پەرەگراف
مەسعود بارزانی تەئكید دەكاتەوە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستانەو لەكاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێو دوای ناخەنو گاڵتە بە چارەنوسی خەڵكی كوردستانو متمانەی خۆیان ناكەن، دەشڵێت، ئامادەیە سەری لەسەر ئەو پرسە دابنێت.
ئەو وتانەی بارزانی لەمیانی وتارێكیدا هات كە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی لەگەڵ زانایانی ئاینی لە هەولێر پێشكەشیكرد، تێیدا تیشكی خستەسەر دۆخی كوردستانو پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداو پرسی ڕیفراندۆمو دەوڵەتی كوردی.
مەسعود بارزانی كاردانەوەكانو هەڵوێستی وڵاتانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بەلاوە ئاسایی بوو، ئەوەی خستەڕوو وڵاتان هەرگیز دەوڵەتی كوردی ناكەنە دیاری، وتی"ڕیفراندۆم بڕیاری تاكەكەسو حزب نییەو هی خەڵكی كوردستانە، هەنگاوێكی پیرۆزو یاساییە، ئەگەر بەتەمای ئەوەبین هەردەوڵەتێك بێت بڵێت ئەوە سەربەخۆیی كوردستان دیارییە بۆ ئێوە، تاماوین ئەوە نابینین."
لەبارەی ئەو لایەنانەش كە كاتی ڕیفراندۆمەكە بە گونجاو نازاننو داوای دواخستنی دەكەن، بارزانی وتی"ئێمە ئامادەنین گاڵتە بە چارەنوسی خۆمانو بە متمانەی خۆمان بكەین، ئەم میللەتەش ڕاو هەڵوێستو ڕێزی خۆی هەیە، نە دوادەخرێو ڕیفراندۆم دەكرێت، ئەگەر ئەو لایەنو دەوڵەتانە پێیانوایە كاتەكە گونجاو نییە بە خەڵكی كوردستان بڵێن كەی كاتەكەی گونجاوەو چ گەرەنتییەكیشتان هەیە بۆ خەڵكی كوردستان، ئەگەر نا هەر بەقسەیەك بڵێن با دوابخرێت، دواناخرێت با ڕوونبێت بۆ هەموو لایەك."
بارزانی وتیشی"ئەگەر سەری گرت ئەوە نیعمەتێكەو دواتر بە كەیفی خۆتان دەوڵەتی خۆتان دابمەزرێنن، ئەگەر سەری نەگرت، ئەوانەی لەئێستاوە دەڵێن ئێمە لەگەڵی نینو مەترسی هەیەو سنور دەگیرێو لەبرسا دەمرین ئەوكاتە ڕێگا كراوەیەو سنورەكان بكەنەوە، ئەوە بەغداو ڕێگاكانی دیكەو بڵێن ئەم كابرا شێت بووەو سواری سەری خۆی بووەو هەمووی خەتای ئەو بوو، ئەو وەختە من حازرم بۆ ئەم مەسەلەیە سەرم لەسەری دابنێمو با خەڵكی دیكەش بۆخۆی ئیدارەی خۆی بدات."
وتەكانی بارزانی دوای ئەوەدێت دوێنێ جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بە فەرمی ڕاگەیەندراو داوادەكات ڕیفراندۆم دوابخرێتو لە ئەگەری دوانەخستنیدا هاوڵاتیان دەنگی نەخێر بدەن، بەرلەو جوڵانەوەیەش هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كە بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان نییە لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بەفەرمی داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان كردبوو.
لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بارزانی تەئكیدی كردەوە ئەوپرسە لەدەست ئیدارەی ناوچەكاندایەو ئەوەی بەنمونە هێنایەوە ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بڵێن ڕیفراندۆمیان ناوێت فەرزی ناكەن لەسەریان، "دەمانەوێت كەركوك ببێتە نمونەی پێكەوە ژیان، بەڵام كە شەڕ گەیشتە سەر ناسنامەی كەركوك، هەموومان ئامادەین خۆمان بەخت بكەینو ناسنامەی كەركوك سازشی لەسەر ناكەین."
بارزانی باسیلە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغدا كردو حكومەتی ناوەندی تۆمەتباركرد بە پێشێلكردنی چەندین ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم كە دواترینیان ڕێككەوتنی شەڕی موسڵ بووە، ئەوەشی خستەڕوو پێشتر ڕێژەی كورد لەناو سوپای عێراق 40% بووە، بەڵام ئێستا زۆر كەمە تاڕادەی نەبوون، وتی"ڕەنگەی ئەوەی دوای داعش دێت مەترسیدارتربێت" وتیشی "باشترە بۆ ئەوانو بۆ ئێمەش ببینە دوو دراوسێی باش."
"لیژنەیەكی یاساییمان پێكهێناوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكات، دەركەوتووە لەدوای 2003وە حكومەتی عێراق نزیكەی 55 ماددەی دەستووری پێشێلكردووە" بارزانی وای وت.
ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕانو كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراقو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.
دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییە، لەسەر ئاستی دەرەوەش پرسەكە كاردانەوەی لێكەوتۆتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیاو ئێرانو عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدانو هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو، بەتایبەت ئێران بەتوندی دژایەتیی دەكات.
سەرباری فشارە ناوخۆییو دەرەكییەكان، بەڵام ئەو حزبانەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەیانداوە سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە وادەی دیاریكراودا، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستانو خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە، هاوكات داوادەكەن خەڵك بەشداری پڕۆسەكە بكەنو دەنگی بەڵێ بدەن بۆ جیابوونەوە لە عێراق.