بارزانی: ماندوبوین لەوەی ئەزمونە شكستخواردوەكانی پێشوو لەگەڵ عێراق دوبارە بكەینەوە

19-08-2017 05:45
"لە هەموو قۆناغەكاندا پڕەنسیپی شەراكەت پێشێل كراوە"

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، گەلی كوردستان ماندوبووە لەوەی ئەزمونە شكستخواردوەكانی پێشوو لەگەڵ عێراق دوبارە بكاتەوە، هەربۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی دراوە.

 

ئەو وتانەی بارزانی، ئەمڕۆ لەمیانی دیدارێكیدا بووە لەگەڵ د.سوڵتان ئەبو عرابی ئەمینداری گشتیی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی‌و د. زیاد كوردی سەرۆكی زانكۆی ئەربد لە ئوردن.

 

بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم، لە دیدارەكەدا بارزانی لەبارەی ڕیفراندۆمی كوردستانەوە كە بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت، وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغەكانی مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان‌و دەوڵەتی عێراق‌و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە، "ئەوەی دووپاتكردەوە كە لە هەموو قۆناغەكاندا پڕەنسیپی شەراكەت پێشێل كراوە و گەلی كوردستان ماندوو بووە لەوەی ئەزموونە شكستخواردووەكانی پێشوو دووبارە بكاتەوە بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی داوە."

 

لە  بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، بارزانی ڕۆشنایی خستۆتەسەر هەڕەشەی تیرۆر لە ئاستی جیهانی‌و شەڕی داعش‌و ئازادكردنی موسڵ، "جەختی لەوە كردەوە كە هێشتا ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر، وەك خۆی ماون و مەترسیی دەركەوتنەوەی هەڕەشەی هاوشێوەی داعش لە ئارادایە و بە پێویستیشی زانی لەپێناو نەهێشتنی تیرۆر كار لەسەر هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر بكرێت."

 

هاوكات ئەمینداری گشتیی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی، ستایشی خەبات‌و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كردووە لە شەڕی تیرۆرو دژایەتیكردنی زوڵم‌و چەوسانەوە، "سەرسامیشی دەربڕی بە ئاستی بووژانەوە و پێشكەوتن و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان‌و هیوای ئەوەیشی خواست كە گەلی كوردستان لە مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت" بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم.

 

وتەكانی بارزانی‌و سوربوون لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی لەكاتێدایە فشاری وڵاتانی دەرەوە بەردەوامە بۆ پاشگەز بوونەوەی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

لە نوێترین كاردانەوەشدا، باڵاترین بەرپرسی سەربازیی ئێران دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان‌و بەرپرسانی دیكەی توركیا ڕایگەیاند، هەردوو وڵات پێداگرن لەسەرئەوەی ڕیفراندۆم لە كوردستان دەبێتە بنەمایەك بۆ ئاژاوەو پێكدادانی ناوخۆیی لە عێراق‌و نابێت بەڕێوەبچێت.

 

ئێران زیاتر لە توركیا بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە.

 

سەردار حسێن باقری سەرۆكی ئەركانی گشتیی هێزی چەكداریی ئێران، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە ئەنقەرە، ڕایگەیاند"گرینگترین پرسەكان لە ڕوانگەی بەرپرسانی دوو وڵات پرسی بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە مانگی سێپتەمبەر بوو كە هەر دوو وڵات لەسەرئەوە پێداگر بوون كە بەڕێوەچوون و ئەنجام گرتنی ئەو كارە دەبێتە بنەمایەك بۆ ئاژاوەو پێكدادانی ناوخۆیی لە عێراق‌و دەرئەنجامەكانیشی داوێنی وڵاتانی دەورووبەر دەگرێتەوە."

 

باقری وتیشی"ئەو بابەتە دەبێتە هۆی تێوەگلانی وڵاتانی عێراق، توركیا و ئێران‌و هەر بەو هۆیەش بەرپرسانی دوو وڵات جەخت لە نامومكین بوونی ئەو كارە دەكەن‌و نابێت بەڕێوەبچێت."

 

هەرێمی كوردستان، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە مافێكی ڕەواو سروشتیی گەلی كوردستان دادەنێت‌و ئەوەدەخاتەڕوو، جگە لە خەڵكی كوردستان هیچ كەسی تر مافی ئەوەی نییە قسەی لەسەر بكات، ئەمەش لە وەڵامی وەزارەتی پێشمەرگەدا بۆ لێدوانەكەی باقری هاتووە.

 

وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە دوێنێ لە وەڵامی ئەو بەرپرسە ئێرانییەدا ڕایگەیاند"لێرەدا بە گشت لایەكی ڕادەگەیێنین كە قسەكردن لەبارەی مافەكانی خەڵكی كوردستان كاری ئەو بەڕێزە نییە و ئەوە بە دەستێوەردانێكی ئاشكرا لە كاروباری ناوخۆی كوردستان هەژمار دەكرێت."

 

بەر لەو لێدوانەی سەرلەشكر باقری، مەولو چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕیفراندۆمی كوردستانی بە مەترسی ناوبردو ڕایگەیاند، پلانی ڕیفراندۆمی كورد بارودۆخی ناوچەكە خراپتر دەكات‌و ڕەنگە سەربكێشێت بۆ "شەڕی ناوخۆیی."

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 6-7-2017 وڵاتانی دەرەوە هەڵوێستی جیاوازیان پیشاندا، تائێستاش تەنها ئیسرائیل پاڵپشتی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش 11ی ئەم مانگە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی لە مەسعود بارزانی كرد.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو بەهەمانشێوە داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا.

 

هەرلەسەر ئاستی ناوخۆ، 8ی ئەم مانگە جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" ڕاگەیەندرا كە لە ژمارەیەك كەسایەتی پێكهاتوون‌و داوای دواخستن یاخود دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دەكەن.