پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتنێكی نوێ ئەنجام دەدەن‌و لیژنە بۆ نووسینەوەی پێكدەهێنن

08-08-2017 07:28
كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی‌و مەلا بەختیار.

 

پەرەگراف

 

پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتن لەسەر هاوسەنگی لەناو حكومەت‌و ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان لە خۆبگرێت.

 

ڕێككەوتنەكە لە كۆبوونەوەی باڵای ئەمڕۆی ئەو دوو حزبەدا بڕیاری لەسەر دراوە كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بۆ نوسینەوەی ڕێككەوتنەكە.

 

دوای كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی، ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ پارتی ئاشكراكردو نێچیرڤان بارزانیش پشتڕاستی كردەوە.

 

مەلا بەختیار، ئەوەی خستەڕوو پێویستیان بە ڕێككەوتنێكی نوێیە لەگەڵ پارتی‌و ئەمڕۆش یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی كۆبوونەوەكەیان باسكردن بووە لە ڕێككەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان، وتی"ئایا لە ڕێككەوتنی ستراتیژی ڕابردوومان بەردەوام دەبین یان تەتەڵەی دەكەین؟ ئەو ئامانجانەی لە ڕێككەوتنی ستراتیژی هاتوونەتە دی كۆتاییان هاتووەو ئەوانەشی نەهاتوونەتە دی دەبێت پێكەوە خەبات بكەین بەدییان بهێنین."

 

پارتی‌و یەكێتی لەساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكردوە كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەناو خۆیاندا دابەشكرد.

 

ماوەی چەند ساڵێكە یەكێتی ئەو ڕێككەوتنەی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردۆتەوەو پێیوایە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوەو "هاوسەنگیی نەپاراستووە" لە دابەشكاریی پۆستە حكومییەكاندا.

 

مەلا بەختیار باسیلە ڕێككەوتنێكی نوێ كرد لەنێوان پارتی‌و یەكێتی، وتی"پێویست بە ڕێككەوتنێكی نوێ دەكات كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی دەخرێتە ناوڕێككەوتنە تازەكەو ڕێككەوتنەكەش بەشێوەیەك دەبێت كە لەسەر حسابی هیچ لایەك نابێت، تەنیا خاڵە هاوبەشەكان‌و ئامانجە هاوبەشەكانی پارتی‌و یەكێتی كۆدەكەینەوە و تێدەكۆشین بۆ ئەوەی بەدییان بهێنین."

 

هەرلە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند"ڕێككەوتوین لەسەرئەوەی ئەم قۆناغە نوێیە لە كوردستان پێویستی بە خوێندنەوەی نوێ هەیە‌و ڕێككەوتین لەسەر ئەوەی لیژنە دابنرێت‌و بەزوترین كات دەستبكەین بە جێبەجێ كردن‌و نوسینەوەی ئەو ڕێككەوتنە."

 

سەرەتای ئەمساڵ یەكێتی نەخشە ڕێگایەكی ئاڕاستەی لایەنەكان كرد بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم، پارتیش بە فەرمی وەڵامی نەخشە ڕێگاكەی دایەوەو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوانیشیاندا تاوتوێیان كردووە.

 

"لەسەر هەندێك خاڵی نەخشەڕێگاكە، حكومەت چۆن بێ‌و چۆن هاوسەنگ بێت گفتوگۆمان كرد‌و بیروبۆچونەكانمان نزیكن لەیەك، لیژنەیەكی ئابوری دروست دەكرێت‌و دیراسەی جومگەكانی حكومەت‌و چۆنێتی هاوسەنگییەكە دەكات، ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە" مەلا بەختیار وای وت.

 

ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ لەنێوان پارتی‌و یەكێتی لەكاتێكدایە، یەكێتی لە 17-5ی ساڵی ڕابردووەوە ڕێككەوتننامەیەكی سیاسی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان واژۆ كردووە كە تێیدا تێڕوانینی هاوبەشیان لەسەر زۆربەی پرسەكان خستوەتەڕوو، هەرچەندە گۆڕان چەندینجار یەكێتی تۆمەتباركردووە بە جێبەجێ نەكردنی خاڵەكانی ئەو ڕێككەوتنە، بەڵام تائێستا هەردوولایان دەڵێن، پێوەی پابەندن.

 

مادەی 21 لە ڕێككەوتنەكەی یەكێتی‌و گۆڕان مافی بە هەردوولا داوە بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنی سیاسی دیكەدا، بەڵام دەڵێت"بەمەرجێك بەهیچ شێوەیەك ئەو ڕێككەوتن‌و هاوپەیمانییە پێچەوانەو ناكۆك نەبێت لەگەڵ هیچ كام لە ماددەو بڕگەكانی ئەم ڕێككەوتنە."