سەرۆكایەتی هەرێم ڕەتیدەكاتەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پەیوەندی بە بارزانییەوە كردبێت

05-08-2017 03:08
مەسعود بارزانی‌و ڕێكس تیلەرسن.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە كردبێت، ئەوەش دوای ئەوەی پەیجی فەرمیی كونسوڵخانەی ئەمەریكا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ناوەرۆِكی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی تێدا ئاشكراكرد.

 

د.ئومێد سەباح وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێم ڕایگەیاند"لە ژمارەیەك میدیاو دەزگەی ڕاگەیاندن وا بڵاوكراوەتەوە كە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كردووە. لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم هەواڵە ڕاست نییە و جەنابی سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەم ڕۆژانەدا پەیوەندی تەلەفۆنیان نەبووە."

 

دوای ئەو ڕاگەیەندراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، پەیجی فەرمی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لەهەولێر ڕاگەیەندراوەكەی لابرد، كە تێیدا ئەوە خرابووەڕوو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی جەختی لە بەرهەڵستی وڵاتەكەی كردووەتەوە لە پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

 

كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر باسلیەوەكردبوو، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ڕێكس تیلەرسن لەگەڵ بارزانی دوێنێ ئەنجامدراوەو لەمیانی پەیوەندییەكەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا‌و بارزانی تاوتوێی دواین پێشهاتە سیاسیی‌و ئەمنییەكانی عێراقیان كردووەو تیلەرسن ستایشی ئازایەتی پێشمەرگەی كردوەو سوپاسی كردوون بۆ ڕۆڵی سەرەكییان لە شكستپێهێنانی داعش لە موسڵ.

 

"وەزیری دەرەوە جەختی كردەوە لە بەرهەڵستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی‌و پەیامی پشتگیریی بەردەوامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای گەیاند بۆ عێراقێكی دیموكراتیی فیدراڵیی یەكگرتوو"كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر وای نوسیبوو.

 

هاوكات برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتی دژی داعش ڕایگەیاند، وڵاتەكەی دژی ڕیفراندۆمی كوردستانە كە دەسەڵاتدارانی كورد دەیانەوێت 25-9 ئەنجامی بدەن، وتی"ئەمە شتێكە كە ئەمریكا، بە تووندی، بە تووندی دژیەتی."

 

ڕیفراندۆمەكەی كوردستان كە بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت لەكاتێكدایە بەرپرسانی باڵای هەرێم بەردەوام دەڵێن، بەشێوەیەكی گشتی ڕای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە، تەنها هەڵوێستی دوو وڵات جیاوازە لە وڵاتانی تر، ئەویش ئێران‌و توركیان‌و توركیا نەرمترە.

 

ئێران لە ئاستی باڵادا بە هەڵوێستی فەرمی‌و لێدوانی توند دژایەتی ڕیفراندۆمی كردووە، هەفتەی ڕابردووش شاندێكی ئێرانی كە بەرپرسانی مەلەفی عێراق‌و هەرێم بوون لە سوپای قودس لە كوردستان بوون‌و لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكان كۆبوونەوە.

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی بارزانی‌و حزبەكاندا كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.