یەكێتی: سوورین لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم

23-08-2017 08:45
كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی. فۆتۆ؛ كوردسات نیوز.

 

پەرەگراف

 

مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوەو ڕایگەیاند، سوورن لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و بە زوترین كات سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كۆدەبێتەوەو هەوڵێكی تری نیشتمانی دەدرێت بۆ چارەسەری كێشەكان.

 

سووربونی یەكێتی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە 21ی ئەم مانگە پارتی‌و گۆڕان كە دوولایەنی سەرەكین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەو نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتنێك.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015 ئەو حزبە مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە لە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و گۆڕان بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو داوای دواخستنی دەكەن‌و پێیانوایە كات‌و هەلومەرج لەبارنییە بۆ ڕیفراندۆم.

 

ئەمڕۆش مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشاری هەولێر كۆبوەتەوەو كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكێك بووە لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەو لە كۆتاییدا 3 بڕیاریانداوەو یەكەمیان دەڵێت"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سوورە لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم."

 

لە بڕیاری دووەمیشدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت"سەركرایەتی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەزووترین كات كۆدەبنەوەو هەوڵێكی تری نیشتمانی دەدرێت بۆ چارەسەری كێشەكان و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو."

 

بڕیاری سێیەمی یەكێتی لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمەو تێیدا هاتووە"ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین مافێكی سروشتی و دیموكراسی و نەتەوەیی گەلەكەمانەو لە كۆبوونەوەكەدا هەموو ئەگەرەكانی ئەنجامدان و كاردانەوەكان و مەترسییەكان گفتوگۆی بەرپرسیارانەی لەبارەوە كرا."

 

هەر ئەمڕۆش ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم كە یەكێتی لە ئاستی باڵادا بەشدارە تێیدا، لە كۆبوونەوەیەكدا تەئكیدی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كردەوە لە وادەی خۆیداو بۆ ئەو مەبەستەش ڕێوشوێنە كردارییەكانی پڕۆسەكە خێراتر دەكات.

 

ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی كۆبووەوەو دوای كۆبوونەوەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا 7 خاڵی بڵاوكردەوەو ئەوەدەخاتەڕوو، تێگەیشتنی تەواوی بۆ هەڵوێستی نێودەوڵەتی هەیە لە بەرانبەر ڕیفراندۆم‌و ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ڕیفراندۆم هیچ كاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی داعش نابێت.

 

سووربوونی ئەنجومەنەكە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌ لە وادەی خۆیدا لەكاتێدایە فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و توركیا بەردەوامە بۆ پاشگەز بوونەوەی هەرێمی كوردستان لەو پڕۆسەیە.