تۆمەتبارانی كوشتنی دووبراكەی باڵەكایەتی خۆیان ڕادەستكردو پێشمەرگەكانیش ئازادكران

26-08-2017 02:23
سوتاندنی ئۆتۆمبێل‌و بارەگای حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە گوندەژۆر.

 

پەرەگراف

 

تۆمەتبارانی ڕووداوەكەی گوندی گوندەژۆری ناوچەی باڵەكایەتی خۆیان ڕادەستی حكومەتی هەرێم كردووەو ئەو پێشمەرگانەشی لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە دەستبەسەر كرابوون ئازادكران، ڕەوشەكە بەرەو هێوربوونەوە دەچێت.

 

ئێوارەی دوێنێ لە گوندی گوندەژۆر سەربە قەزای چۆمان كە دەكەوێتە سەرسنوری ئێران، شەڕو دەمەقاڵێ لەنێوان چوار برای خەڵكی گوندەكەو پێشمەرگەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دروست بوو، بەهۆی بڕینەوەی دار لەلایەن پێشمەرگەكانەوە بۆ بارەگاكانیان، دواتر پێشمەرگەكان دەستڕێژی گولـلەیان لەو چوار برایە كردووەو دوانیان كوژران‌و دوانی دیكەشیان برینداربوون.

 

ڕووداوەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو بە دەیان كەسی خەڵكی ناوچەكە چەكیان هەڵگرت‌و بارەگاكانی هەرچوار حزبەكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان لە سنوری گوندەكە سووتاند(كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشان، حزبی دیموكراتی كوردستان(حدك)، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(حدكا)و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی كوردستان).

 

دوای سوتاندنی بارەگای حزبەكان، خەڵكی ناوچەكە بەدرێژای شەوی ڕابردوو بەچەكەوە هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەیان دەكردو دوو داواكارییان هەبوو، یەكەمیان ئەوكەسانەی تەقەیان كردووە خۆیان ڕادەست بكەن، دووەمیش بارەگای ئەو حزبانە لەسنوری گوندەكەیان نەمێنن.

 

هەر لە كاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا چەند پێشمەرگەیەكی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لەلایەنی خەڵكی سنورەكەوە دەستبەسەر كرابوون، هاوكات هێزێكی زۆری پۆلیس‌و ئاسایشی حكومەتی هەرێم لەسنورەكە بڵاوەیان پێكرا بۆ تەشەنە نەسەندنی زیاتری ڕووداوەكە.

 

ئەمڕۆش قائیمقامیەتی قەزای چۆمان ڕایگەیاند، تۆمەتباران خۆیان ڕادەست كردووەو بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. بەوەش یەكەم داواكاریی خەڵكی ناوچەكە جێبەجێ كرا.

 

قائیمقامیەتی چۆمان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت"تۆمەتباران دوای خۆ ڕادەستكردنیان بەهێزە ئەمنیەكان ئێستا لەژێر چاودێری دادگاكانی حكومەتی هەرێم دان، هاووڵاتیانی سنوری قەزاكەمان ئاگادار دەكەینەوە كە لەچوارچێوەی یاساكانی هەرێم مافەكانیان پارێزراو دەبێت."

 

لەبارەی ئەو پێشمەرگانەی لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە دەستبەسەر كرابوون، ئەحمەد قادر، قائیمقامی قەزای چۆمان بە پەرەگرافی وت"ئەو پرسە چارەسەر بووەو هیچ لە ئارادا نییە." قائیمقامی چۆمان بەهۆی سەرقاڵبوونی بە كۆبوونەوە ئامادەنەبوو زانیاریی زیاتر ئاشكرابكات.

 

قائیمقامیەتی چۆمان ڕووداوەكە بەمجۆرە دەخاتەڕوو، "لەئەنجامی دەستدرێژی كردنەسەر باخچەی ئەو هاووڵاتیانەو بڕینی دار لەلایەن هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی ناڕازی بوونی ئەو چوار برایەو درووست بوونی ناكۆكی ڕووبەڕووی پەلاماردانی ئەو چەكدارانە دەبنەوە، بەداخەوە هەریەك لە فرمان ئەسكەندەرو لوقمان ئەسكەندەر گیانیان لەدەست دا، وە هەریەك لە بەختیار ئەسكەندەر و مستەفا ئەسكەندەر برینداربوون."

 

دوابەدوای ڕووداوەكەش، سكرتاریەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێكدا نیگەرانیی خۆی پیشاندا لەو ڕووداوەو داوای لەلایەنی پەیوەندیدارو خەڵكی ناوچەكە كرد هەوڵی خۆیان بدەن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەو گەڕانەوەی كەشی دۆستایەتی.

 

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی وتی"با یاسا و حكوومەتی هەرێم لە نێوانماندا حەكەم بن و ئەو گرژییە نەخوازراوە چارەسەر بكەن و نەیارانی كورد و هەرێمی كوردستانیش نەتوانن ئاژاوە بگێڕن و كەڵكی خراپی لێ وەرگرن."

 

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حزبێكی سیاسیی چەپی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە‌و بارەگای سەرەكییان لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانییە، یەكێكە لەو حزبانەی ماوەیەكە خەباتی چەكداریی دەستپێكردووەتەوەو چووەتەوە شاخ‌و لە چیای هەڵگورد بارەگای هەیە.

 

ئەمڕۆش سكرتارییەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ڕایگەیاند، لەسەر ئەو ڕووداوە دوو پێشمەرگەیان ڕادەستی ئاسایش كردووە كە گومانی ئەوەیان لەسەرە تەقەیان كردبێت تاوەكو لە بەردەم دادگادا ئامادەبن.

 

"چاوەڕوانی ئێمە لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە یاسا بۆ هەموو لایەك سەروەر بێت و هەروەك چۆن كۆمەڵە ڕێزی لە یاسا گرتووە و لەم سۆنگەیەوە هەموو هاوكارییەكی بەرپرسانی حكومەت و ئاسایشی هەرێمی كوردستانی كردووە، مافە یاساییەكانی لایەنی ئێمەمانانیش پارێزراو بێت."

 

كۆمەڵە تەئكید دەكاتەوە كە ئەو كەسانە "بە چەكەوە" چوونەتەسەر بارەگاكانی ئەوان‌و دەڵێت"كەسانێك كە لەسەر بابەتێكی زۆر سادە بەچەكەوە هەڵدەكوتنە سەر بارەگای پێشمەرگە و ئاگری ئەو گرژییە هەڵدەگیرسێنن‌و دواتریش ئۆتۆمبێلەكەو بارەگای پێشمەگەی ڕۆژهەڵات دەسووتێنن لەبەردەم یاسادا بەرپرسیار بن" داواش لە هەموو لایەك دەكات بۆ كۆتایی هێنان بە گرژییەكان هەوڵی خۆیان بدەن.

 

بەهۆی لەباریی هەڵكەوتەی جوگرافیی‌و هاوسنوریی لەگەڵ ئێران، حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە چیاكانی باڵەكایەتی بارەگایان هەیەو بەوهۆیەشەوە خەڵكی ئەو سنورانە زۆرجار ڕوبەڕوی زەرەرو زیانی تۆپبارانی ئێران بوونەتەوە، دوای ڕوداوەكەی دوێنێ ئێستا خەڵكی ناوچەكە داوادەكەن حزبەكان بارەگایان لەو سنورە نەمێنێت.

 

لە درێژەی كاردانەوەكانی ئەو ڕووداوەی گوندەژۆردا، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەتوندی ئیدانەی كردو ئەوەی خستەڕوو، كوژراو و بریندارەكان یەكێتین‌و ئەوان بێدەنگ نابن لەوكارە.

 

"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبەرامبەر هەر دەستدرێژی و ستەمكردنێك لەهەڤاڵەكانی بێدەنگ نابێت و دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بەزووترین كات دادگایی بكرێن و وەك تاوانبار سزای سەرپێچی و تاوانەكانیان وەربگرن و ئەم كێشەیە لەبنەڕەتەوە چارەسەر بكرێ. پێمانوایە ئەمجۆرە رەوشە عەسكەریە لەلایەن هێزەكانی بەشەكانی كوردستانەوە، لەخزمەتی ئاشتەوایی نییە و لەگەڵ دۆخی سیاسی و ئیقلیمی باشووری كوردستاندا ناگونجێ." راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وادەڵێت.