وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا: لە قۆناغی شەڕ پشتیوانی كوردستان بوین‌و لە ئاشتیشدا لەگەڵیدا دەبین

27-08-2017 12:54
بارزانی‌و وەزیرانی دەرەوەو بەرگریی فەڕەنسا.

 

پەرەگراف

 

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا تەئكید دەكاتەوە وڵاتەكەی لە قۆناغی شەڕدا پشتیوانی كوردستان بووەو لە ئاشتیشدا لەگەڵیدا دەبێت، لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەكەشی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، ئەوەدەخاتەڕوو كە لەگەڵ گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدادان هەتا ئەوكاتەی دەگەن بە ئەنجامێك كە هەردوولا ڕازی بن.

 

ئەو وتانەی جۆن ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەمیانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و بەرپرسانی دیكەی هەرێم لە هاوینەهەواری سەلاحەدین، لۆدریان بە هاوڕێیەتی فلورانس پارلی وەزیری بەرگریی وڵاتەكەی‌و شاندێكی یاوەریان سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد.

 

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكراكردووەو باسلەوەدەكات، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان جەختی لە پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان هەردوو گەلی فەڕەنساو كوردستان كردەوەو ڕایگەیاند"تەنانەت بە گۆڕینی سەرۆك‌و حكوومەتەكانی فەڕەنسایش ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوام‌و دۆستانەیە."

 

هەروەها وەزیری بەرگریی فەڕەنساش پێزانینی بۆ ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە هەبووە لە شەڕی تیرۆریستان‌و وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی بەردەوامی تیرۆر لە ئاستی جیهانیدا ئەوەی خستەڕوو، سەقامگیریی ناوچەكە بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخەو جەختیشی لە بەردەوامیی پابەندبوونی فەڕەنسا كردەوە لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگەو مانەوەی هێزە فەڕەنسییەكان.

 

هاوكات وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی گەلی كوردستانی كردووە لە میوانداریكردنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەو لێقەوماو و ستایشی جۆری مامەڵەی هەرێمی كردووە لە دۆسیەی ئاوارەكان‌و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان خستۆتەڕوو.

 

"ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە فەڕەنسا لە قۆناغی شەڕ پشتیوانی كوردستان بووە و لە ئاشتیشدا لەگەڵ كوردستاندا دەبێت. لە بەشێكی تری وتەكانیدا هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەكەی لە بەرانبەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و داوایشی كرد حیوار لەنێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بێت هەتا ئەو كاتەی دەگەن بە ئەنجامێك كە هەردوولا ڕازی بن."

 

بڕیارە 25-9 ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، ئەوەش سەرباری ناڕەزایی ناوخۆیی‌و وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و توركیا كە فشارەكانیان بەردەوامە بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە.

 

هاوكات مەسعود بارزانی بۆ وەزیرانی فەڕەنسا ئەوەی خستوەتەڕوو، گەلی كوردستان ناتوانێ چیتر ئەزموونە شكستخواردووەكان دووبارە بكاتەوەو "مادام یەكگرتنی ئارەزومەندانە شكستی خواردووەو سەد ساڵە چەمكی شەراكەت پێشێلكراوە گەلی كوردستان ڕێگەی خۆی دەگرێتەبەرو خوازیارە وەك دراوسێ پەیوەندی دۆستانە و باشی لەگەڵ بەغدادا هەبێ."

 

بارزانی باسیلەوەشكردووە لە قۆناغی بەر لە ڕیفراندۆم‌و دوای ڕیفراندۆمیش لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆو دانوساندن بەردەوام دەبن، "داوایشی كرد فەڕەنسا كە هێما و پاڵپشتی ئازادییە لە ویستی گەلی كوردستان و ئێش و ئازاری سەدساڵەی بگات."

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە

 

ڕۆژی شەممه 26ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوە و فلورانس پارلی وەزیری بەرگریی و شاندێكی یاوەریان كرد.

 

لە دیدارەكەدا كە كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئیداری و سەربازییەكانی هەرێم ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان جەختی لە پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان هەردوو گەلی فەڕەنسا و كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند كە تەنانەت بە گۆڕینی سەرۆك و حكوومەتەكانی فەڕەنسایش ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوام و دۆستانەیە.

 

هەروەها وەزیری بەرگریی فەڕەنسایش پێزانینی بۆ ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی تیرۆریستان و وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی بەردەوامی تیرۆر لە ئاستی جیهانیدا ئەوەی خستەڕوو كە سەقامگیریی ناوچەكە بۆ وڵاتەكەی جیگەی بایەخە و جەختیشی لە بەردەوامیی پابەندبوونی فەڕەنسا كردەوە لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و مانەوەی هێزە فەڕەنسییەكان.

 

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی گەلی كوردستانی كرد لە میوانداری كردنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و لێقەوماو و ستاییشی جۆری مامەڵەی هەرێمی كوردستانی كرد لە دۆسیەی ئاوارەكان و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان خستەڕوو. ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە فەڕەنسا لە قۆناغی شەڕ پشتیوانی كوردستان بووە و لە ئاشتیشدا لەگەڵ كوردستاندا دەبێت. لە بەشێكی تری وتەكانیدا هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەكەی لە بەرانبەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و داوایشی كرد حیوار لەنێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بێت هەتا ئەو كاتەی دەگەن بە ئەنجامێك كە هەردوولا ڕازی بن.

 

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسای كرد و فەڕەنسای بە دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان لە قەڵەم دا و لە وتەیەكدا ڕۆشنایی خستەسەر هەڕەشەی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و ڕۆڵی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا و ڕایگەیاند بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیری لە قۆناغی دوای داعش پێویستە بە جددی كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دەركەوتنی ئەلقاعیدە و داعش بكرێت و جگە لە شەڕی سەربازی شەڕی فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتیی تیرۆریش بكرێت. سەرۆك بارزانی نیگەرانیی خۆی نیشان دا لە بارودۆخی دوای داعش و دەركەوتنی كێشەی نوێ ئەویش لەبەر نەبوونی پلانێكی ڕوونی سیاسیی هەرچەندە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەر لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ زۆر جەختی لە بوونی پلانی سیاسی دەكردەوە. لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی موسلیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئاوەدانكردنەوەی موسڵ لە توانای حكوومەتی عێراقی بەدەرە و كوردستانیش پەناگەیەكی ئارام بۆ ئاوارەكان دەمێنێتەوە هەتا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان.

 

لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمیش سەرۆك بارزانی زۆر بە ڕوونی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان ناتوانێ چیتر ئەزموونە شكستخواردووەكان دووبارە بكاتەوە و مادام یەكگرتنی ئارزومەندانە شكستی خواردووە و سەدساڵە چەمكی شەراكەت پێشێل كراوە گەلی كوردستان ڕێگەی خۆی دەگرێتەبەر و خوازیارە وەك دراوسێ پەیوەندی دۆستانە و باشی لەگەڵ بەغدادا هەبێ. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕیفراندۆم مافێكی دیموكراتی خەڵكی كوردستانە و گەلی كوردستان دوور لە توندوتیژی و بە ئامرازی ئاشتیانە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت و لە قۆناغی بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش لەگەڵ بەغدا لە حیوار و دانوساندن بەردەوام دەبێت و داوایشی كرد فەڕەنسا كە هێما و پاڵپشتی ئازادییە لە ویستی گەلی كوردستان و ئێش و ئازاری سەدساڵەی بگات.

 

لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەیەدا هەردولا جەختیان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و هەماهەنگیی لەنێوانیان كردەوە.