بارزانی: بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی پارتی بڕوای بە یەكڕیزی ناوخۆیی هەیە

15-08-2017 05:26
مەسعود بارزانی

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، سەربەخۆیی كوردستان ئامانجی حزبەكەیەتی‌و لەو ڕێگەیەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێكە‌و بڕوای بە یەكڕیزی‌و تەبایی ناوخۆیی هەیە، تەئكیدیش دەكاتەوە، جگە لە سەربەخۆیی، گەلی كوردستان هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەمدا نییە.

 

ئەو وتانەی بارزانی لەمیانی پەیامێكیدا هاتووە كە بۆ یادی 71 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەئێستادا ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕسەكەیان كردووە كە پێكەوە خاوەنی 30 كورسی پەرلەمانن لە كۆی 111 كورسیی(11یان بۆ كەمینەكانە).

 

پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێكی سەرەكییە لە قوڵبوونەوەو بەردەوامیی كێشەكانی هەرێم، ئەوەش دوای ئەوەی لە 12-10-2015 ڕێگریی كرد سەرۆكی پەرلەمان كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە بچێتەوە شاری هەولێر بۆسەر كارەكەی، لەو ڕۆژەوە پەرلەمان پەكخراوەو كۆبوونەوەی نەكردووە، هەرچەندە ئەو حزبە ئێستا مەرجەكانی لابردوو بۆ دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمان، بەڵام هێشتا دۆخەكە وەكخۆی ماوەتەوە.

 

مەسعود بارزانی لە پەیامەكەیدا سەرباری پیرۆزبایی لە چین‌و توێژە جیاوازەكان، دەڵێت"پارتی لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگ‌و هەڵگری بەرپرسیارێتیی بووە لە قۆناغە گرنگەكانی خەباتی گەلی كوردستان و ئێستایش لە قۆناغی بنیاتنان و شەڕی تیرۆر و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بە شانازییەوە خاوەنی هەمان ئەرك و ڕۆڵە و لەم ڕێگەیەدا قوربانیی بێهەژماری داوە."

 

بارزانی ئەوەش دووپات دەكاتەوە "باشترین وەفا و وەڵام بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل سەربەخۆیی كوردستانە. سەربەخۆیی كوردستان و ئاشتی و پێكەوەژیان ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەو ڕێگەیەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێكە و بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە پارتی بڕوای بە یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆیی كوردستان هەیە."

 

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسیەكان كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد، بڕیاردرا ڕۆژی 25-9ی ئەمساڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییە، لەسەر ئاستی دەرەوەش پرسەكە كاردانەوەی لێكەوتۆتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو، بەتایبەت ئێران بەتوندی دژایەتیی دەكات.

 

سەرباری فشارە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكان، بەڵام ئەو حزبانەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەیانداوە سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە وادەی دیاریكراودا، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان‌و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە، هاوكات داوادەكەن خەڵك بەشداری پڕۆسەكە بكەن‌و دەنگی بەڵێ بدەن بۆ جیابوونەوە لە عێراق.

 

"داوا لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم كە بە هەموو توانایەكیان هاوشان لەگەڵ هەموو خەڵكی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بن، چونكە جگە لە سەربەخۆیی، گەلی كوردستان هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەم نییە، ئەوەیش لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان و بەرقەراربوونی ئاشتی و بووژانەوە"بارزانی لە پەیامەكەی ئەمڕۆیدا وادەڵێت.