بەرهەم ساڵح پێشنیارێكی پارتی‌و یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت ڕەتدەكاتەوە

10-08-2017 02:50
بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە ماوەیەكە لە حزبەكەی دابڕاوە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هەوڵەكانی پارتی‌و یەكێتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بەردەوامن‌و ئەو دوو حزبە لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن لەگەڵ گۆڕان، پۆستەكانی سەرۆكایەتی حكومەت‌و پەرلەمان دەستكاری دەكەن، لەو چوارچێوەیەشدا پێشنیارێك خراوەتە بەردەم بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت، بەڵام ناوبراو ئەوەی ڕەتكردوەتەوە، بەوتەی دوو سەرچاوە بۆ پەرەگراف.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی ئەو داواكارییەی پارتی نەداوەتەوە كە 26 ڕۆژە ئاڕاستەی كردووە بۆ كۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان، هاوكات 12 ڕۆژیش بەسەر ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم تێپەڕیوە كە تێیدا ماوەی 2 هەفتە دیاریكرا بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان.

 

پارتی هەرچەندە هێشتا بێئومێد نییە لەوەی لەگەڵ گۆڕان بگاتە ڕێككەوتن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و گەڕانەوەی وەزیرەكانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ حكومەت، بەڵام لەگەڵ یەكێتی چەند سیناریۆیەكی تاوتوێ كردووە بۆ جێبەجێكردن لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن لەگەڵ گۆڕان.

 

بەهێزترین سیناریۆی پارتی دەستكاریكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەتە لەگەڵ یەكێتی‌و یەكگرتووی ئیسلامی بۆئەوەی پەرلەمان كارابكرێتەوەو پشتیوانی ڕیفراندۆم بكات.

 

"پێشنارێك خرایە بەردەم د.بەرهەم ساڵح كە پۆستی سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، بەڵام بەرهەم ساڵح ئەوەی ڕەتكردەوە"سەرچاوەیەكی ئاگادارو نزیك لە بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف وای وت، سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

 

ئەو سەرچاوەیە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، وتیشی"ئێستا پێشنیارەكە بووە بەوەی كاك مەلا بەختیار ئەو پۆستە وەربگرێت، لەو كاتەشدا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێتە یەكگرتووی ئیسلامی‌و پارتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێت."

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان‌و دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، ئەو حزبە مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە لە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

وەك سەرچاوەك دەڵێن، لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن لەگەڵ گۆڕان، پۆستە وەزارییەكانی ئەو بزوتنەوەیە كە ئێستا بە وەكالەت لەلایەن پارتییەوە بەڕێوەدەبرێن هەربۆ پارتی دەبن‌و حزبەكانی دیكە وەزارەتەكانی گۆڕان وەرناگرن، بەڵام وەزارەتێكی دیكەی پارتی دەدرێتە یەكێتی نیشتمانی.

 

پێشنیاری وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە لەكاتێكدایە هەوڵێكی فراوان دەستیپێكردووە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی نوێی سیاسی لە سەرتاسەری كوردستان‌و دروستكردنی لیستێك بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، خواستێكیش هەیە بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی سەرۆكایەتی ئەو بەرە نوێیە بكات كە ماوەیەكە لە حزبەكەی دابڕاوەو بەهۆی نیگەرانییەكانیەوە بەشداریی كۆبوونەوەكانی یەكێتی ناكات.

 

هەوڵەكە لەلایەن چەند گروپێكی جیاوازەوە دەستیپێكردووەو ئامانجیان ئەوەیە سەرجەمیان لەژێر چەترێكی سیاسیدا كۆببنەوەو بەشداریی لە هەڵبژاردندا بكەن، گروپەكان لە كەسانی سەربەخۆو ئەو سیاسییانە پێكهاتوون كە پێشتر لەناو حزبەكاندا بەرپرسیارێتییان هەبووە.

 

سلێمان عەبدوڵا یونس، ڕۆژنامەنوسی نزیك لە بەرهەم ساڵح پێشتر بۆ پەرەگراف وتی"كاك بەرهەم پێیوایە دەبێت هەمو ئەوانەی خەمی ئەم میللەتەیانەو پڕۆژەی چاكسازییان مەبەستە، پێویستە ململانێ ناشرینەكانی ڕابردوو تێپەڕێنن، سەردەمی كۆتایی هێنانە بە جەلالی‌و مەلایی، سۆرانی‌و بادینی، چەپ‌و ڕاست‌و موفرەداتە جیاوازەكانی دیكە."

 

وەك سلێمان عەبدوڵا دەڵێت، بەرهەم ساڵح باوەڕی بە كودەتای سەربازی‌و ململانێی توندوتیژو خوێناوی نییە، "بەدیل لەدەستی پڕۆژەیەكی بەرفراواندایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، كاك بەرهەم باوەڕی بەوەیە ڕۆڵەكانی ئەم میللەتە لەژێر یەك چەتری گەورەی دەوڵەتداری ڕاستەقینە كۆببنەوەو فۆرمێك بۆ حكومڕانییەكی باشتر پێكبهێنن، كاك بەرهەم سەركردەیەكی گەورەیەو خەڵك چاوی لێیەتی‌و ڕایەك هەیە سەرۆكایەتی ئەوبەرەیە بكات‌و ئەو چەترە دروست ببێت."

 

هەوڵی دروستكردنی بەرەیەكی نوێ لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان سێ ساڵە لە قەیرانێكی سەختی ئابوری‌و سیاسیدایەو حكومەت ناتوانێت نیو موچەی فەرمانبەرانیش لە كاتی خۆیدا دابەشبكات، ئەوەش وایكردووە بێزاری‌و نیگەرانییەكی زۆر لە ناو خەڵكدا دروست ببێت لە حزبەكان‌و زیاتریش لە حكومەت.