حزبێكی نزیك لە پەكەكە پڕۆژەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە شەنگال ڕاگەیاند

23-08-2017 03:14
شه‌نگال/20-8-2017/ راگه‌یاندی پڕۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگال له‌لایه‌ن پارتی دیموکراتی ئێزدیخان. فۆتۆ: ڕۆژنیوز.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

پارتی دیموكراتی ئێزدیخان كە حزبێكی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستانە(پەكەكە)، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی لە شەنگال‌و دەوروبەری ڕاگەیاند، لەكاتێكدا قایمقامی شەنگال كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەوڵەكە بە نایاسایی‌و نادەستووری دەزانێت‌و جەخت لە دوورخستنەوەی پەكەكە دەكات لەو ناوچەیە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەر.

 

پڕۆژەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی لە شەنگال كە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی ئێزدخانی پێدەوترێت، 20-8 لەلایەن پارتی دیموكراتی ئێزدیخان(پادێ) ڕاگەیەنراو ئامانج لێی وەك لە پڕۆژەكەدا هاتووە"پاراستنی ئێزدییەكان‌و دوبارەنەبوونەوەی هێرشەكەی داعشە بۆ سەر قەزاكە"، لەگەڵ بوونی جۆرێك لە ئۆتۆنۆمی بۆ ئێزدییەكان‌و بەرگریكردن لە خۆیان‌و ناوچەكانیان.

 

قەحتان قەترانی، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی ئێزدخان‌و سەرۆكی حزبی پارتی دیموكراتی ئێزدیخان (پادێ)، بە (كەركوك ناو)ی وت"كۆمەڵگەی ئێزدی بڕیاری خۆیداوە خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی دابمەزرێنێت، پێویستە هەموو هێزە دەسەڵاتدارەكان بەباشی لەمە تێبگەن كە داواكاریی كۆمەڵگای ئێزدی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتییە و ئەو داواكارییە ئەوەند بۆیان گرنگە كە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری نەبن."

 

وتیشی"كۆمەڵگەی ئێزدی لەبواری كلتورو باوەڕەوە لە كۆنترین كۆمەڵگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن، بە درێژایی مێژوو هێرشی قڕكردن‌و كۆمەڵكوژی بەسەرهاتووە تا لەسەر خاكەكەی دەردەكرێت، پێویستە ئەمە بە كردار بنرخێندرێت، كە كۆمەڵگەی ئێزدی سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانە ماوەتەوە."

 

بەپێی پڕۆژەكە كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تیایدا هاتووە"گەریلاكانی هەپەگەو شەڕڤانانی یەبەشە - ئەم دوو هێزە لەلایەن پەكەكەوە لە خەڵكی ئێزدییەكان‌و لە شەنگال پێكهێنراون‌- لەژێر چەتری هێزەكانی پاراستنی جەوهەریی شەنگالدا خۆیان ڕێكخست و ڕێگایان نەدا داعش بەرەو چیای شەنگال بچێت‌و لە پایزی ساڵی 2015دا لە ڕزگاركردنی شەنگالدا ڕۆڵی زۆر گرنگیان گێڕا. كۆمەڵگە تا جارێكی دیكە فەرمانی لەو شێوەیەی بەسەر نەیەت، لەسەر بنەمای بەرگریی لە خۆی بەرەو خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی هەنگاوی نا و ژیانی دیموكراسی‌و ئازادیی پێش خست."

 

هەروەها هاتووە كە لە ئەنجومەنی ئێزدخاندا بەگوێرەی پێویست كورسی بۆ كەسایەتییە ئایینییەكان دیاریدەكرێن، ئەو كورسییانەش لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەنێردرێن بۆ ئەنجومەن.

 

ئەنجومەنەكە نیگەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی لێكەوتووەتەوە، مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای ناوەندی شەنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "پڕۆژەی خۆبەڕێوبەرایەتی دیموكراتی نا یاسایی و نادەستورییە، هێزێكی سەربازیی بەزەبری هێز دەیەوێت خۆی بسەپێنێت، ئێمە باوەڕ بە پڕۆژەی وا ناكەین ئەو هێزە خەڵكی هەرێم نین تا لە جێگای هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بڕیار بدەن."

 

پڕۆژەكەی شەنگال لەكاتێكدایە، هەرێمی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە لە هەرێم و "ناوچەی جێناكۆك"، لە 25ی ئەیلولی ئەمساڵدا.

 

مەحما خەلیل كە پڕۆژەكە بە پڕۆژەی پەكەكە دەزانێت نەك ئێزدییەكان، وتی"پەكەكە بۆیە ئەم پڕۆژەیەی ڕاگەیاند تا هاوڵاتیانی ئێزدیی دەنگ بە ڕیفراندۆم نەدەن، بەڵام هاوڵاتیانی ئێزدیی بەجۆشەوە بەشداری لە ڕیفراندۆم دەكەن، بۆ ئەوەی ڕۆڵیان هەبێت لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی، بابەتی خۆبەڕێوبەری دیموكراتی گاڵتەجاڕییە هەم لای حكومەتی هەرێم هەمیش لای حكومەتی عێراق."

 

ئەوەش لەكاتێكدایە پارتی دیموكراتی ئێزدیخان لەزاری قەحتان قەترانی-یەوە جەختدەكاتەوە لەوەی "بەلامانەوە گرنگ نییە كێ ڕازییەو كێ ناڕازییە، ئێمە بڕیاری خۆمان داوە، هەرگیز ڕێگە نادەین جارێكی تر ئێزدییەكان ببنە قوربانی دەستی هیچ لایەن‌و حزبێك."

 

بەڵام مەحما خەلیل وتی"لە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەر، بە بڕیاری حكومەتی عێراق، هیچ هێزێكی بێگانە لەسەر خاكی هەرێم نامێنێت‌و دەردەكرێن"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شەنگال.

 

قەزای شەنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە، ئەوەش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانی ئێزدیی‌و گەریلاكانی پەكەكە بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان.

 

نەخشەڕێگای بنەمای خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی:

 

1- كۆمیسیۆنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی ئێزدخان لە ژێر كۆنتڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكاندا دابمەزرێت، لەو كۆمیسیۆنەدا عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەكەكە و فیدراسیۆنی دیموكراتی باكوری سوریا نوێنەریان هەبێت.

 

2- لە ژێر چاودێریی ئەو كۆمیسیۆنەدا بە بەشداركردنی نوێنەرەكانی ئەنجومەنی گەلی ئێزدخان كە ئێستا لە سەر كارە، هەموو كۆمەڵگای ئێزدی، كەسایەتییە ئایینییەكانی ئێزدی، نوێنەرانی ژنان و گەنجان، نوێنەری ئەو باوەڕ و ئایینانەی دیكە كە لە سنوورەكانی ئێزدخاندا دەژین (جگە لەو كەسانەی دەستیان بە خوێنی كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان سوورە)، بە گوێرەی ژمارەكەیان لە ناو ئەنجمونی گەلی ئێزدخان و ئەنومەنی دامەزرێنەردا جێدەگرن.

 

3- فەرماندەیەكی هاوبەش پێكبێت بە یەكپارچەكردنی یەبەشە و هێزە جیاوازەكانی دیكەی كۆمەڵگای ئێزدی و پاشان دامەزراندنی هێزی پاراستنی جەوهەریی، كە سەر بە ئەنجومەنی گەلی ئێزدخان و ئەنجومەنی دامەزرێنەری ئێزدخان دەبێت.

 

4-هێزی پۆلیس و ئاسایش لەلایەن دەستەی پاراستنی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی گەل دادەمەزرێت و بەڕێووەدەبرێت.

 

5-بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە پەیوەندییەكانی خەڵكی ئێزدی بە عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەوڵەتانی دەرەوە، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، پارت و ڕێكخستنی پەیوەندیدار، لە سەربنەمای بەڕێوەبردنی ژیانێكی ئازاد و دیموكراتی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی ئێزدخان لە ناو ئەنجومەنی گەلدا كۆمیتەیەكی دبلۆماسی پێكبێت.

 

6-لەناو ئەنجومەنی ئێزدخاندا بۆ بوارەكانی تەندروستی، پەروەردە، كلتور، ئابووریی، بازرگانیی، سیستمی دادگەری دەستەی بەڕێوەبەری دابمەزرێت.

 

7-لەسەر بنەمای بایەخە دیموكراتییەكان و بایەخەكانی كۆمەڵگای ئێزدی ڕاگەیاندنێكی سەربەخۆ دابمەزرێت، كێشە و كاروبارەكانی تایبەت بە ڕاگەیاندن لەلایەن ڕێكخراوە پەیوەندیدارەكانی سەر بە ئەنجومەنی گەل چارەسەردەكرێن و بەڕێوەدەبرێن.

 

8-هەموو ناوچە و ناحیەكان پێویستە لەلایەن ئەنجومەنە ناوچەییەكانەوە بەڕێوەببرێن، ئەنجومەنەكان بە هەڵبژاردنی گشتی و یەكسان لە نوێنەران ڕێكخراو و ناوەندە دیموكراتییەكان پێكدێن.

 

9-هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەكی ڕێكخراوە دیموكراتییەكان بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت.

 

10-لە هەموو بوارەكانی تێكۆشاندا ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان بوونی دەبێت، ئەو بابەتانەی تەنیا پەیوەندیان بە ژنانەوە هەیە ئەنجومەنی ژنان بە تەنیا بڕیاریان لە سەر دەدات.

 

11-پێویستە ژنان لە هەموو ئەنجومەنەكان و گورپەكان لانیكەم ٤٠٪ی پێكبێنن، ئەو ڕێژەیە بۆ گەنجان ١٥٪ یە.

 

12-لە ئەنجومەنی ئێزدخاندا بەگوێرەی پێویست كورسی بۆ كەسایەتییە ئایینییەكان دیاریدەكرێن، ئەو كورسییانەش لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەنێردرێن بۆ ئەنجومەن.

 

13-پاش ئەوەی ئەنجومەنی گەلی ئێزدخان ئەركەكانی جێبەجێكرد، بەپێی یاساكانی هەڵبژاردن ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە نوێدەكرێنەوە.

 

14-ئەنجومەنی ئێزدخان پێكدێت لە: ٦٥٪ی ئەندامانی ئەنجومەنی ناوچەكان و ناحیەكان و ٣٥٪ی نوێنەرانی ڕێكخراو و ناوەندە دیموكراتییەكان كە بە هەڵبژاردنی دیموكراتی دیاریدەكرێن.

 

15-ئەنجومەنی گەلی ئێزدیخان پاش ئەوەی ڕۆڵی خۆی گێڕا لە دامەزراندندا، پارێزگای لامەركەزی ئێزدخان دادەمەزرێت و پەیوەندییەكانیشی لە ڕێگای ئەندامانی كۆمیسیۆنی ئێزدخانەوە بە حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دیاریدەكات.

 

16-پاش ئەوەی چۆنییەتی پەیوەندییەكانی خۆبەڕێوەبری ئێزدخان بە حكومەتە پەیوەندیدارەكانەوە ڕوون كرایەوە، خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی ئێزدخان دادەمەزرێت بەبێ ئەوەی لەگەڵ دەستووری فیدراڵی عێراق هەرێمی كوردستان ناكۆك بێت.

 

17-جگە لەو پرسانەی ڕاستەخۆ پەیوەندیان بە كۆمەڵگای ئێزدییەوە هەیە، لە بوارە گشتییەكانی وەك ئابووریی و دبلۆماسی و پاراستنی گشتی پەیڕەوی دەستووری عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

 

18-بەپێی ئەو پرەنسیبانە لە سەرەوە باسیان لێكرا بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبرایەتی دیموكراتی ئێزدخان، دەستوورێك بە پێی یاساكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سیستمەكە دیاری دەكرێت.

 

19-ئێزدایەتی میراتێكی كۆنە بۆ مرۆڤایەتی، لە سەر ئەم بنەمایە خۆبەڕێوەبری دیموكراتی ئێزدخان (پارێزگای لا مەركەزی) نەك تەنیا لەلایەن دەستوورێ عێراقییەوە مسۆگر دەكرێت، بەڵكو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانیشەوە پشتگیریی دەكرێت.

 

20-لەئێستادا جگە لەو هێزە سەربازییانەی لە ئێزدخان دا هەن، پێویست نییە لە دەرەوە هیچ هێزێكی دیكە بنێردرێت بۆ ئێزدخان.

 

21-كۆمیسیۆنی خۆبەڕێوەبەری ئێزدخان پێویستە بكەوێتەوە هەوڵدان و پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كە فەرمانی ٧٣یەم بە جینۆساید بناسێندرێت.

 

22-كۆمیسیۆنی خۆبەڕێوەبەری ئێزدخان لە دادگایەكی سەربەخۆدا هەموو ئەو كەس و هێزانەی وا دەستیان هەبوو لە فەرمانی ٧٣یەمدا دادگایی بكات.

 

23-كۆمیسیۆنی خۆبەڕێوەبەری ئێزدخان، پشتگیریی پرۆتۆكۆلی ٢٦ی مانگی ١١ی ٢٠١٦ بكات كە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە نێوان ئێزدییەكان، توركمانەكان و كریستیانەكاندا پێكهات.