پڕۆسەكەو شێوازەكەی، بەڵام خۆشحاڵیشە كە نەچوەتە ئەو پڕۆسەیەوەو هەرزوو كشایەوە، چونكە پێیوایە ئەو پڕۆسەیە بەوجۆرە ناشرینی دەكات."

 

چەند ڕۆژێك بەرلە هەڵبژاردنەكە جگە لە ئەندام بوونی ڕەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی لە خانەی ڕاپەڕاندن، هاوكات پۆستی ڕێكخەری گشتی بۆ عومەری سەید عەلی یەكلایی بوبوەوە، ئەوەش دوای ئەوەی قادری حاجی عەلی بڕیاریدا خۆی كاندید نەكات‌و لە پڕۆسەكە كشایەوە.

 

بەشێكی بەرچاو لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان نیگەرانییان دەربڕیوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆیان، وەك ئەندامێكی جڤات دەڵێت، ڕێژەی زۆری دەنگی سپی لە هەڵبژاردنەكە پەیامی ناڕەزایی‌و نیگەرانییەكانە.

 

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە؛ عوسمانی حاجی مەحمود 45 دەنگی ئەندامانی جڤاتی بەدەستهێناوە لە كۆی 56 دەنگ ئەوەش زۆرترین دەنگی بەدەستهاتووە، هەریەكە لە محەمەد تۆفیق ڕەحیم‌و شۆڕش حاجی بە هێنانی 34 دەنگ كەمترین دەنگیان هێناوە، هاوكات عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان 38 دەنگی بەدەستهێنا.

 

"هەڵبژاردنەكە شانۆگەرییەكی ناشرین بوو، بەڵام بۆیان ناچێتەسەرو نیگەرانیی زۆر هەیەو خۆشیان بەتایبەت كاك عومەر هەستی پێدەكات‌و خۆشی نیگەرانیی پێوەدیاربوو"ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە داوایكرد ناوی نەهێنرێت وای وت.

 

كشانەوەی كاندیدەكان‌و نەمانی كێبڕكێ

 

ئەو گەنجانەی خۆیان كاندید كردبوو بۆ ئەندام بوون لەخانەی ڕاپەڕاندن كە بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەیە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە كشانەوە، ئەوەش وەك خۆیان دەڵێن، لە ژێر "فشار"‌و بەهۆی ڕێككەوتنی پێشوەختەی ئاڕاستە ناكۆكەكانی بزوتنەوەكەبووە لەسەر دابەشكاریی پۆستەكان.

 

ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن كە ئەمڕۆ هەڵبژێردران بە پێی ئەركەكانی پێكدێت لە: ڕێكخەری گشتی، سكرتێرەكانی كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆن، ژورەكان، باژێڕەكان، خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی. پاڵێوراوان خۆیان بۆ یەكێك لەم پۆستانە كاندید دەكەن‌و بەدەرچوونیان ڕاستەوخۆ دەبنە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن.

 

بەپێی سەرچاوەكانی پەرەگراف لەناو بزوتنەوەی گۆڕان كە ئاگاداری وردەكاریی ململانێكانن، بەرلەوەی هەڵبژاردنەكە دەستپێبكات، پڕۆسەكە "كێبڕكێی تێدا نەماوە."

 

هەریەكە لە عومەری سەید عەلی بۆ ڕێكخەری گشتی‌و جەمال محەمەد بۆ كاروباری جڤاتی نیشتمانی‌و محەمەد تۆفیق ڕەحیم بۆ سكرتێری كاروباری ژورەكان‌و عوسمانی حاجی مەحمود سكرتێری باژێڕوانەكان هیچ ڕكابەرێكیان نەبوو لە هەڵبژاردنەكەدا، تەنها خۆیان كاندیدی ئەو پۆستانە بوون، هەروەها بۆ سكرتێری فراكسیۆنەكان جەلال جەوهەر یەك ڕكابەری هەبوو، بۆ سكرتێری كاروباری خەڵك شۆڕش حاجی دوو ڕكابەری هەبووە.

 

"سەركردە كۆنەكان سەرجەمیان بێڕكابەرن‌و هەركەسەو تەنها خۆیەتی‌و دەرچوونی مسۆگەرە"سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان پێش كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكە بۆ پەرەگراف وای وت.

 

هەریەكە لە دلێر عەبدولخالق كاندید بۆ سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، ئیسماعیل نامیق كاندید بۆ سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، ئاسۆ مەحمود كاندید بۆ سكرتێری باژێروانەكان‌و عەبدوڵای مەلا نوری كاندید بۆ كاروباری خەڵك لە پڕۆسەكە كشانەوە.

 

كاندیدێكی كشاوە بە پەرەگرافی وت"لەهەرشوێنێك زانیبێتیان مەترسییان لەسەرە گۆڕیویانە، فشاریشیان دەكرد بۆ كشانەوەی گەنجەكان، ئێمەش پێكەوە هەموومان كشاینەوە."

 

ئەو كاندیدە كشاوەیەی خانەی ڕاپەڕاندن كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت لەبەر هەستیاریی پرسەكە، وتیشی"پڕۆسەیەكی خراپ بوو، دوێنێ كاتیان بۆ درێژكرایەوە تاوەكو بەپێی ڕێككەوتنی نێوان خۆیان ئەو شوێنانە بگۆڕن كە خۆیانیان بۆ كاندید كردبوو."

 

پەرەگراف پێش كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكە ناوی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانی ئاشكراكرد، دوای پڕۆسەكەش ئەنجامەكان بەو جۆرە بوون كە پێشتر پەرەگراف ئاشكرای كردبوون.

 

"ئەو برادەرانە دەستبەرداری دەسەڵات نابن، ئێستا هەموو هەرخۆیانن‌و كێبڕكێی تێدا نەماوە" كاندیدە كشاوەكەی گۆڕان وای وت.

 

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەرەگراف پەیوەندیكرد بە عەبدوڵای مەلانوری، لە وەڵامی ئەوەی بۆچی كشاوەتەوە لە پڕۆسەكە؟ ئامادەنەبوو قسەبكات‌و وتی"هیچ كەلیمەیەك قسەم نییە."

 

گۆڕان دواین داواكاریی نەوشیروان مستەفای بەهەند وەرنەگرت

 

ڕێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان كە لە 7 كەس پێكدێن، هیچیان بەتەمەن گەنج نین‌و هیچ ژنێكیشیان تێدانییە، ئەوەش لەكاتێكدای ئەو بزوتنەوەیە بەردەوام تەئكیدی لە ڕۆڵی گەنج‌و ژن‌و هێنانە پێشەوەیان كردووە، لە دواین نامەشیدا نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بە ڕۆڵی گەنج كردووە لە خانەی ڕاپەڕاندن.

 

هەروەها سەرجەم ئەو 7 كەسەی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنن، پێشتر بەرپرسیارێتییان هەبووە لە ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەوەش لەكاتێكدای گۆڕان بەردەوام ئەوەی ڕەتكردوەتەوە كە بزوتنەوەكەیان تەنها لە كۆنە یەكێتییەكان پێكهاتبێت‌و ناڕازی نەبوون وەك بەشێكی جیابوەوە لە یەكێتی ناو ببرێن.

 

22ی ئەم مانگە لە كۆبوونەوەی جڤاتی گشتی گۆڕاندا بۆ یەكەمجار نامەیەكی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردوی ئەو بزوتنەوەیە ئاشكراكرا كە لەبارەی هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندن ئاڕاستەی جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی بزوتنەوەكەی كردووە.

 

نامەكەی نەوشیروان مستەفا لەلایەن جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان خوێندرایەوەو ئاماژەی بەوەكرد مێژووی نامەكە بۆ مانگی 2ی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە.

 

نەوشیروان مستەفا لە بەشێكی نامەكەدا دەڵێت"من ئێستا پێم وایە كە ئیتر كاتێكی گونجاوە، بۆ ئەوەی بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان كەسێكی دیكە لە جێگەی من هەڵبژێرن بۆ ڕێكخەری بزووتنەوە و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرن، بەڵێنتان پێدەدەم وەك ڕێكخەری گشتی بە هەموو توانامەوە هاوكاری دەكەم بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت لە ئەركەكەیدا. قسەیەك كە لێرەدا بەباشی دەزانم بیكەم سەبارەت بە خانەی ڕاپەڕاندن‌و هەموو ئۆرگانە سەركردایەتییەكانی بزووتنەوەكە، تێكەڵاوكردنی ئەزموونە تێكۆشەرەكانی ناو بزووتنەوەكەیە لەگەڵ گەنجە تازە پێگەیشتووەكانی."

 

بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی ڕێكخەری گشتی لەناو جڤاتی نیشتمانی‌و دوو ساڵ جارێك دەبێت‌، هەر كەسێك تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆی هەیە، بۆ هەمان پۆست، خۆی كاندید بكات.

 

هەروەها خانەی ڕاپەڕاندن، بەهەمانشێوەی ڕێكخەری گشتی، ئەندامەكانی لە ناو جڤاتی نیشتمانی‌ هەڵدەبژێردرێن بۆ ماوەی دوو ساڵ‌و تەنها بۆ سێ خولی هەڵبژاردن بۆیان هەیە بۆ هەمان پۆست، خۆیان كاندید بكەن.

 

ڕێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان‌و ڕێژەی دەنگەكانیان:

 

عومەر سەید عەلی - ڕێكخەری گشتی، 38 دەنگ‌و 18 دەنگی سپی.

 

جەمال محەمەد - سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتیمانی، 39 دەنگ‌و 17 دەنگی سپی

 

عوسمان حاجی مەحمود - سكرتێری كاروباری باژێڕەكان، 45 دەنگ‌و 11 دەنگی سپی.

 

جەلال جەوهەر - سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، 37 دەنگ‌و 6 دەنگی سپی(ڕكابەرەكەی 13 دەنگ)

 

محەمەد تۆفێق ڕەحیم - سكرتێری كاروباری ژورەكان، 34 دەنگ‌و 22 دەنگی سپی.

 

شۆڕش حاجی - كاروباری خەڵك، 34 دەنگ (دەنگەكانی دیكە ڕكابەرەكانی هێناویانە).

 

ڕەئوف عوسمان - سكرتێری كاروباری جڤاتی گشتی(22ی ئەم مانگە لە جڤاتی گشتی هەڵبژێردرا).