هەوڵێكی فراوان دەستیپێكردووە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی نوێ‌و بەشداریی لە هەڵبژاردن

26-07-2017 07:10
بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە ماوەیەكە لە حزبەكەی دابڕاوە. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هەوڵێكی فراوان دەستیپێكردووە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی نوێی سیاسی لە سەرتاسەری كوردستان‌و دروستكردنی لیستێك بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، وەك كەسێكی نزیكی دەڵێت، خواستێك هەیە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی ئەو بەرە نوێیە بكات.

 

هەوڵەكە لەلایەن چەند گروپێكی جیاوازەوە دەستیپێكردووەو ئامانجیان ئەوەیە سەرجەمیان لەژێر چەترێكی سیاسیدا كۆببنەوەو بەشداریی لە هەڵبژاردندا بكەن، گروپەكان لە كەسانی سەربەخۆو ئەو سیاسییانە پێكهاتوون كە پێشتر لەناو حزبەكاندا بەرپرسیارێتییان هەبووە.

 

دیارترین كەسایەتیی ناو ئەو گروپانەی لە هەوڵی دروستكردنی بەرە نوێیەكەدان، د.بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتییە كە ماوەیەكە لە حزبەكەی دابڕاوەو بەهۆی نیگەرانییەكانیەوە بەشداریی كۆبوونەوەكانی یەكێتی ناكات.

 

وەك كەسێكی نزیكی باسیدەكات، بەرهەم ساڵح پێیوایە ئەم شێوازە لە حزبایەتی كە لەكوردستان هەیە بەسەرچووەو هەرچی بكرێت ئەم فۆڕمە لە حزب، ئەمجۆرە لە "پیسخۆری‌و گەندەڵی‌و حكومڕانی شكستخواردوو" بەرهەم دەهێنێت.

 

سلێمان عەبدوڵا یونس، ڕۆژنامەنوسی نزیك لە بەرهەم ساڵح بە پەرەگرافی وت"كاك بەرهەم پێیوایە دەبێت هەمو ئەوانەی خەمی ئەم میللەتەیانەو پڕۆژەی چاكسازییان مەبەستە، پێویستە ململانێ ناشرینەكانی ڕابردوو تێپەڕێنن، سەردەمی كۆتایی هێنانە بە جەلالی‌و مەلایی، سۆرانی‌و بادینی، چەپ‌و ڕاست‌و موفرەداتە جیاوازەكانی دیكە."

 

وەك سلێمان عەبدوڵا دەڵێت، بەرهەم ساڵح باوەڕی بە كودەتای سەربازی‌و ململانێی توندوتیژو خوێناوی نییە، "بەدیل لەدەستی پڕۆژەیەكی بەرفراواندایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، كاك بەرهەم باوەڕی بەوەیە ڕۆڵەكانی ئەم میللەتە لەژێر یەك چەتری گەورەی دەوڵەتداری ڕاستەقینە كۆببنەوەو فۆرمێك بۆ حكومڕانییەكی باشتر پێكبهێنن، كاك بەرهەم سەركردەیەكی گەورەیەو خەڵك چاوی لێیەتی‌و ڕایەك هەیە سەرۆكایەتی ئەوبەرەیە بكات‌و ئەو چەترە دروست ببێت."

 

هەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی نوێ لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان سێ ساڵە لە قەیرانێكی سەختی ئابوری‌و سیاسیدایەو حكومەت ناتوانێت نیو موچەی فەرمانبەرانیش لە كاتی خۆیدا دابەشبكات، ئەوەش وایكردووە بێزاری‌و نیگەرانییەكی زۆر لە ناو خەڵكدا دروست ببێت لە حزبەكان‌و زیاتریش لە حكومەت.

 

ئەبوبەكر عەلی، ئەندامی پێشوی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی، دروستكردنی چەترێكی نیشتمانی بەرفراوان بۆ كركردنەوەی خەڵكانی چاكسازیخواز‌و نەتەوەیی بە پێویست دەزانێت، "بەڵام ئایا ئێستا دۆخەكە گونجاوە یاخود نا؟ شانسی هەیە یان نا؟ ئەوە جێگەی گفتوگۆیەو ئەگەر بوو بە جدی ڕای خۆمان ڕووندەكەینەوە."

 

ئەو ئەندامەی پێشوی سەركردایەتی یەكگرتوو كە ئێستا بەرپرسیارێتی حزبیی نییەو لە دواین كۆنگرەی یەكگرتوو كە ساڵی ڕابردوو بەسترا كاندیدبوو بۆ ئەمینداری گشتی ئەو حزبە، لە بارەی بەشداریكردنی لەو بەرە نوێیەدا بە پەرەگرافی وت"دەمێنێتەوە سەرئەوەی كێن ئەوانەی پێكیدێنن‌و بەرنامەیان چییەو پەیوەندی بەحزبەكان‌و هەڵوێستی ئەوانەوە چییە؟ دەبێت ئەمانە ڕوونبكرێنەوە ئەوكات قسەی خۆمان دەكەین."

 

پەرەگراف لەزاری كەسانی ئاگادارەوە زانیویەتی نزیكەی 12 گروپی جیاواز كە لە كەسانی حزبیی‌و سەربەخۆ پێكدێن لە هەوڵی ئەوەدان لە ژێر یەك چەتردا كۆببنەوە، بۆئەوەش گفتوگۆ لە نێوانیاندا دەستیپێكردووەو بەرهەم ساڵحیش لە ناو گفتوگۆكاندایە.

 

سلێمان عەبدوڵا یونس ئاماژەبەوەدەكات، هێشتا زووە باسلەوە بكرێت بەرهەم ساڵح لیست یاخود حزبی جیاواز دروست دەكات بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بیرلە هەستانێكی دەستەجەمعی دەكاتەوە لەشێوەی بنیادنانی فۆڕمێكی نوێ بۆ حكومڕانی.

 

"لەئاستی میللی‌و لەناو تەواوی حزبەكان‌و نوخبەی كۆمەڵگا، خواستێك هەیە بۆ دروستكردنی بەدیل، كاك بەرهەم بەشێكە لەو خواستە، خواستێك هەیە كاك بەرهەم ڕێبەرایەتی بكات ئەویش هەركات پێویست بكات سڵ ناكاتەوە، كاك بەرهەم نەك لەگەڵ گروپە جیاوازەكان، بەڵكو لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی‌و گۆڕان‌و پارتی‌و ئیسلامییەكان‌و نوخبەی ڕوناكبیران سەرباری جیاوازی لەگەڵیان لە گفتوگۆدایە لەسەر دروستكردنی ئەو فۆڕمە نوێیە."سلێمان عەبدوڵا یونس وای وت.

 

ئەو گروپ‌و كەسایەتییانە هەرچەندە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە، ئیسلامی‌و عەلمانی‌و حزبیی‌و سەربەخۆیان تێدایە، بەڵام دەیانەوێت بەدوور لە ئایدۆلۆژیا پێكەوە كۆببنەوەو بەشداریی لە هەڵبژاردندا بكەن، پێیانوایە ئەوە تاكە ڕێگەی دەربازبوونە لەو دۆخە چەقبەستووەی هەرێمی كوردستانی تێدایە.

 

ئەو هەوڵانە لەكاتێكدان بە فەرمانی مەسعود بارزانی 1-11 وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم دیاریكراوەو لە ئێستادا كۆمسیۆن سەرقاڵی وەڵامدانەوەی فەرمیی بارزانییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

 

"یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكانی پڕۆسەی گۆڕانكاری لە كوردستان دروستكردنی هاوپەیمانی سیاسیە لەنێوان دیدو بۆچونە جیاوازەكان، هاوپەیمانییەك ببێتە چوارچێوە بۆ هەموو ئەو كە سایەتی‌و گروپ‌و دەستانەی باوەڕیان بەگۆڕینی ئەم فۆڕمەی ئێستا هەیە لە بواری سیستمی حزبی‌و سیاسی هەرێمی كوردستان"ئارام قادر كەسایەتیی دیاری ئیسلامییەكان‌و ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو مەكتەب سیاسیەی پێشوی كۆمەڵ پێیوایە، ئەگەر ئەو فۆڕمە نوێیە بەشێوەیەكی سروشتی لە دایك ببێت‌و سیستمی باوی حزبیی لە كوردستان‌و سنوری ئایدۆلۆژیاو پاشخانی سیاسی‌و ناكۆكییەكانی ڕابردوو تێپەڕێنێت، "دەبێتە هیوای ئومێد بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە چەق بە ستووە."

 

لەبارەی بەشداریكردنی ئەو بەرە نوێیە لە هەڵبژاردن لە ئەگەری دروستكردنیدا، ئارام قارد دەڵێت"دروستبونی چەترێكی سیاسی یان بەرە یان هاوپەیمانی یان هەرناوێكی تری هەبێت، كاتێك دەبێت بە شداری هەڵبژاردن بكات كە بتوانێت گۆڕانكاری گرنگ‌و وەرچەرخانی سیاسی بێنێتەدی بە پێچەوانەوە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن هیچ مانایەكی نابێت."

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.

 

پەرەگراف زانیویەتی سەرباری گفتوگۆكان لە ناوخۆی هەرێم، بەرهەم ساڵح دروستكردنی بەرەیەكی نوێی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە باسكردووەو توانا دیبلۆماسییەكانی خۆی لەو بوارەدا خستوەتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی.

 

"ئیرادەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە دیموكراتیزەكردنی كوردستان دەكات، كاك بەرهەم كەسایەتییەكی گەورەی ناو دیبلۆماسییەتی كوردییەو پێگەیەكی تایبەتی هەیە بەردەوام ڕاوێژی پێدەكرێت لەسەر بارودۆخی كوردستان، ئەزمونی زۆری هەیە لەو بارەیەوەو جێگەی ڕەزامەندی ناوخۆیی‌و دەرەوەش بووە" سلێمان عەبدوڵا یونس وای وت.

 

ئەو ڕۆژنامەنوسەی نزیك لە بەرهەم ساڵح باسیلەوەشكرد خواستێكی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی هەیە بۆئەوەی كورد نمونەیەكی جوان پێشكەش بكات، جیاواز لەوەی كە ئێستا هەیەو ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە.

 

هەرچەندە هێشتا كۆمسیۆن ڕەزامەندی پیشان نەداوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 1-11، بەڵام حكومەتی هەرێم بودجەی بۆ پڕۆسەكە داناوەو بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ڕاگەیاندووە كە بڕی نزیكەی 22 ملیار دینار تەرخانكراوە، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن، نزیكەی 3 ملیۆن‌و 500 هەزار كەس مافی دەنگدانیان دەبێت لە هەڵبژاردندا.

 

"كە باسلە هاوپەیمانی‌و چەتر یان بەرە دەكرێت دەبێت كراوەبێت بە ڕووی هەموو ئەو لایەن‌و كەسایەتی‌و گروپانەی دەیانەوێت پڕۆسەی گۆڕانكاری ئەنجامبدەن، بەڵام نابێت لەسەر بنەمای پشك‌و بەش بێت‌و ببێتە بەرەی حزبی، بەڵكو دەبێت لەسەر بنەمای شایستەیی‌و پسپۆڕی بێت، ئەوەش بە سیستمێك ڕێكبخرێت"ئارام قادر وادەڵێت.