شەنگال لە نێوان سێ بەرداشدا

03-08-2017 03:32
مانگی ئابی 2014، خێزانێكی ئێزدی له‌ به‌ر مه‌ترسییه‌كانی داعش ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون. فۆتۆ؛ ئاژانسی ئەنادۆڵ.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

عەلی شەنگالی لە كەمپی ئاوارەكان لە دهۆك نیشتەجێیە، زوو زوو چاودێری هەواڵەكانی شەنگال دەكات، بەڵام ئەو جارێ بڕیارینەداوە بگەڕێتەوە، "چونكە ئەوان باشور، خۆرئاوا و خۆرهەڵاتیان لێگرتووین"، عەلی بە دەنگی بەرزتر دەڵێت"تەنانەت ئاوی لێ نییە و ڕوناكی كارەباش نابینیت."

 

عەلی یەكێكە لەو سەدان ئاوارە ئێزدییەی كە لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆداو لە 3ی ئابی 2014 ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوو و دوای نزیكەی دوو ساڵ لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شەنگالی زێدی مێژوویی ئێزدییەكان، بەربەستی ئەمنی، سیاسیی‌و خزمەتگوزاریی ڕێگەی گەڕانەوەی پێنادەن.

 

"هۆكاری سەرەكی نەگەڕانەوەمان بوونی ململانێی نێوان هێزەكانە لە شەنگال، باشوری شەنگال بەدەست حەشدی شەعبیەوەیە، خۆرئاوا بەدەست هێزەكانی یەپەگەیەو ناوەوەی شەنگالیش بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە، ئەوان ململانێیان هەیەو ناوبەناو خەڵكی ئێمە دەبنە قوربانی‌و دەكوژرێن"، عەلی بەم شێوەیە باسی هۆكاری نەگەڕانەوەی كرد، وتیشی"نە كارەباو نە هیچ خزمەتگوزارییەكی دیكە لە شارەكەدا نییە."

 

"نازانین ڕوو لەكوێ بكەین"

 

ئێزدییەكان كە پریشكی گەورەی هێرشەكانی داعشیان بەركەوت لە عێراق، لەكۆی 550 هەزار كەس 390 هەزاریان ئاوارەبوون‌و لە كەمپەكاندا دەژین، 90 هەزاریشیان بەیەكجاریی عێراقیان بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتووە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

هەرچەندە شەنگال(بەدووری 120كم لە خۆرئاوای موسڵ) لە كۆتایی ساڵی 2015 كۆنتڕۆڵكراوەتەوە، بەڵام بە سەدان كەس هێشتا لە كەمپەكانن‌و لە بارودۆخێكی باشدا ناژین.

 

عەلی بە (كەركوك ناو)ی وت"نازانین ڕوو لە كوێ بكەین… داهاتوومان هیچ لێ دیار نییەو بووینەتە قوربانی ململانێی سیاسی."

 

هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) و پارتی دیموكراتی كوردستان ململانێی سیاسییان لە قەزای شەنگال هەیەو لە 3ی ئاداری ئەمساڵدا پێكدادان لەنێویاندا ڕوویدا و كوژراو و بریندار لێكەوتەوە.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە حەشدی شەعبی سەر بە حكومەتی عێراق و پێشمەرگە لەهەمان قەزا كێشەی گرتنەدەستی ئاسایشی قەزاكەیان هەیەو ناكۆكن، كە ناوچەیەكی "جێناكۆكە" بەپێی دەستووری عێراق‌و خاوەندارێتی لەنێوان هەولێر و بەغدا یەكلایینەكراوەتەوە.

 

میرزا دنایی، كە چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنیی و ئێزدییە بە (كەركوك ناو)ی وت "سێ ساڵە ئێزدییەكان لە چادرگەو كەمپەكاندا ژیان بەسەردەبەن، ئەمەش كاریگەری دەروونی لێكەوتۆتەوە… ئەوان دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئارام بژین."

 

بەرەكات كە چەند جارێك سەردانی شەنگالی كردووە، دەڵێت"هیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەش نەكراوە… تەنانەت ئەگەر بتەوێت بچیتە شەنگال دەبێت زیاتر لە شەش بازگە ببڕی، هەر بازگەیەك بە جۆرێك لێت دەپرسن بۆچی دەچیتە شەنگال؟."

 

بەشێكی كەم لە خێزانە ئێزدییەكان گەڕاونەتەوە شەنگال، فەلاح بەرەكات حاجۆ یەكێكە لەو خێزانانە و وتی "دۆخی ئەمنی شەنگال زۆر مەترسیدارە و ڕۆژانە خەڵك دەكوژرێت، كەسیش نازانێت ئەو هێزەی مەدەنی دەكوژن كێن."

 

ناوەندی شەنگال بەدەست هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمەوەیە، بەرەكات وتی "هێزی كوردی لەمەدا بەرپرسە، ئەوان زۆرینەن لەناو شەنگال و بەرپرسیارێتی زیاتریان هەیە."

 

بەرەكات پێشتر ئاوارەی چیای شەنگال بووەو چەكی دژی داعش هەڵگرتووە، وتیشی"نە ئاو هەیە نە كارەبا، حكومەتی عێراق مۆلیدەی كارەبای دابین كردووە، بەڵام گازی بۆ دابین ناكات… خەڵكی بەپارەی خۆیان گاز دەكڕن."

 

مەحما خەلیل، قایمقامی شەنگال، ڕاشكاوانە دەڵێت "هیچ" دۆسیەیەكی پەیوەست بە شەنگال چارەسەر نەكراون، لەوانە گەڕانەوەی خەڵكەكەی، ئاوەدانكردنەوەی شەنگال‌و چارەنووسی بێسەروشوێنەكان.

 

"من خۆشم ناڕازیم لە دۆخەكە، هۆكارەكەی ئەوەیە لە ئاستی حكومەت وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكە نەكراوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكە و ئاوەدانكردنەوەی، جگە لەمە هەبوونی سێ هێزی جیاواز لە ناوچەكەدا زیانی بە شەنگال گەیاندووە" مەحما خەلیل وای وت.

 

لەبارەی كوژرانی هاوڵاتیانی ئێزدی لەناو شەنگال، وتی "لیژنە بۆ گەڕان بەدوای بكوژاندا پێكهێنراوە، بەڵام هێشتا كەس دەستگیرنەكراوە… كوشتن كەمتر بووەتەوە، دوای هاتنی ئاسایش بۆ ناوچەكە."