توركیا هۆشداریی دەدات لە هەڵگیرسانی "شەڕی ناوخۆیی" بەهۆی ڕیفراندۆمی كوردستانەوە

16-08-2017 03:11
كورد سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25-9.

 

پەرەگراف

 

كاردانەوەی وڵاتانی ناوچەكە دژی ڕیفراندۆمی كوردستان بەردەوامەو وەزیری دەرەوەی توركیا هۆشداریی دەدات لە هەڵگیرسانی "شەڕی ناوخۆیی" بەهۆی ڕیفراندۆمەوەو دەڵێت، وڵاتەكەی چاوەڕوانە كورد لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە.

 

توركیا هاوشانی ئێران دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوەو فشارەكانیان بەردەوامە بۆ پاشگەزبوونەوەی كورد لە ڕیفراندۆم كە بڕیارە 25-9 ئەنجام بدرێت.

 

لە نوێترین كاردانەوەكاندا، مەولو چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕیفراندۆمی كوردستانی بە مەترسی ناوبردو ڕایگەیاند، پلانی ڕیفراندۆمی كورد بارودۆخی ناوچەكە خراپتر دەكات‌و ڕەنگە سەربكێشێت بۆ "شەڕی ناوخۆیی."

 

وەزیری دەرەوەی توركیا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەوان چاوەڕێ دەكەن هەرێمی كوردستان لە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پاشگەزببێتەوە، وتی"'لەكاتێكدا عێراق ئەو هەموو كێشەیەی هەیە، ڕیفراندۆم لە پێناو سەربەخۆییدا دۆخی وڵاتەكە خراپتر دەكات. خوانەخواستە تا شەڕی ناوخۆیی دەبات."

 

چاوشئۆغڵو پێیوایە بڕیاری هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی هەڵەیەو لەناو خودی هەرێمیشدا لایەنە سیاسییەكان مشتومڕیانە لەسەر ئەو بابەتە، وتی''بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوێوە بەدەستمان گەیشتووە، گەل هیچ جۆش‌و خرۆشێكی نییەو بایەخی پێنادات. خەمی خەڵك ئابوورییە. كیشەی جددیی ئابووریی هەیە."

 

وەزیری دەرەوەی توركیا هەڵوێستی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە كە پشتیوانی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەكەن‌و تەئكیدی كردەوە لەو بارەیەوە ئەوەی بكەوێتە سەر شانی ئەوان سەبارەت بۆ چارەسەركردن‌و تێپەڕاندنی كێشەكان ئەنجامی دەدەن.

 

هاوكات دوێنێش بەكر بۆزداغ، جێگری سەرۆك وەزیران‌و وتەبێژی حكومەتی توركیا، دوای كۆبوونەوەی حكومەتی وڵاتەكەی، ڕیفراندۆمی كوردستانی بە پێشێلكردنی دەستوری عێراق ناوبردو هۆشداریی ئەوەیدا كە ناوچەكە تووشی مەترسیی ناسەقامگیری دەكات.

 

ئەو لێدوانانەی توركیا لە كاتێكدان بەرپرسانی هەرێم، بەردەوام دەڵێن، ڕای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە، بەڵام هەڵوێستی دوو وڵات جیاوازە لە وڵاتانی تر، ئەویش ئێران‌و توركیان‌و ئێران بە تووندتر ناودەبەن.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە ئێران‌و توركیا لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانیان بەردەوامن بۆ یەكخستنی تێڕوانینەكانیان لەسەر ڕوداوەكانی ناوچەكە لەوانە پرسی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەشدا محەمەد باقری سوپاسالاری ئێران لە ئەنقەرەیە، لەلایەكی دیكەشەوە ئەمیت یاڵچین، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لەگەڵ جێگری ئاسیایی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كۆبۆوە و تەئكیدیان لە دژایەتی ڕیفراندۆم كردەوە، بڕیاریشە بەمنزیكانە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی تاران بكات.

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 6-7-2017 وڵاتانی دەرەوە هەڵوێستی جیاوازیان پیشاندا، تائێستاش تەنها ئیسرائیل پاڵپشتی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش 11ی ئەم مانگە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی لە مەسعود بارزانی كرد.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو بەهەمانشێوە داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا.

 

هەروەها 8ی ئەم مانگە جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" ڕاگەیەندرا كە لە ژمارەیەك كەسایەتی پێكهاتوون‌و داوای دواخستن یاخود دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دەكەن.