یوسف محەمەد: پەرلەمان بەزووترین كات ئاسایی بكرێتەوە‌و یاسای تایبەت بۆ ڕیفراندۆم دەربكات

24-08-2017 04:14
یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تەئكید دەكاتەوە، ڕیفراندۆم شەرعییەتی یاسایی نابێت ئەگەر لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە نەكرێت، داواشدەكات بەزووترین كات پەرلەمان ئاسایی بكرێتەوە‌و یاسای تایبەت بۆ ڕیفراندۆم دەربكات.

 

ئەو وتانەی یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمان ئەمڕۆ لەمیانی كۆبونەوەیدا بووە لەگەڵ نوێنەری چەند ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی، كە تێیدا ئاماژەی بە پرسی سەربەخۆیی‌و تەبایی نێوان لایەنەكان‌و ڕەهەندی یاسایی و نیشتمانی ڕیفراندۆم كردووە.

 

نوێنەری ڕێكخراوەكان یاداشتێكیان پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمان كردووەو تێیدا داوای تەبایی لایەنەكان‌و بە نیشتمانیكردنی پرسی ڕیفراندۆم‌و ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان‌و ئاوڕدانەوە لە ژیان‌و بژێوی هاوڵاتیان كراوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، لەبەرامبەر یاداشتەكەدا سەرۆكی پەرلەمان وتویەتی"درووستكردنی دەوڵەت پرسێكی نیشتمانییە، پێویستە هەمو لایەنەكان پێكەوە كۆبكاتەوە و تەبایی نێوان لایەنەكان زیاتر بكات، نەك ببێتە هۆی جیاوازیی‌و دووبەرەكی."

 

یوسف محەمەد، ڕیفراندۆم بە پرسێكی گرنگ‌و چارەنوسساز ناودەبات‌و دەڵێت"بەبێ گفتوگۆكردن لەناو هۆڵی پەرلەماندا، ڕیفراندۆم شەرعییەتی یاسایی نیە. دەبێ دۆخی پەرلەمانی كوردستان بەزووترین كات ئاسایی بكرێتەوە‌و پرسی ڕیفراندۆم لەناو پەرلەماندا، نوێنەرانی خەڵك گفتوگۆی لەبارەوە بكەن‌و یاسای تایبەتی بۆ دەربكەن."

 

ئەو وتانەی سەرۆكی پەرلەمان لەكاتێكدایە 21ی ئەم مانگە پارتی‌و گۆڕان كە دوولایەنی سەرەكین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەو نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتنێك.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015 ئەو حزبە مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە لە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و گۆڕان بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو داوای دواخستنی دەكەن‌و پێیانوایە كات‌و هەلومەرج لەبارنییە بۆ ڕیفراندۆم.

 

دوێنێش ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا تەئكیدی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كردەوە لە وادەی خۆیداو بۆ ئەو مەبەستەش ڕێوشوێنە كردارییەكانی پڕۆسەكە خێراتر دەكات.

 

سووربوونی ئەنجومەنەكە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌ لە وادەی خۆیدا لەكاتێدایە فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و توركیا بەردەوامە بۆ پاشگەز بوونەوەی هەرێمی كوردستان لەو پڕۆسەیە.