ئەندامێكی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی بۆ پەرەگراف دەدوێت

06-08-2017 04:34
سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی سلێمانی، 22-5-2017. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بزوتنەوەی گۆڕان هێشتا كاتی كۆبوونەوە ناوخۆییەكانی دیاری نەكردووە كە تێیدا وەڵامدانەوەی پارتی ئامادە دەكرێت بۆ كۆبوونەوە لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە 22 ڕۆژە پارتی لە ئاستی باڵادا داوای كۆبوونەوەی دووقۆڵی لە گۆڕان كردووە، 8 ڕۆژیش بەسەر ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم تێپەڕیوە كە تێیدا ماوەی 2 هەفتە دیاریكرا بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.

 

گۆڕان خۆڕێكخستنەوەی ناوخۆیی‌و هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی كرد بەهۆكاری وەڵامنەدانەوەی ئەو داواكارییەی ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو لەلایەن پارتییەوە پێی گەیشت بۆ كۆبونەوەی دووقۆڵی، هەرچەندە 11 ڕۆژە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان تەواوبوون، بەڵام هێشتا ئەو بزوتنەوەیە ئامادەنییە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی.

 

بۆ وەڵامدانەوەی داواكارییەكەی پارتی، بڕیار لە دەست جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە كە دامەزراوەی سەركردایەتی بوارەكانی كاری سیاسی، ڕێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی‌و میدیایی بزوتنەوەكەیەو بەرزترین دەسەڵاتە لە نێوان دوو هەڵبژاردندا.

 

هاوكات سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، باسلەوەدەكات پێش كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی كۆدەبێتەوە كە دامەزراوەیەكی ڕاوێژكارییەو كۆمەڵێك ڕاسپاردەو ڕاوێژ دەداتە جڤاتی نیشتمانی‌و ئەوانیش گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن‌و دواتر بڕیار دەدرێت بۆ وەڵامدانەوەی پارتی.

 

د.ڕەئوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی گشتی‌و ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان كە ئەو خانەیە بەرپرسە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانی، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، هێشتا كات دیاری نەكراوە بۆ كۆبوونەوە ناوخۆییەكانی گۆڕان لەبارەی وەڵامدانەوەی پارتی، وتی"لەم ڕۆژانەدا كاتی كۆبوونەوەكان دیاری دەكرێت، كاتی كۆبوونەوەی جڤاتی گشتیش دیارینەكراوەو لەم دوو، سێ ڕۆژەدا دیاری دەكرێت."

 

تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەی پارتی‌و گۆڕان كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەبێت، پارتی تەواوی مەرجەكانی خۆی لەوبارەیەوە لابردووە، بەڵام دەیەوێت كاراكردنەوەكە لە خزمەت پڕۆسەی ڕیفراندۆمدابێت كە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتیان كردووە.

 

لە كۆبوونەوەی 30-7-2017 ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاریدا لە ماوەی 2 هەفتەدا پەرلەمان دەستبەكار بكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و پشتیوانیی ڕیفراندۆم.

 

بڕیاری دەستبەكار كردنەوەی پەرلەمان لەو كۆبوونەوەیەدا لە كاتێكدایە بزوتنەوەی گۆڕان كە لایەنێكی سەرەكی ئەو پرسەیەو سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی ئەوە، بەهۆی بایكۆتكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و بە "حزبی‌و نایاسایی" دانانی ئەو پڕۆسەیە نوێنەری لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا نییە.

 

لەبارەی ئەوەی تا چەند دواكەوتنی كۆبوونەوەكانی گۆڕان بە مەبەستە بۆ درەنگ وەڵامدانەوەی پارتی‌و شكستهێنانی بڕیارەكەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان لە ماوەی 2 هەفتەدا، سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان وتی"باوەڕناكەم وابێت، كۆبوونەوە كات‌و ئامادەكاریی دەوێت."

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015 ئەو حزبە مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە لە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

پێشتر پەرەگراف لە زاری بەرپرسێكی باڵای گۆڕانەوە ئەوەی ئاشكراكرد كە ئەو بزوتنەوەیە ڕازی نابێت بە كاراكردنەوەی پەرلەمان "بۆ مەبەستەكانی پارتی."

 

"پەرلەمان بۆ ئیشی خۆی دەستبەكارەكانی دەكاتەوە نەك ئیشی بۆ دابنرێت، لە كوێی دونیا هەبووە دەسەڵاتی جێبەجێكردن(ئەگەر كاك مەسعود سەرۆكیش بێت كە ئێمە پێمان وانییە) بە دەسەڵاتی یاسادانان بڵێت وابكەو وامەكە" بەرپرسەكەی گۆڕان وای وت.

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان تەئكیدی لەوەكردەوە هەڵوێستی بزوتنەوەكەی ئەوەیە ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و پرسی بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان‌و كارەكانی خۆی دەبێت، وتیشی"بۆ پرسی ڕیفراندۆم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەناویاندا پارتی دەتوانن ڕێوشوێنی بۆ بگرنەبەر، هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی شەرعیی نییە، ئەگەر یاساش دەربچێت كێ واژۆی بكات؟ دەبێت پێشتر پرسی سەرۆكایەتی بە یاسا چارەسەربكرێت."

 

هاوكات لەبارەی ئەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمان لای گۆڕان چیی دەگەیەنێت، شۆڕش حاجی وتەبێژی گۆڕان دەڵێت"پێشتریش هەر ئەوەمان وتووە، لای ئێمە ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان بێ پێشمەرج‌و بێ پاشمەرجە."

 

ئێستا 6 ڕۆژ لەوكاتە ماوە كە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمان دیاری كردبوو، پێناچێت لەو ماوەیەدا گۆڕان‌و پارتی كۆببنەوەو بگەنە ڕێككەوتن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان شكست دەهێنێت؟ یاخود پەرلەمان بەبێ بزوتنەوەی گۆڕان لەو ماوەیەدا كارادەكرێتەوە؟.