یەكێتی شكستی بەو هەوڵە هێنا كە لەگەڵ گۆڕان دەیانویست ڕیفراندۆم لەژێر دەستی بارزانی دەربهێنن

14-08-2017 05:33
پیاوێك لە هەولێر ئاڵای كوردستان دەدورێت بە وێنەیەكی مەسعود بارزانییەوە. فۆتۆ؛ ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

یەكێتی نیشتمانی شكستی بەو هەوڵە هێنا كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دەیانویست ڕیفراندۆم لەژێر دەستی مەسعود بارزانی دەربهێنن‌و لەڕێی پەرلەمانەوە ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت.

 

یەكێتی‌و گۆڕان بۆ ئەوكارە پەنایان بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان برد‌و پشتیان بە دەنگی نوێنەرەكەی كۆمەڵی ئیسلامی بەست بوو لە ئەنجومەنی كۆمسیاران، بەڵام دواجار كۆمسیۆن بە پێچەوانەی ئەو هەوڵە بڕیاریدا، ئەوەش بەهۆی "كشانەوەی یەكێتی لەو هەوڵە" هەرچەندە نوێنەرەكەی كۆمەڵ دەنگی لە پاڵ دەنگی گۆڕان بووە.

 

لە 10 كۆبوونەوەی ڕابردوودا دەنگی نوێنەرانی یەكێتی لە ئەنجومەنی كۆمسیاران یەكلایی كەرەوەبوو، هەریەكە لە پارتی‌و یەكگرتوو بەڕوونی لەلایەك‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ لەلایەكی دیكە بوون، بەڵام یەكێتی هیچ بڕیارێكی نەدا، دواجار ئەمڕۆ لە 11 هەمین كۆبوونەوەیدا دەنگی یەكێتی چووەپاڵ پارتی‌و كۆمسیۆن توانی بگاتە بڕیارێك بۆ وەڵامدانەوەی هەریەكە لە سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكی پەرلەمان كە دوو نوسراوی جیاوازیان لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەڵبژاردنەوە بۆ ناردبوو.

 

سەرۆكی پەرلەمان داوای كردبوو ڕیفراندۆم لەگەڵ هەڵبژاردنەكاندا بەڕێوەبچێت"ئەگەر تا ئەو كاتە بە یاسایەك شێوازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی كوردستانەوە ڕێكخرا"، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم 25-9ی وەك ڕۆژی ڕیفراندۆم‌و 1-11ی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنەكان دیاریكردبوو، كۆمسیۆن بڕیاریداوە بەپێی نوسراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم كاربكات.

 

شیروان زرار، وتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامەكانی كۆمسیۆنی ئاشكراكرد كە یەك وەڵامە بۆ هەریەكە لە سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكی پەرلەمان.

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە وەڵامەكەیدا دەڵێت، ئامادەكاریی كردووە بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لە 25-9-2017و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان لە 1-11-2017، هەروەها هیواخوازیشە پەرلەمان ئاسایی بكرێتەوە بۆ پاڵپشتی ڕێكارە یاساییەكانی پڕۆسەكە بۆ بەڕێوەچوونی ڕاپرسی لەكاتی خۆیدا.

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران لە 9 ئەندام پێكدێت‌و سەرۆكەكەی‌و دوو ئەندام لە پشكی پارتین، هەریەكە لە یەكێتی‌و گۆڕان یەكی دوو ئەندامیان هەیەو كۆمەڵ‌و یەكگرتووش هەریەكەی ئەندامێكیان هەیە، لەدوای دەستبەكاربوونیان سوێندیان خواردووە سەربەخۆو بێلایەن بن.

 

بەپێی یاساكەیان، بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە دەنگدان‌و دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكان وەردەگیرێت، هەربۆیە ئەگەر نوێنەرانی یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ پێكەوەبن زۆرینە پێكدەهێنن(5 ئەندامن لەكۆی 9 ئەندام)‌و دەتوانن لە بەرژەوەندی خۆیان بڕیار بدەن.

 

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت"یەكێتی لە ئەنجومەنی كۆمسیاران دەنگی بەوەدا 25-9 ڕیفراندۆم بكرێت" سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە، ئەوەش دەریدەخات یەكێتی لەو هەوڵەی كشاوەتەوە كە لەگەڵ گۆڕان ویستیان كۆمسیۆن بەپێی نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمان كاربكات.

 

پەرەگراف چەند جارێك پەیوەندیكرد بە وتەبێژی فەرمی كۆمسیۆن تابزانێت شێوازی دەنگدانیان چۆن بووەو بەدەنگی چەند ئەندام بڕیارەكان دراون‌و ئەو ئەندامانە كێ بوون كە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بوون لە 25-9؟، بەڵام شیروان زرار وەڵامی نەدایەوە، هەرچەندە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا ئاماژەیەكی بەو پرسە كردو ڕای خۆشی ئاشكراكرد.

 

شیروان زرار كە هاوكات لە پشكی كۆمەڵی ئیسلامی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانە، وتی"ئەندامانی ئەنجومەن ئازادن چۆن ڕای خۆیان دەدەن، ڕوونە كە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن پەسەندكراوە كەواتە ئاساییە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەن لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نەبن، من وەك خۆم تەحەفوزم هەبووە لەسەر 25ی مانگ، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردندا بووم."

 

كاركردن بە فەرمانی هەرێمیی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن كۆمسیۆنەوە لەكاتێكدایە، بەپێی ماددەی سێیەم لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی(ژمارە 4ی ساڵی 2014) كۆمسیۆن دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێلایەنەو"ملكەچە بۆ چاودێریی پەرلەمان‌و بەرپرسیاریشە لە بەرامبەریدا."

 

پیشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد كە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵەی یەكێتی‌و گۆڕاندا ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كە لە پشكی ئەو دوو حزبە پۆستیان وەرگرتووە، بانگهێشتی كۆبونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كراون لە ڕۆژی 8-7-2017.

 

بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەردوو حزب بۆ پەرەگراف، لەو كۆبوونەوەیەدا سەكردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان داوای ڕونكردنەوەی لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كردووە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، داواشیان لێكراوە كاربۆئەوە بكەن پڕۆسەكە لەڕێی پەرلەمانەوە ئەنجامبدرێت نەك سەرۆكایەتی هەرێم.

 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە یەكێتی نیشتمانی كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت تەئكیدی كردەوە، حزبەكەی بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و بە یاسایی كردنی پڕۆسەكە ناچێتە ڕیفراندۆمەوە.

 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی ئاشكراكرد، لەو كۆبوونەوەیەی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕاندا "نوێنەرانی هەردوو حزب" لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بانگهێشتكراون، وتی"داوای ڕوونكردنەوەیان لێكرا لەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم، ڕای سەركردایەتی هاوبەشیان پێوترا كە كۆمسیۆن سەربە پەرلەمانەو پێویستە لە پەرلەمانەوە بڕیار وەربگرێ بۆ ڕیفراندۆم" هاوكات سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەم زانیارییانەی پشتڕاست كردەوە.

 

ئەوكات بەرپرسەكەی گۆڕان كە بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوەكەی قسەی كرد، وتی"لە كۆمسیۆن بە دەنگدان بڕیار دەدرێت، ئەگەر گۆڕان‌و یەكێتی‌و كۆمەڵ یەك دەنگ بن، دەتوانین ئەوكارە بكەین‌و پڕۆسەكە بگەڕێنینەوە بۆ پەرلەمان، كاردەكرێت یەكگرتووش هاوكاربێت لەو پرسەدا."

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، یەكێتی نیشتمانیش هەرچەندە بەشدارە لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بەڵام دەڵێت، بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان ناچێتە ڕیفراندۆمەوە.

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی بارزانی‌و حزبەكاندا كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، ڕۆژی دواتر بارزانی بە سیفەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە فەرمانێكی هەرێمیی بڕیاریدا لە ڕۆژی 25-9-2017 ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە ئەوەش بە مەبەستی جێبەجێكردنی مافی چارەنوس لەلایەن گەلی كوردستانەوە.

 

مەسعود بارزانی لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایەو لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات(لە 2013دا 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە)، بزوتنەوەی گۆڕان كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوەیە پێیوایە بارزانی شەرعیەتی یاسایی نییە.

 

هەروەها سەرۆكی پەرلەمان لە 29-5-2017 بە نوسراوێك داوای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كردووە كە ئامادەسازیی سەرەتایی ئەنجام بدەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە هەمان كاتی هەڵبژاردنە گشتییەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكی هەرێم "ئەگەر تا ئەو كاتە بە یاسایەك شێوازی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی كوردستانەوە، ڕێكخرا بەشێوەیەك ڕاپرسی لە كەركوك‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش ئەنجام بدرێت."

 

ئێستا ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە 25-9و هەڵبژاردنەكان لە 1-11 بەردەوامە، شیروان زرار ئەوەی خستەڕوو، تاڕۆژی 25-9 تەواوی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن كۆتایی دێت، بۆئەوەی هیچ پاساوێك نەبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن‌و لەئەگەری دواخستنیدا كۆمسیۆن بەرپرسیار نییە.