پەرەگراف
مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم كارتی فشار نییەو دەرمانی برینەكانی ئەنفالو كیمیایی بارانو ئێزدییەكان تەنها سەربەخۆییەو دەرمانی دیكەی نییە.
ئەو وتانەی بارزانی لە میانی وتارێكدا هات كە لە ڕێوڕەسمی یادی ئەنفالی بارزانییەكان پێشكەشیكرد، یادەكە لە بارزان بەڕێوەچوو، بەرپرسانی حكومیو حزبیو نوێنەری وڵاتان ئامادەی بوون.
مەسعود بارزانی لە بەشێكی وتارەكەیدا تیشكی خستەسەر پەیوەندییەكانی كوردستانو بەغداو باسیلەوەكرد بارزانییەكان زیاتر لە 100 ساڵە خەباتیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان كردووەو خۆی بە قوتابی ئەو قوتابخانەیە ناوبرد كە بەردەوام دەبن لەسەر ئەو خەباتە.
بارزانی پەیوەندی كوردستانو بەغدای بە دوو قۆناغ باسكرد، قۆناغی یەكەم 1920 تا 2003و قۆناغی دووەم لە 2003 تائێستا، هەردوو قۆناغەكەی بە شكست خواردوو وەسفكردو بەغدای تۆمەتباركرد كە شەراكەتی ڕاستەقینەی پەیڕەونەكردووە.
بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، بەغدا ماددەی 140ی دەستوری جێبەجێ نەكردووەو هاوكاری هێزی پێشمەرگەی نەكردووە، بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانیشی بە تاوانێكی گەورە ناوبرد، وتی"لەهەموو تاوانەكان گەورەتر ئەوەبوو نانی خەڵكی كوردستانیان بڕی، گریمان كێشە هەیەو خەتای حكومەتی هەرێمیشە، بەڵام نانبڕینو بڕینی شیری منداڵ هیچی كەمتر نییە لە كیمیایی بارانو ئەنفال."
34 ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس هەشت هەزار كەسی بێ گوناهی بارزانییەكانی ڕاپێچی بیابانی باشووری عێراق كردو هەموویانی كۆمەڵكوژ و زیندەبەچاڵكرد، زۆربەی ئەو كەسانە ڕوفاتەكانیان نەدۆزراوەتەوەو تائێستا ڕوفاتی 800 كەسیان دۆزراونەتەوەو هێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
مەزاری بارزانییە ئەنفالكراوەكان، ناوچەی بارزان. فۆتۆ؛ پەرەگراف.
ڕژێمی بەعس لە سەرتاسەری كوردستان لە پڕۆسەی ئەنفالدا 182 هەزار كەسی كۆمەڵكوژو زیندەبەچاڵ كرد، تائێستا توانراوە ڕوفاتی 3 هەزار كەس بهێنرێتەوە، بارزانی بەڵێنی بە كەسوكاری هەموویاندا كە هەموو هەوڵێك دەدەن ڕوفاتەكان بهێننەوە بۆ زێدی خۆیان.
مەسعود بارزانی ڕەتیكردەوە ڕیفراندۆم كارتی فشاربێتو تەئكیدی كردەوە بۆ سەربەخۆیی كوردستانە، وتیشی"تەنها دەرمانی ئەو برینانەی لە دڵماندا دروست بووە، لە ئەنفالو خوشك و برایانی ئێزدیو كیمیایی باران، تەنهاو تەنها دەرمانی ئەوانە بەرەو سەربەخۆییو ئازادی چوونەو هیچ دەرمانی دیكەی نییە، هەموو دەرمانەكانی دیكەمان تاقیكردەوە سودی نەبوو.."
بارزانی ئاشكراشیكرد ساڵی ڕابردوو لەكاتی سەردانیدا بۆ بەغدا بە بەرپرسانی باڵای عێراقی وتووە، مادەم ناتوانن شەراكەتی ڕاستەقینە بكەن، با ببنە دوو دراوسێی باش، "كەس به جدی ئهوهی وهرنهگرت و بڕوایان وابوو كارتی فشارە، بەڵام ئهوه بۆ فشار دروستكردن نییهو قەناعەتە بۆ خەڵكی كوردستان دروست بووە، ئەوەبوو بڕیاردرا لە 25-9 بچنە سەر سندوقو بڕیار لەچارەنوسی خۆیان بدەن.."
ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕانو كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراقو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.
بارزانی داواشی لە هەموو گەلی كوردستانو حزبەكان كرد ئەنفالو كیمایی باران بیری خۆیان بهێننەوەو یەكڕیزبن، "یەكڕیزی باشترین چەكە بۆ گەیشتنە ئامانجەكانمان" تەئكیدی لەوەشكردەوە كورد نیەتی شەڕی نییە لەگەڵ بەغداو دەیانەوێت بە گفتوگۆ بگەنە ئەنجام، وتیشی"دۆستەكانمان هانمان بدەن بەخۆشی بژینو دوو دراوسێی باشبین بۆ یەكتری."
دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییە، لەسەر ئاستی دەرەوەش پرسەكە كاردانەوەی لێكەوتۆتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیاو ئێرانو عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدانو هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو، بەتایبەت ئێران بەتوندی دژایەتیی دەكات.