پەرەگراف
كۆسرەت ڕەسوڵ تەئكید لە گرنگیی كاراكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمانی كوردستان دەكات بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی هەرێم، بە مافی گەلی كوردیشی دەزانێت ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدات.
ئەو وتانەی كۆسرەت ڕەسوڵ لە میانی كۆبوونەوەیەكیدا بووە لەگەڵ فرانك بەیكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كە ئەمڕۆ لە سلێمانی بۆ نانی بەیانی میوانداریی كردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی تەئكیدی لەوەكردووەتەوە، لەپێناو بەردەوامی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمو پێویستی چارەسەركردنی تەواوی كێشە جۆراوجۆرەكان لە ڕێگەی پەرلەمانەوە كە نوێنەری شەرعیی خەڵكی كوردستانە، پێویستە پەرلەمان بەبێ مەرج كارابكرێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان كاتی كۆبوونەوە ناوخۆییەكانی دیاری نەكردووە كە تێیدا وەڵامی داواكارییەكی پارتی ئامادە دەكرێت بۆ كۆبوونەوەیان لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان.
23 ڕۆژە پارتی لە ئاستی باڵادا داوای كۆبوونەوەی دووقۆڵی لە گۆڕان كردووە، 9 ڕۆژیش بەسەر ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم تێپەڕیوە كە تێیدا ماوەی 2 هەفتە دیاریكرا بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
كۆسرەت ڕەسوڵ ئەوەشی خستوەتەڕوو، یەكێتی لە ئێستادا "لە هەوڵی بێوچاندایە لە پێناو كەمكردنەوەی دووری نێوان لایەنە ناكۆكەكانی هەرێمو گێڕانەوەی شەرعییەت لە پڕۆسەی سیاسیو حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستانو دۆزینەوەی ڕێگا چارەی خێرا و گونجاو بۆ كێشە ئابوورییەكانو باشكردنی ژیانو گوزەرانی خەڵكو پێشكەشكردنی ئاستێكی باشتر لەخزمەتگوزاریەكان."
هاوكات باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، لە تویتەری فەرمی خۆیەوە سوپاسی كۆسرەت ڕەسوڵی كردووەو دەڵێت"بەریتانیا پێشوازی لە هەوڵەكانی یەكێتی دەكات بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان."
لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015 ئەو حزبە مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە لە 25-9 ئەنجامبدرێت.
كۆسرەت ڕەسوڵو فرانك بەیكەر.
لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا، كۆسرەت ڕەسوڵ لەبارەی ڕیفراندۆمەوە ئەوەی خستوەتەڕوو، گەلی كورد بە درێژایی مێژوو تاڵاوی چەشتووەو وەڵامی داخوازییەكانی بە سەركوتكردنی شۆڕشەكانیو سوتماككردنی خاكەكەیو ئەنفالكردنو كیمیایی بارانو وێرانكاریی وەرگرتۆتەوە.
"گەلی كوردیش مافی خۆیەتی وەك تەواوی گەلانی تری دونیا ئەگەر بەمەبەستی سەربەخۆیی ڕیفراندۆم ئەنجام بداتو بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات"كۆسرەت ڕەسوڵ وادەڵێت.
ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی بارزانیو حزبەكاندا كە گۆڕانو كۆمەڵ بایكۆتیان كرد بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیاو ئێرانو عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدانو هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.
لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستانو حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.