وتەبێژی گۆڕان بۆ پەرەگراف: بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی بڕیار لای جڤاتی نیشتمانییە‌

30-07-2017 03:18
سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی سلێمانی، 22-5-2017. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر داواكارییەكەی پارتی بۆ كۆبوونەوەی دووقۆڵی هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیی پیشان نەداوە، وتەبێژی گۆڕان دەڵێت، بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی بڕیار لای جڤاتی نیشتمانییە.

 

تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەی پارتی‌و گۆڕان كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەبێت، ئەمڕۆش ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاریدا لە ماوەی 2 هەفتەدا پەرلەمان دەستبەكار بكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و پشتیوانیی ڕیفراندۆم. 

 

گۆڕان خۆڕێكخستنەوەی ناوخۆیی‌و هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی كرد بەهۆكاری وەڵامنەدانەوەی ئەو داواكارییەی ناوەڕاستی ئەم مانگە لەلایەن پارتییەوە پێی گەیشت بۆ كۆبونەوەی دووقۆڵی، هەرچەندە 5 ڕۆژە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان تەواوبوون، بەڵام هێشتا ئەو بزوتنەوەیە ئامادەنییە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی.

 

شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، پێشتر ئەو وەڵامەیان بە پارتی داوەتەوە كە دوای خۆڕێكخستنەوەو هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانیان وەڵامیان دەدەنەوە، وتی"كەی ئامادەبوین وەڵامیان دەدەینەوە."

 

شۆڕش حاجی كە هاوكات ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانە وتیشی"بڕیار لای جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە، جڤاتی نیشتمانی كەی كۆبوەوە ئەوكاتە هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین‌و وەڵامیان دەدەینەوە."

 

هێشتا وادەی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دیاری نەكراوە، پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندیكرد بە جەمال محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

 

داواكردنی كۆبوونەوەی دوقۆڵی لەلایەن پارتییەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دوای ئەوەدێت كە پارتی ڕازی بوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ پۆستەكەی، بەڵام بەومەرجەی كاراكردنەوەكە لە خزمەتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا بێت.

 

ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا كە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو، سێ بڕیار دران، كە یەكێكیان تایبەتە بە پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و دەڵێت"كۆبوونەوە بڕیاری دا لە ماوەی دوو هەفتە دا پەرلەمانی كوردستان دەست بە كار بكات بۆ چارەسەری كێشەكان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم."

 

بڕیاری دەستبەكار كردنەوەی پەرلەمان لەو كۆبوونەوەیەدا لە كاتێكدایە بزوتنەوەی گۆڕان كە لایەنی سەرەكی ئەو پرسەیەو سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی ئەوە، بەهۆی بایكۆتكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و بە "حزبیی" دانانی ئەو پڕۆسەیە نوێنەری لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا نییە.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015 ئەو حزبە مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات.

 

پێشتر پەرەگراف لە زاری بەرپرسێكی باڵای گۆڕانەوە ئەوەی ئاشكراكرد كە ئەو بزوتنەوەیە ڕازی نابێت بە كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ مەبەستەكانی پارتی.

 

"پەرلەمان بۆ ئیشی خۆی دەستبەكارەكانی دەكاتەوە نەك ئیشی بۆ دابنرێت، لە كوێی دونیا هەبووە دەسەڵاتی جێبەجێكردن (ئەگەر كاك مەسعود سەرۆكیش بێت كە ئێمە پێمان وانییە) بە دەسەڵاتی یاسادانان بڵێت وابكەو وامەكە" بەرپرسەكەی گۆڕان وای وت.

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان تەئكیدی لەوەكردەوە هەڵوێستی بزوتنەوەكەی ئەوەیە ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و پرسی بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان‌و كارەكانی خۆی دەبێت، وتیشی"بۆ پرسی ڕیفراندۆم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەناویاندا پارتی دەتوانن ڕێوشوێنی بۆ بگرنەبەر، هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی شەرعیی نییە، ئەگەر یاساش دەربچێت كێ واژۆی بكات؟ دەبێت پێشتر پرسی سەرۆكایەتی بە یاسا چارەسەربكرێت."

 

هاوكات لەبارەی ئەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان لای گۆڕان چیی دەگەیەنێت، شۆڕش حاجی دەڵێت"پێشتریش هەر ئەوەمان وتووە، لای ئێمە ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان بێ پێشمەرج‌و بێ پاشمەرجە."

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی ئەو كۆبوونەوەیەو تەواوی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان بایكۆت كردووەو بەشدارنین تێیدا، پێیانوایە ئەوە كاری پەرلەمانە نەك حزب.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییە، لەسەر ئاستی دەرەوەش پرسەكە كاردانەوەی لێكەوتۆتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو، بەتایبەت ئێران بەتوندی دژایەتیی دەكات.