عەلی باپیر هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەرەی بەڵێ‌و نەخێر بۆ ڕیفراندۆم ئاشكراكرد

13-08-2017 05:03
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی

 

پەرەگراف

 

عەلی باپیر هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەرەی بەڵێ‌و نەخێر بۆ پرسی ڕیفراندۆم ئاشكراكردو دەڵێت، بۆ هیچ كەس‌و لایەنێك ڕەوانیە بەتەنیا بڕیار بۆ خەڵك‌و وڵات بدات‌و، موغامەرەی پێوەبكات، قەیران‌و كێشەكان زۆر لەوە زیاترو گەورەترن كە بە بەڵێ‌ كردن بۆ ڕیفراندۆم، یان نەخێر گوتن، چارەسەر بكرێن.

 

ئەو وتانەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە میانی پەیامێكیدا هاتووە كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوەو تێیدا باسلەوەدەكات، ڕیفراندۆم بەهەر هۆكارێك بێ ‌خراوەتە قاڵبێكی شەخسیی‌و حزبییەوەو ئەوەش زیانێكی زۆری پێ‌ گەیاندوەو "نیزیكە هەر بەڕێوە لەباربچێ‌!".

 

لەبارەی بەرەی بەڵێ‌و نەخێر كە بانگەشەیان دەستپێكردووە بۆ ڕیفراندۆم كە بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت، عەلی باپیر دەڵێت"وەك چۆن (بەڵێ‌) كردنی ڕەهاو بێ‌ مەرج، حەوت دەرمانەی چارەسەری كێشەكانمان‌و گۆچانی جادوویی نیە، بەهەمان شێوەش: بە (نەخێر) گوتن، دنیا نابێتە شامی شەریف‌و، گوناهە خەڵك بەوجۆرە چەواشە بكرێ‌: كە بە (نەخێر) گوتن بۆ ڕیفراندۆم، كێشەو قەیرانەكانی هەرێم بنبڕو چارەسەر دەبن‌و، خەڵك‌و جەماوەر لەخەم دەڕەخسێ‌."

 

پەیامەكەی ئەمیری كۆمەڵ لەكاتێكدایە حزبەكەی‌و بزوتنەوەی گۆڕان كە بایكۆتی پرسی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم نییە، داوادەكەن ڕیفراندۆم دوابخرێت‌و لە پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری لەبارەوە بدرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.

 

عەلی باپیر لە پەیامەكەیدا داوادەكات، بڕیاری گێڕانەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان‌و حكومەت بدرێت‌و ئاسایی بكرێنەوە، دواتر ئاوڕێكی خێرای جیددیی لەژیان‌و گوزەرانی خەڵك بدرێتەوەو جۆرێك لە متمانە بۆ نێوان خەڵك‌و دەسەڵات بگەڕێتەوە، "دوای ئەو هەنگاوانە، وتوێژێكی بابەتییانەو بەرپرسانە پێكەوە بكەین، لەبارەی ڕیفراندۆم‌و هەل‌و مەرجی گونجاوی‌و، سەرجەم زەمینەسازییە پێویستەكانی دیكەی."

 

دەقی پەیامەكەی عەلی باپیر

 

كێشەكانی هەرێم لەنێوان بەڵێ‌‌و نەخێردا

 

لەبارەی مشت‌ومڕی نێوان بەرەی (بەڵێ‌)و بەرەی (نەخێر)ی لەمەڕ ڕیفراندۆمەوە، بەپێویستم زانی ئەم پێنج سەرنجە بخەمەڕوو:

 

یەكەم
چەندان جاری دیكەش گوتوومانە: خەڵكی كوردستان وەك هەر گەلێكی دیكەی دنیا، مافێكی ڕەواو سروشتی خۆیەتی، نەك هەر گشتپرسیی (ڕیفراندۆم) ئەنجام بدات، بەڵكو خاوەنی قەوارەی سیاسیی دڵخواستی خۆی بێ‌، لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا.

 

بەڵام بەداخەوە ئەو ڕیفراندۆمەی باس دەكرێ‌، بەهەر هۆكارێكەوەبێ‌: ئانقەست، یان هەڵە، ئەنجام بدرێ‌ یان نا، سەروبەر بگرێ‌، یان نا، خراوەتە قاڵبێكی شەخسیی‌و حیزبییەوەو، ئەوەش زیانێكی زۆری پێ‌ گەیاندوەو، نیزیكە هەر بەڕێوە لەباربچێ‌! بۆیەش لەوتارێكی پێشوومدا گوتوومە: با هەرچی زووترە ئەو مۆركە شەخسیی‌و حیزبییە، لەڕیفراندۆم بكرێتەوە.

 

دووەم
نابێ‌ هیچ كەس نكووڵیی لەوە بكات كە: نەك هەر كارێكی گەورەو چارەنووسسازی وەك ڕایگەیاندنی دەوڵەت، بگرە هەركارێكی دیكەش، بەبێ‌ زەمینەسازیی‌و ڕێ‌ بۆ خۆشكردن، سەروبەر ناگرێ‌‌و، یان هەرئەنجام نادرێ‌، یان بێ‌ ئاكام دەبێ‌‌و، تێیدا ڕەنج بەخەسار دەبین، لەمێژووی خۆشماندا ڕووداوی وامان زۆرن پەندیان لێوەربگرین.

 

سێ‌یەم
لەبارەی (نەخێر) گۆیانیش بۆ ڕیفراندۆمەوە دەڵێم: وەك چۆن (بەڵێ‌) كردنی ڕەهاو بێ‌ مەرج، حەوت دەرمانەی چارەسەری كێشەكانمان‌و گۆچانی جادوویی نیە، بەهەمان شێوەش: بە (نەخێر) گوتن، دنیا نابێتە شامی شەریف‌و، گوناهە خەڵك بەوجۆرە چەواشە بكرێ‌: كە بە (نەخێر) گوتن بۆ ڕیفراندۆم، كێشەو قەیرانەكانی هەرێم بنبڕو چارەسەر دەبن‌و، خەڵك‌و جەماوەر لەخەم دەڕەخسێ‌!

 

چوارەم
كەواتە: ئەگەر بەجددیی دەمانەوێ‌ بەرەو سەربەخۆیی بچین، با هەرچی زووترە دوور لە نەفەسی مونافەسەی حیزبیی‌و دەمارگیریی‌و عینادیی‌و كارو كاردانەوە، بەر لە هەرشتێك تەبایی‌و لێك تێگەیشتنی سیاسیی بگێڕینەوە نێوخۆمان، بەتایبەت هێزە سیاسییە بنەڕەتییە خاوەن جەماوەرەكان‌و، لەكەش‌و هەوایەكی هێمن‌و ئارامدا پێكەوە كۆبینەوە:

 

1- سەرەتا بڕیاری گێڕانەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان‌و حكوومەت بدەین‌و ئاساییان بكەینەوە.

 

2- ئنجا ئاوڕێكی خێرای جیددیی لەژیان‌و گوزەرانی خەڵك بدەینەوەو لەوهەموو ملیارانەی لەلای حیزب‌و خزمن، هەندێكیان بۆ حكوومەتی فەرزدارو خەڵكی هەژار بگێڕینەوە، تاكو وێڕای چاككردنی باری ژیان‌و گوزەرانی خەڵك، كە ئەركی سەرشانی هەر حوكمڕانێكە، دڵخۆش‌و ئومێدەواریشیان بكەین‌و، جۆرێك لە متمانە بۆ نێوان خەڵك‌و دەستەڵات بگێڕینەوە.

 

3- پاشان دوای ئەو هەنگاوانە، وتوێژێكی بابەتییانەو بەرپرسانە پێكەوە بكەین، لەبارەی ڕیفراندۆم‌و هەل‌و مەرجی گونجاوی‌و، سەرجەم زەمینەسازییە پێویستەكانی دیكەی.

 

پێنجەم
بێگومان بۆ هیچ كەس‌و لایەنێك ڕەوانیە بەتەنیا بڕیار بۆ خەڵك‌و وڵات بدات‌و، موغامەرەی پێوەبكات، قەیران‌و كێشەكانیشمان زۆر لەوە زیاترو گەورەترن كە بە (بەڵێ‌) كردن بۆ ڕیفراندۆم، یان (نەخێر) گوتن، چارەسەر بكرێن.

 

لەكۆتاییشدا دەڵێم: هەركام لە هەرێم‌و دەوڵەت بەهەموو پێكهاتەكانیانەوە، ئامڕازن بۆ خزمەتی خەڵك‌و، ئامانج نین، كەواتە: با بەر لەشیعارو ناو و نیشانی هەوڵ‌و پڕۆژە سیاسییەكان، سەرنجی نێوەڕۆكیان بدەین‌و، بزانین تا چ راددەیەك ئامانج دەپێكن‌و دەبنە مایەی چەسپێنرانی دادگەریی‌و ئازادیی‌و بەختەوەركردنی خەڵك‌و جەماوەر.

 

عـه‌لــی باپــیــر
21/11/1438كـ
13/8/2017ز
هــه‌ولــێــر