هۆشیار سیوەیلی: ڕیفراندۆم بەبێ پەرلەمانیش دەكرێت‌و بە نەهاتنی گۆڕان‌و كۆمەڵ پەكی ناكەوێت

27-07-2017 04:51
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی تەئكید دەكاتەوە ڕیفراندۆم بەبێ كاراكردنەوەو بڕیاری پەرلەمانیش ئەنجامدەدرێت‌و بەشدارنەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی، پڕۆسەكە پەكناخات.

 

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف، تیشكدەخاتەسەر كاردانەوەكانی بڕیاری ڕیفراندۆم‌و كێشە ناوخۆییەكان‌و كاریگەرییان لەسەر ئەو پڕۆسەیە.

 

سیوەیلی پێیوایە گۆڕان دژی سەربەخۆیی كوردستانەو دەنگدانی نەخێر لە ڕیفراندۆم بەهەر پاساوێك بێت بە دژایەتی سەربەخۆیی ناودەبات، دەشڵێت"ئەگەر لەزۆنی سەوزو نیلی ڕێگری لە ڕیفراندۆم بكرێت، پارتی پلانی بی هەیەو دەیباتە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم."

 

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی هەڵوێستی وڵاتانی دەرەوە بە ئەرێنی ناودەبات لە بەرامبەر ڕیفراندۆم، جگە لە ئێران‌و توركیا، باسلەوەشدەكات هەڵوێستی فەرمیی توركیا ئەوەیە "سنورەكانی بەڕووی هەرێمدا داناخات‌و ئەو پەیوەندییە ئابوری‌و بازرگانییانەی كە هەن دوای ڕیفراندۆمیش بەردەوام دەبن"، ئەوەشدەخاتەڕوو، ژمارەیەك دەوڵەت پشتیوانی پڕۆسەكە دەكەن‌و لەكاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ڕاستەوخۆ دان بە دەوڵەتی كوردیدا دەنێن.

 

چاوپێكەوتنەكەی پەرەگراف لەگەڵ هۆشیار سیوەیلی

 

پەرەگراف: هیچ ئەگەرێك هەیە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەوەندەی ئێمە بزانین وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕیفراندۆم دواناخرێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی دەگەڕێتەوە كە تەنها لە پارتی پێكنەهاتووەو لایەنەكانی دیكەش بەشدارن لەو لیژنەیە، هەربابەتێك پەیوەندی بە ڕیفراندۆمەوە هەبێت پێویستە لەو لیژنەیە باسبكرێ‌و بڕیاری لەسەر بدرێت، هەڵبەتە ڕای پارتی لەو لیژنەیەدا ڕوون‌و ئاشكرایە كە ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیداو لە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

پەرەگراف: ئەوەندەی كاردانەوەكانتان بینیوە لەسەر ئاستی دەرەوەو وڵاتانی دراوسێ‌و بەغدا، هیچ ئەگەرێكتان داناوە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم‌و بەرنامەدانان لەوبارەیەوە؟
هۆشیار سیوەیلی: ڕیفراندۆم پەیوەندی بە دەرەوەوە نییەو پەیوەندی بە بڕیاری سیاسی گەلی كوردستان‌و سەركردایەتی سیاسی كوردەوە هەیە، ڕاستە هەوڵدەدەین پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی بەدەست بهێنین‌و ئەوەكارێكی باشە، بەڵام ئەو پشتگیرییە لەم قۆناغەی پڕۆسەی سەربەخۆیی مەرج نییە، واتە مەرج نییە پشتگیری بەدەست بهێنین ئەوكات ڕیفراندۆم ئەنجامبدەین.

 

پەرەگراف: ئێران‌و توركیا كە دراوسێی هەرێمن‌و كاریگەرییان هەیە لەسەر كوردستان، ئەم دوو وڵاتە بەتوندی دژی پڕۆسەكەن، هەڵوێستی ئەم دوو وڵاتە چۆن دەبینن؟ بۆ ئەوەندە دژی پڕۆسەكەن؟
هۆشیار سیوەیلی: بەشێوەیەكی گشتی ڕای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە، هەڵوێستی دوو وڵاتمان هەیە كە تاڕادەیەك جیاوازە لە وڵاتانی تر، ئەویش ئێران‌و توركیان، هەڵوێستی ئەم دوو وڵاتەش جیاوازن، ئێران هەڵوێستێكی زۆر ڕەقتری هەیە‌و بە هەموو شێوەیەك دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە، توركیاش هەرچەندە لەگەڵ ڕیفراندۆم نییە، بەڵام هەڵوێستەكەی بەراورد بە ئێران نەرمترە، ڕاستییەك هەیە دەبێت هەموو لایەك بیزانن، زۆر زەحمەتە بتوانین قەناعەت بەم چوار دەوڵەتەی دراوسێی خۆمان بكەین كە پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەوان بە سەربەخۆیی كوردستان ڕازی ببن، هەڵوێستی مێژویی ئەم چوار دەوڵەتە ڕوون‌و ئاشكرایە، هەریەكەیان بەشێكی كوردستانی پێوەلكێندراوە، لەبەرئەوە وای دەبینن دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەبەرژەوەندی ئەوان نییە، نابێت چاوەڕێی ئەوەش بكەین بەرلە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ئەوان پشتگیری بكەن، چاوەڕێش ناكەین لە ئایندەدا ئەم هەڵوێستەیان بەشێوەیەكی ئەرێنی بگۆڕێت، بەڵام ئەمە بڕیاری خۆمانە پەیوەندی بە توركیا، ئێران، سوریاو عێراقەوە نییە.

 

پەرەگراف: ئەگەر واقعییەن سەیری دۆخەكەو كاریگەری ئێران‌و توركیا لەسەر هەرێم‌و حزبەكان بكەین، بەڕای ئێوە ئەو دوو وڵاتە دەتوانن تاڕادەی دواخستن یاخود ئەنجامنەدانی پڕۆسەكە كاریگەرییان هەبێت؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەوان هەڵوێستیان ڕوون‌و ئاشكرایەو داوای ئەنجامنەدانی دەكەن، بەڵام وەك وتم ئەمە بڕیارێكی ناوخۆی گەلی كوردستانە.

 

پەرەگراف: بەڵام ئەو دوو وڵاتە كاریگەرییان لەسەر حزبەكانی هەرێم هەیە.
هۆشیار سیوەیلی: ئەوەندەی پەیوەندی بە پارتییەوە هەبێت، من بەناوی پارتییەوە قسەدەكەم، لەگەڵئەوەی هەوڵدەدەین بۆچوون‌و پاساوی خۆمان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بگەیەنینە ئێران‌و توركیا، بەڵام هیچ گوشارێك لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە نابنەهۆی ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم.

 

پەرەگراف: ئێوە نزیكن‌و هاوپەیمانی یەكێتین، پێتانوایە بەتایبەت ئێران بتوانێت ئەو كاریگەرییەی لەسەر یەكێتی هەبێت كە پاشگەزی بكاتەوە لەو پڕۆسەیە؟
هۆشیار سیوەیلی: شاندی یەكێتی تازە لە ئێران گەڕاونەتەوە، ئەوەندەی ئێمە دەزانین‌و گوێمان لە لێدوانەكەی مەلا بەختیار بوو كە گوشاری ئێران كاریگەری نابێت لەسەر بڕیاری سیاسی ئەوان، ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن ئەمە هەڵوێستی ڕەسمیی ئەوانە، ئەگەر هەڵوێستێكی پێچەوانە بگرنەبەر ئەوە شتێكی جیاوازە، یەكێتی هێندەی پارتی سوورە لەسەر سەربەخۆیی كوردستان‌و مێژوویەكی درێژی هەیە بۆ داوای مافی چارەی خۆنوسین لەبەرئەوە لەو بڕوایەدام شانبەشانی پارتی‌و حزبەكانی دیكە هەنگاوی جدی بەرەو جێبەجێ كردنی ڕیفراندۆم دەگرێتەبەر.

 

پەرەگراف: ئێران‌و توركیا بەدەر لە لێدوانی توندو دژایەتی بە قسە، دەتوانن چیتر بكەن بەرامبەر بە هەرێم؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەو دوو دەوڵەتە دوو دراوسێی گرنگن، لەگەڵ ئێران پەیوەندی دورو درێژمان هەیە‌و ئێستا پەیوەندی ئابوری‌و سیاسیمان هەیە، بەهەمانشێوە لەگەڵ توركیاش پەیوەندییەكی ئابوری بەهێزو پەیوەندی سیاسیمان هەیە، هەردوولا بەرژەوەندیمان لەگەڵ بەردەوام بوونی ئەم پەیوەندییانە هەیە ئێران‌و توركیا هەمان بەرژەوەندییان هەیە، ڕۆژانە 600 بۆ 650 هەزار بەرمیل نەوت دەڕواتە توركیا ئەگەر خوانەخواستە پەیوەندییەكان بەشێوەیەكی دیكە گۆڕانكارییان بەسەردابێت ناردنی ئەو نەوتە كە سەرچاوەیەكی داهات‌و دەرامەتە بۆ توركیا ڕەنگە نەمێنێت، هەرێمی كوردستان جێگەیەكی گرنگە بۆ بازرگانی لەگەڵ توركیاو بۆ عێراقیش كە لە ڕێی كوردستانەوە توركیا بازرگانی تێدادەكات بەرژەوەندی باڵای هەردوو وڵات لەوەدایە پەیوەندییەكان بەردەوام بن‌و لەو بڕوایەدام حكومەتی توركیا ئەو ڕاستییە دەزانێت‌و كارێك ناكات پەیوەندییەكان بەشێوەیەكی خراپ گۆڕانكارییان بەسەردابێت.

 

پەرەگراف: بەڵام لە ئەگەری تێكچوونی ئەم پەیوەندییانە، زیانی گەورەتر بەر هەرێم دەكەوێت، بۆنمونە ڕێگری لە هەناردەی نەوت بكەن كە تاكە سەرچاوەی داهاتە بۆ موچە، پلانی هەرێم چی دەبێت؟
هۆشیار سیوەیلی: هەمیشە وتومانە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بەدەر نییە لە سەركێشی‌و دەبێت بەڕاشكاوی ئەمە بە هاوڵاتیانی خۆمان بڵێین، بەڵام وەك سەرۆك بارزانیش وتویەتی سەركێشی نییە بە ئایندەی گەلی كوردستانەوە، هەركاتێكیش ئەم هەنگاوە بنێین سەركێشی تێدایە، وایدەبینین بارودۆخی ناوچەیی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتی بەشێوەیەك گۆڕانكاری بەسەردانایەت پڕۆسەی سەربەخۆیی بەبێ سەركێشی ئەنجامبدرێت، ئەوەندەی لە بەرپرسانی توركیاوە بیستومانە سنور داناخەن‌و ئەو پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابورییانەی لەگەڵ توركیا هەیە دوای ڕیفراندۆمیش بەردەوام دەبن ئەوە هەڵوێستی فەرمیی توركیایە، كۆمەڵێك بەرژەوەندی سیاسی‌و ئابوری‌و ئاسایش هەیە لەنێوان هەرێم‌و توركیا، لەبەرئەوە توركیا هەنگاوێك نانێت ئەو بەرژەوەندییانەی خۆی لە بەرچاو نەگرێت، دەبێت توركیاو ئێران بزانن سەرەڕای هەڵوێستی نەرێنی ئەوان، ڕیفراندۆم ئەنجامدەدرێت‌و سەربەخۆیی كوردستان دێتە دی باشترە بۆئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە بكەن كە دێتەدی نەك هەڵوێستی دیكە بگرنەبەر.

 

پەرەگراف: هیچ زانیارییەكتان هەیە ئێران‌و توركیا لە وەزارەتی دەرەوەیان ژورێكی عەمەلیاتی هاوبەشیان دروستكردبێت دژی ڕیفراندۆم؟
هۆشیار سیوەیلی: ئاگادارنین هیچ ژورێكی عەمەلیاتیان دروستكردبێت، بەڵام پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ حكومەتی عێراق بەردەوامە بۆ یەكخستنی هەڵوێستیان بەرامبەر بە ڕیفراندۆم، پەیوەندیەكانی ئێران‌و عێراقیش بەردەوامەو زانراوە بۆ یەكخستنی هەڵوێست‌و ڕاكانیان، بەدووری نابینین ئەم سێ دەوڵەتە لەو ڕووەوە هەڵوێستیان یەكبخەن، بەڵام دەبێت ئیرادەی خەڵكی كوردستان‌و حزبە سیاسییەكان لەوە بەهێزتربێت‌و كێشە ناوخۆییەكانمان چارەسەر بكەین، ئەمە كێشەی سەرەكی ئێمەیە، كێشەی ئێمە هەڵوێستی دەوڵەتان نییە.

 

پەرەگراف: كێشەكانی ناوخۆ، پارتی لایەنی سەرەكییە تێیدا، بۆچی بەرلەوەی دەستبكرێت بەم پڕۆسەیە كێشەكان چارەسەر نەكران؟
هۆشیار سیوەیلی: هەوڵدراوەو بەردەوامە، بەڵام هەوڵەكان سەریان نەگرتووە.

 

پەرەگراف: گەرەنتی چییە هەوڵەكانی ئێستا ئەنجامیان هەبێت؟
هۆشیار سیوەیلی: لە سیاسەتدا هیچ شتێك گەرەنتی نییە، سروشتی سیاسەت وایە، ئەوەی بەنیسبەت ئێمەوە گرنگە هەنگاونانێكی جدی‌و ئەرێنییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام چەپڵە بەدەستێك لێنادرێت ئەگەر لایەنی بەرامبەر كە بزوتنەوەی گۆڕانە، بە شێوەیەكی ئیجابی‌و هەمانشێوەی پارتی نەیەتەپێشەوە بێگومان كێشەكان چارەسەرناكرێن، هیوادارین گۆڕان بە نەفەسێكی تازەو ئەرێنی بەپیر دەستپێشخەرییەكەی پارتیەوە بێت كە یەكێتیش پشتگیری ئەم دەستپێشخەرییە دەكات‌و ڕەنگە ڕۆڵی ئەرێنی یەكێتی‌و یەكگرتووی تێدابێت، هیوادارین ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یەكێك بێت لە بڕیارە هەرەگرنگەكانی پەرلەمان كاتێك كارادەكرێتەوە.

 

پەرەگراف: بەبێ پەرلەمان ڕیفراندۆم دەكرێت؟
هۆشیار سیوەیلی: بەڵێ، بڕیار دراوە.

 

پەرەگراف: ئەی لایەنە یاساییەكەی؟
هۆشیار سیوەیلی: من یاسایی نیم.

 

پەرەگراف: ئەوەندەی وەك پارتی پرسیارتان كردبێت؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەوەندەی پرسیبێتمان كارانەكردنەوەی پەرلەمان یان نەبوونی بڕیار لەلایەن پەرلەمانەوە نابێتە كۆسپ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، چونكە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەپێی یاسا بۆی هەیە ڕاپرسی ئەنجامبدات.

 

پەرەگراف: بەڵام یاساكە دەڵێت كۆمسیۆن سەربە پەرلەمانە.
هۆشیار سیوەیلی: یاساكە بەهیچ شێوەیەك ناڵێت بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی دەبێت پەرلەمان بڕیاربدات.

 

پەرەگراف: بە دەقە واناڵێت، بەڵام دەڵێت سەربە پەرلەمانەو لەژێر چاودێری ئەودایە.
هۆشیار سیوەیلی: سەربە پەرلەمانە، حكومەتیش لەژێر چاودێری پەرلەماندایە.

 

پەرەگراف: باشە ئەگەر بەبێ پەرلەمانیش دەكرێت بۆچی گرنگە لەئێستادا پەرلەمانی بۆ كارابكەنەوەو ئەوەندە گرنی پێدەدەن؟
هۆشیار سیوەیلی: وتومانە كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ ڕیفراندۆم‌و چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەش، تەنها ڕیفراندۆم نییە، زۆر زۆر گرنگە، گرنگە پەرلەمان پشتگیری ڕیفراندۆم بكات‌و بڕیارێكی بۆ دەربكات، بەڵام ئەگەر پەرلەمان كاراش نەكرێتەوە، ڕێوشوێنی یاسایی هەیە كە بەبێ پەرلەمان ئەو ڕیفراندۆمە ئەنجامبدرێت، باشترە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ ببنە بەشێك لەم پڕۆسەیەو هەموو هەوڵێكیش دەدەین، بەڵام بەنەهاتنی ئەوان پڕۆسەكە پەكی ناكەوێت.

 

پەرەگراف: ئەوان داوا دەكەن ڕیفراندۆم یان دوابخرێت یاخود لەگەڵ هەڵبژاردنەكاندا بكرێت، ئەگەر پەرلەمان كارابكرێتەوەو لەوێ زۆرینە كۆبكەنەوە بۆ دواخستنی پڕۆسەكە، هەڵوێستی پارتی چیدەبێت؟
هۆشیار سیوەیلی: ئێمە نازانین ئەوە یەكێك دەبێت لە هەنگاوەكانی داهاتووی پەرلەمان، بەڵام باشترە ئەوەی پەیوەندی بە ڕیفراندۆمەوە هەبێت لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت.

 

پەرەگراف: ئەوان دەڵێن ئەم لیژنەیە حزبییەو ئەمپرسە كاری پەرلەمانە.
هۆشیار سیوەیلی: نا، ئەمە پرسێكی سیاسییە، تەبعەن باشترە لە پەرلەمانەوە ئەم بڕیارە بدرێت، بەڵام كە پەرلەمان كارانییە، تۆ ناكرێت كارانەكردنەوەی پەرلەمان بكەیتە بیانوو كە بڕیارێكی چارەنوسسازی واگەورە نەدرێت، بوونی پەرلەمان زۆرگرنگە، بەڵام مەرج نییە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

پەرەگراف: گۆڕان سوورە لەسەر ئەوەی ئەگەر پەرلەمان كارابكرێتەوە یەكەم كاری چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم دەبێت، ئەوان كاك مەسعود بە سەرۆك نازانن تا پەرلەمان یاسای بخاتەبەردەست.
هۆشیار سیوەیلی: ئەوە هەڵوێستی خۆیانە.

 

پەرەگراف: باشە ئەگەر ئەوە هەڵوێستی ئەوانبێت‌و هەڵوێستی ئێوەش ئەوەبێت پەرلەمان بۆ ڕیفراندۆم كارابكرێتەوە، لە كوێدا بەیەك دەگەن؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەزانی كێشەكە چییە، هەندێك ناتێگەیشتنی ناڕوون هەیە لەسەر ئیشكردنی پەرلەمان، پەرلەمان لەهەموو دونیا پەرلەمانی حزبییە، بمانەوێت یان نا وایە، حزبەكان لەپەرلەماندا حزبایەتی دەكەن‌و كێبڕكێی سیاسی دەكەن، بەڵام ئەگەر لە پەرلەمان نەتوانرا كێشەكان چارەسەربكرێت یاخود یاسایەك دەربكرێت، پێویستە ئەو حزبانەی ڕۆڵی باڵایان هەیە لەناو پەرلەمان پێكەوە دابنیشن‌و ڕێككەوتنی سیاسی بكەن، ئەمە نادیموكراتی نییە، مەرج نییە لەناو پەرلەماندا تەواوی كێشەكان چارەسەربكرێن، ئەمە ڕای پارتییەو هیوادارین ڕای گۆڕانیش هاتبێتەسەر ئەوە، هیوادارین كۆبوونەوەكان بكرێت، پرسی سەرۆكایەتی هەرێم ڕەنگە یەكێك بێت لەو كێشانە، بەڵام هەمووی قابیلی گفتوگۆیە لەكۆبوونەوە حزبییەكان، لەناو پەرلەمان ناگەینە چارەسەر، بۆنمونە ئەگەر پەرلەمان كارابكرێتەوە بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەمواری یاساكەی هەمان كێشەی پێشوو دوبارە دەبێتەوەو نەمانتوانیوە هەنگاو بنێین بەرەو چارەسەری كێشەكان.

 

پەرەگراف: پارتی ڕازییە، پەرلەمان پێش ڕیفراندۆم دەست بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ببات؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەمە هەمووی قابیلی گفتوگۆیە لەو كۆبوونەوانەی كە دەكرێت، ئێمە حەزناكەین لەناو پەرلەمان باسبكرێت، بەڵام دەكرێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان باسبكرێت، هیوادارین لە كۆبوونەوەكاندا تێگەیشتنی هاوبەش دروست ببێت لەسەر هەموو كێشەكان.

 

پەرەگراف: ئەوەی تائێستا هەیە بەهۆی هەڵوێستی حزبەكانەوە لەو زۆنەی بە سەوزو نیلی ناسراوە، دەنگی نەخێر زۆرە، لە ئەگەری ڕێگریی لە ئەنجامدانی پڕۆسەكە لەو زۆنە پارتی پلانی بی هەیە؟
هۆشیار سیوەیلی: پلان بی دەبێت لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم باسبكرێت.

 

پەرەگراف: تائێستا ئەو پلانە هەیە؟ بیرتان لەوە نەكردووەتەوە؟
هۆشیار سیوەیلی: ڕەنگە پارتی پلان بی هەبێت، بەڵام ئەو لیژنەیە تائێستا باسی پلان بی نەكردووە ئەگەر لە زۆنی سەوزو نیلی ڕێگە نەدرا سندوقی دەنگدان دابنرێت‌و ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، لەبەرئەوەی هێشتا تێگەیشتنی ئێمە بەتایبەت بۆ یەكێتی ئەوەیە هاوكارە لەم پڕۆسەیەو نابێتە كۆسپ‌و تەگەرە، لەبەرئەوەی ئەمە پەیوەندی بە حزب‌و سەركردەكانەوە نییەو پەیوەندی بە میللەتێكەوە هەیە 100 ساڵە چاوەڕێی ئەوەیە.

 

پەرەگراف: پلان بی پارتی چییە؟
هۆشیار سیوەیلی: پارتی پلانی بی هەیە‌و ئاشكرا ناكرێت.

 

پەرەگراف: ڕاستە پارتی ئەگەر لە هەولێرو دهۆكیش بێت بەتەنها ئەم پڕۆسەیە ئەنجامدەدات؟
هۆشیار سیوەیلی: ئێمە وای نابینین بەتایبەت یەكێتی ڕێگربێت لە ڕیفراندۆم، لەبەرئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی، نەتەوەیی، سیاسی‌و ئەخلاقییە ئەوەندە قورسە یەكێتی ناتوانێت دژی بێت، ئەگەر یەكێتیش دژی بێت جەماوەرەكەی دژی نابێت.

 

پەرەگراف: بەڵام ئەگەر لەگەڵی نەبوو؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەگەر لەگەڵی نەبوو، پارتی پلانی بی هەیەو ناتوانێت بەتەنها جێبەجێی بكات‌و دەیباتە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی، پارتی هەرپلانێكی هەبێت بۆ ئایندەو بۆ پرسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەو لیژنە باڵایە باسیدەكات، چونكە ئەمە تەنها پەیوەست نییە بە پارتییەوە.

 

پەرەگراف: ئەوەندەی كاردانەوەكانی خەڵكتان بینیوە بەتایبەت لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، نەخێرێكی زۆر هەیە بۆ ڕیفراندۆم، ناترسن بەم دۆخەوە بچنە ئەوپڕۆسەیە شكست بهێنن‌و بەڵێ نەیباتەوە؟
هۆشیار سیوەیلی: هەموو ئەگەرێك واریدە، ناتوانیت بڵێی ڕیفراندۆم دەكەم‌و سەد لەسەد دەنگی بەڵێ دەیباتەوە، بەڵام تێگەشتنی ئێمە ئەوەیە هاوڵاتیانی كوردستان سەرباری جیاوازی سیاسی‌و حزبی، لەو بڕوایەداین بەشێكی زۆری هاوڵاتیان دەنگ بۆ بەڵێ دەدەن، خەڵك ویژدانی خۆی ئاسودە دەكات، ئەمە پرسێكی سۆزداریی‌و كاتیی نییە كە موچە نییە ئیتر دەبێ دژی ئایندەی گەل بوەستیت یان لەبەرئەوەی پارتی كارێكی كردووە دەبێت هەڵوێستێكی نەرێنی دژی ئایندەی گەلەكەت وەربگریت.

 

پەرەگراف: لە زۆنی سەوزو نیلی بەتایبەت وتاری گۆڕان ئەوەیە نەخێر بۆ پارتی‌و بارزانییە نەك بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی.
هۆشیار سیوەیلی: تێگەیشتنێكی هەڵەیە.

 

پەرەگراف: چۆن هەڵەیە؟
هۆشیار سیوەیلی: ڕاستە ڕەنگە سەرۆك بارزانی دەستپێشخەری كردبێت‌و وەك سەرۆكێكی ناسراوی كوردستانی‌و جیهانی كاری لەسەر ئەمە كردبێت، بەڵام ئەمە هی بارزانی نییە، ئەگەر گۆڕان بەوجۆرە بیردەكاتەوە هەڵەیە.

 

پەرەگراف: ڕای پەكەكەتان تاچەند بەلاوە گرنگە لەم پرسەدا؟
هۆشیار سیوەیلی: ئێمە حەزدەكەین هەموو دەوڵەت‌و لایەن‌و تاكێك لەگەڵ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی بێت، بەڵام ئەگەر لایەنێك لەگەڵی نەبوو بەلای ئێمەوە گرنگ نییە، بەتایبەت ئەوانەی دەرەوە چونكە ئەمە پرسێكی ناوخۆییە، ئێمە هێندەی ڕاوبۆچوونی لایەنێكی كوردستانیمان لاگرنگە ڕای لایەنێكی دەرەوەی هەرێممان لا گرنگ نییە.

 

پەرەگراف: پارتی‌و پەكەكە كۆبوونەوەیان كردووەو باسی ئەم پرسە كرابێت؟
هۆشیار سیوەیلی: ئاگادارنیم‌و باوەڕناكەم، بەڵام هەڵوێستی پەكەكە ئەوەیە لەگەڵ ڕیفراندۆمە‌و پشتگیری دەكات.

 

پەرەگراف: ڕیفراندۆم نابێتەهۆی كەمكردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان؟ بەتایبەت كە بەهۆی شەڕی داعشەوە پشتیوانییەكی زۆری هەرێم كرا.
هۆشیار سیوەیلی: ئەوەندەی هەڵوێستی نێودەوڵەتیمان خوێندوەتەوەو بەتایبەتی ئەوەندەی پەیوەندیكراوە بە ئەمەریكاو وڵاتانی دیكەشەوە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نابێتەهۆی كەمكردنەوەی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان.

 

پەرەگراف: هیچ وڵاتێك هەیە پێی وتبن پشتگیری ڕیفراندۆم‌و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەكەین لەكاتی ڕاگەیاندنی؟
هۆشیار سیوەیلی: ڕەنگە دەوڵەت هەبێت، بەڵام بەفەرمی ڕانەگەیەندرابێت.

 

پەرەگراف: بە فەرمی نا.
هۆشیار سیوەیلی: دەوڵەت هەیە، بەڵام بەفەرمی هەڵوێستی خۆی بەوشێوەیە دیاری نەكردووە، بەڵام بێگومان دەوڵەت هەیە لەگەڵ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستانە، ڕاستییەك هەیە عێراق دەوڵەتێكە خاوەن سەروەرییەو ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكانە، چاوەڕێی هیچ دەوڵەتێك مەكەن پێش ئەوەی خۆمان بڕیارماندابێت بڵێت لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانم، هەڵوێستی ئێران‌و توركیا تێدەگەم، حزبی سیاسی كوردستانی هەیە دژی سەربەخۆییە، ئینجا تۆ ئەبێت چی چاوەڕێ لە ئێران‌و توركیا بكەیت؟

 

پەرەگراف: كێیە ئەو حزبە؟
هۆشیار سیوەیلی: بە ئاشكرا بزوتنەوەی گۆڕان بەداخەوە ئەو هەڵوێستەیان گرتوەتەبەر، خەڵك هاندەدەن دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەدەن.

 

پەرەگراف: ئەوان ناڵێن نەخێر بۆ سەربەخۆیی.
هۆشیار سیوەیلی: خوێندنەوەیەكی هەڵەیە، هەر خوێندنەوەیەكی بۆ بكەن ئەگەر بڵێن نەخێر، دژی سەربەخۆیی كوردستان دەوەستنەوە پاساویان هەرشتێك بێت‌و چۆنی لێكبدەنەوە، كاتێك پرسیار لەخەڵك دەكرێت ئایا لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانی؟ من بڵێم نەخێر مانای وایە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانم، خۆ پرسیاری دیكە نییە‌و یەك پرسیارە، هەركەس بڵێت نەخێر مانای وایە دژی سەربەخۆیی‌و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە.

 

پەرەگراف: دەتوانیت ئەو وڵاتانە بڵێیت كە پیرۆزبایی لە دەوڵەتی كوردی دەكەن دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆم؟
هۆشیار سیوەیلی: ڕەنگە دەوڵەت هەبێت كە خەڵك چاوەڕێ نەكات لە ئایندەدا هەڵوێستی بەوشێوەیە ئەرێنی بێت‌و دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ یەكسەر دان بەو دەوڵەتەدا بنێت.

 

پەرەگراف: بۆ نمونە كوێ؟
هۆشیار سیوەیلی: ناكرێ ئێستا بوترێت، كاتێك ئیسرائیل سەربەخۆیی ڕاگەیاند یەكێتی سۆڤیەتی بە توندی دژی وەستایەوە، بەڵام هەر یەكێتی سۆڤیەت بوو وابزانم یەكەم دەوڵەت بوو دانی پێدانا.

 

پەرەگراف: ئیسرائیل یەكێك دەبێت لەو دەوڵەتانە؟
هۆشیار سیوەیلی: پەیوەندیمان نییە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام ئەوەندەی لە ڕاگەیاندنەوە دەیبیستین ئیسرائیل لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانە.

 

پەرەگراف: وەكو ناو ناوت نەوت، بەڵام وەك ژمارە دەتوانیت بڵێیت چەند دەوڵەت هەن؟
هۆشیار سیوەیلی: دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لەو بڕوایەدام ژمارەیەكی تەندروست لە دەوڵەتان دان بە بوونی ئەو دەوڵەتەدا دەنێن، 5 ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش هەن، هیچ یەكێك لەم دەوڵەتانە دژی سەربەخۆیی كوردستان نین، ڕاستە كاتەكەی بە گونجاو نازانن‌و ترسی ئەوەیان هەیە ئەم هەنگاوە ببێتەهۆی لاوازكردنی بەرەی دژی تیرۆرو كۆمەڵێك مەترسییان هەیە، بەڵام یەك دەوڵەتم بۆ بدۆزەرەوە بڵێ ئێمە دژی سەربەخۆیی‌و ڕیفراندۆمین، ئەمە بۆ ئێمە سەرمایەیەكی گەورەیە، چونكە كاتێك سەربەخۆیی ڕادەگەیەندرێت دەبێت داوای ئەندام بوون لە نەتەوەیەكگرتووەكان پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایش بكرێت، لەبەرئەوە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لەماوەیەكی كەمدا دەوڵەتی كوردستان دەبێتە ئەندام لە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و وەكو هەموو دەوڵەتێكی دیكەی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هەروەها هیچ وڵاتێكی عەرەبیش دژی پڕۆسەكە هەڵوێستیان وەرنەگرتووە، ئەوەش شتێكی گەورەیەو لە 100 ساڵی ڕابردوودا شتیوا نەبووە.

 

پەرەگراف: هەڵوێستی بەغدا بەگشتی دژی پڕۆسەكەیە، بەتایبەت لەناوچەكانی مادەی 140 ئەگەر هەیە بەغدا بتوانێت ڕێگریی بكات لە دانانی سندوقی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم؟
هۆشیار سیوەیلی: بەشێكی كەم لەو ناوچانەی كوردستانین‌و لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانن لەژێر كۆنتڕۆڵی سوپاو حەشدی شەعبیدان، بەشێكی هەرەزۆری لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان.

 

پەرەگراف: ئەوناوچانە هیچ مەترسییان لەسەر نییە؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان، نەخێر.

 

پەرەگراف: بەغدا ناتوانێت ڕێگریی بكات؟
هۆشیار سیوەیلی: نا، ئەگەر بیتوانیایە ئەو ناوچانەی لێوەردەگرتینەوە كە ئێستا لە هەوڵی بەردەوامدایە، پێشمەرگە ئەو ناوچانەو سندوقی دەنگدان دەپارێزێت، باوەڕناكەم سوپاو حەشد بتوانن كێشەیەكی ئەوتۆ دروست بكەن.

 

پەرەگراف: ئەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی سوپاو حەشد دان؟
هۆشیار سیوەیلی: ڕەنگە عێراق نەیەڵێت، بێگومان نایەڵێت كە ڕیفراندۆمیان تێدا ئەنجامبدرێت، بەڵام بەشێكی كەمی ناوچە كوردستانیەكانن، بۆنمونە شنگال بەشێكی زۆری بەدەست پێشمەرگەوەیەو بەشێكی بەدەست پەكەكەوەیەو بەشێكی بەدەست حەشدی شەعبییەوەیە، ئێمە هەوڵەدەین سندوقی دەنگدان لەو ناوچانە دابندرێت، بەڵام چاوەڕێ ناكەین.

 

پەرەگراف: پەكەكە ڕێگەدەدات؟
هۆشیار سیوەیلی: نازانم، بەوپێیەی ئەوان لەگەڵ ڕیفراندۆمن ڕەنگە كێشە بۆ دانانی سندوقی دەنگدان دروست نەكەن.

 

پەرەگراف: ئەمە بەو مانایە دێت كە كوردستان دەبێت دەست لەو ناوچانە بشوات؟
هۆشیار سیوەیلی: نا بەهیچ شێوەیەك.

 

پەرەگراف: ئەی ئەگەر نەیەنە پڕۆسەكەوە چۆن حسابیان بۆ دەكرێت؟
هۆشیار سیوەیلی: قەزایەك لە 5 ناحیە پێكهاتووە، ئەگەر 4 ناحیە دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن، ئەمە زۆرینە نییە لەو قەزایە؟

 

پەرەگراف: بەم هاوكێشەیە چارەسەری دەكەن؟
هۆشیار سیوەیلی: ئەگەر زۆرینە، بۆنمونە لە شەنگال دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن، مانای ئەوەیە شەنگال وەكو خەڵك‌و قەزاكە لەگەڵ سەربەخۆییە، ئەگەر لەسەدا 10 لەژێر كۆنتڕۆڵی حەشدو سوپا بێت‌و ڕێگەنەدەن بەشداربن، ئەو لەسەدا 90ی دەنگی بەڵێ دەدات دەنگی بەڵێی زۆرینەیە.