شاندێكی سوپای قودسی ئێران بۆ پرسی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانە

01-08-2017 03:08
ئامادەكردنی ئاڵای كوردستان. فۆتۆ؛ ئەی ئێف پی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

شاندێكی ئێرانی كە بەرپرسانی مەلەفی عێراق‌و هەرێمن لە سوپای قودس لە كوردستانن و لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكان كۆدەبنەوە.

 

ئێران بە ئاشكرا دژایەتی ئەو ڕیفراندۆمە دەكات كە بڕیارە 25-9 لە كوردستان ئەنجامبدرێت، ئەو وڵاتە فشاری توندی خستوەتەسەر حزبەكانی هەرێم بۆ پاشگەزبوونەوە لە ڕیفراندۆم.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە هاتنی ئەو شاندەی ئێران، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو شاندە ئێرانییەكە دوێنێ لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبوونەتەوەو ئەمڕۆش چاویان بە بەرپرسانی باڵای یەكێتی دەكەوێت‌و مەبەستی سەرەكی هاتنەكەیان پرسی ڕیفراندۆمە.

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر هاتنی ئەو شاندە پەیوەندیكرد بە هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام وتی"هیچ زانیارییەكم نییە لەوبارەیەوە."

 

هاوكات دوو سەرچاوە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەرچەندە هاتنی ئەو شاندە ئێرانییەیان ڕەتنەكردەوە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەك ئاشكرابكەن.

 

كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بە هاتنی ئەو شاندەی ئێران كردووەو دەڵێت، لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ كۆبوونەتەوە.

 

شاندەكەی ئێران دانایی فەڕ باڵیۆزی پێشوی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتی دەكات كە ئێستا بەرپرسی مەلەفی عێراقە لە سوپای قودس، هەریەكە لە مسگەریان بەرپرسی مەلەفی كوردستان لە سوپای قودس‌و عینایەتی ئەندامی ژوری كوردستان هاوڕێیەتی دەكەن.

 

كۆبوونەوەی شاندە ئێرانییەكەو عەلی باپیر. فۆتۆ؛ ماڵپەڕی پەیام.

 

پەرەگراف زانیویەتی شاندەكە جگە لە مەسعود بارزانی‌و عەلی باپیر، لەگەڵ هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی لە پارتی، كۆسرەت ڕەسوڵ‌، بەرهەم ساڵح‌، مەلابەختیار، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد‌و بافڵ تاڵەبانی لە یەكێتی‌و سەلاحەدین بەهادین لە یەكگرتووی ئیسلامی كۆبوەتەوە.

 

لەبارەی فشارەكانی ئێران، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دەڵێت"فشارەكان وەك خۆیەتی‌و ڕوون‌و ئاشكرایەو بە شاندی یەكێتیشیان وتووە كە چونە تاران، ئەوان دژی ڕیفراندۆمن."

 

پێشتریش لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پەرەگراف، سیوەیلی ئەوەی خستەڕوو، بەشێوەیەكی گشتی ڕای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە، بەڵام هەڵوێستی دوو وڵات جیاوازە لە وڵاتانی تر، ئەویش ئێران‌و توركیان، هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتەشی بە جیاواز ناوبرد، وتی"ئێران هەڵوێستێكی زۆر ڕەقتری هەیە‌و بە هەموو شێوەیەك دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە، توركیاش هەرچەندە لەگەڵ ڕیفراندۆم نییە، بەڵام هەڵوێستەكەی بەراورد بە ئێران نەرمترە."

 

فشارەكان لەكاتێكدا بەرپرسانی هەرێم سوورن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا، دوێنێش مەسعود بارزانی ئەوەی تەئكید كردەوە كە 25-9 ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامدەدرێت.

 

بارزانی ڕەتیكردەوە ڕیفراندۆم كارتی فشاربێت، وتیشی"تەنها دەرمانی ئەو برینانەی لە دڵماندا دروست بووە، لە ئەنفال‌و خوشك و برایانی ئێزدی‌و كیمیایی باران، تەنهاو تەنها دەرمانی ئەوانە بەرەو سەربەخۆیی‌و ئازادی چوونەو هیچ دەرمانی دیكەی نییە، هەموو دەرمانەكانی دیكەمان تاقیكردەوە سودی نەبوو."

 

ئێران لە ئاستی باڵادا بە هەڵوێستی فەرمی‌و لێدوانی توند دژایەتی ڕیفراندۆمی كردووە، ئەو وڵاتە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو لەسەر هەمان پرس شاندێكی باڵای یەكێتی بانگهێشتی تاران كرد.

 

شاندەكەی یەكێتی ماوەی 3 ڕۆژ لە تاران مایەوەو پرسی ڕیفراندۆمی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێ كرد، لەهەمانكاتدا ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا سەردانی هەرێمی كرد‌و دوو ڕۆژ لە شاری هەولێر مایەوەو لەگەڵ حزبەكان‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوەوەو پرسی ڕیفراندۆمی لەگەڵیاندا تاوتوێ كرد.

 

كاتێك شاندەكەی یەكێتی لە تاران بوو، ئێران بەردەوام بوو لە لێدوانە توندەكانی دژی ڕیفراندۆم، سەرۆك ئەركانی هاوبەشی هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە، ڕیفراندۆمەكەی بە "دەستپێكی كێشەیەكی نوێ" ناوبرد‌و وتی، بەهیچ جۆرێك قبوڵی ناكەن، هاوكات سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پێیوابوو ڕیفراندۆم دەبێتەهۆی لاوازبونی كورد.

 

سەرلەشكەر محەمەد باقری سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی هێزە سەربازییەكانی ئێران لە كۆڕبەندی فەرماندەكانی سوپای پاسداراندا وتی"دوای شكستی داعش‌و شەڕێكی سێ ساڵە لەگەڵ تیرۆریستان، بە پەلە باسكردن لە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان‌و جیاكردنەوەی بەشێك لە عێراق، بابەتێكی ئاسایی نییە."

 

باقری وتیشی"باسكردن لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق دەستپێكێكە بۆ سەرهەڵدانی كێشەو تەنگژەی نوێ لەم ناوچەیەو ئەم پرسە بە هیچ جۆرێك لەلایەن دراوسێیەكانی عێراقەوە قبوڵ ناكرێت."

 

ئەو بەرپرسە سەربازییە باڵایەی ئێران، ئەوەشی خستوەتەڕوو پاراستنی سەربەخۆیی‌و یەكپارچەیی عێراق لە بەرژەوەندی سەرجەم پێكهاتەكانە، پێشنیاری ئەوەشی كردووە كێشەكانی عێراق بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.

 

هاوكات عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە باڵاكەی یەكێتی لە تاران ڕایگەیاند"ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی پەراوێز كەوتن و لاوازبوونی كوردستان و بە گشتی هەموو وڵاتی عێراق."

 

شەمخانی وەك ئاماژەیەك بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە كوردستان، وتی"ئەگەرچی ڕەنگە بە ڕواڵەت ئەم بابەتە خۆش بێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی پەراوێزكەوتن و گوشار لە سەر كوردەكانی عێراق و لاواز بوونی كوردستان".

 

ئەوبەرپرسە باڵایەی ئێران باسیلەوەشكرد، ڕیفراندۆم لەگەڵ سیاسەت و ژیری بەرپرسانی عێراقی یەكناگرێتەوە، وتیشی"تاران بۆ گەل، پارتە سیاسییەكان و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان ئاواتی ئاسایش، گەشەی ئابووری و حەسانەوەمان هەیە كە هاتنە دی ئەم ئاواتە دەبێتە لەمپەڕێك لە بەردەم چالاكی و گەشەی گرووپە تیرۆریستییەكاندا."

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی بارزانی‌و حزبەكاندا كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.