جەمیل بایك هۆشداریی دەداتە حزبەكانی هەرێم‌و دەڵێت: لەباشور هەندێك لقی میت هەن

29-08-2017 02:18
جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كاردانەوەكانی دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی میتی توركی لەلایەن پەكەكەوە لە سلێمانی بەردەوامە، یەكێتی تەئكید دەكاتەوە هەوڵەكەی هەواڵگریی توركیا بەبێ ئاگاداری ئەوان بووە، پەكەكەش دەڵێت، لە باشوری كوردستان هەندێك لقی میت هەن‌و هۆشداریی دەدات كە نابێت حزبەكانی باشور لەناو كارو پیلانیاندا بن، بەپێچەوانەوە بە "خیانەتی گەورە‌و مەترسیدار" ناوی دەبات.

 

لە نوێترین كاردانەوەدا، جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) ڕایگەیاند"لە باشوری كوردستان هەندێك لقی میت هەن، كە بە مەبەستی شەڕی تایبەت كاردەكەن، ئێمە لەوبارەیەوە زانیاریمان لەبەردەستدایە، بێگومان نابێت هێزو حزبەكانی باشوری كوردستان لەناو ئەو كار و پیلانانەی میتی تورك دا جێ بگرن، ئیمە هیوادارین وابێت، ئەگەر لەناو ئەو پیلانانەدا جێبگرن گەورەترین دوژمنایەتی پەكەكەو گەلی كوردیان كردووە."

 

وتەكانی جەمیل بایك دوای ئەوەدێت هەرئەمڕۆ وتەبێژی فەرمی یەكێتی ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئەوە دووپاتدەكاتەوە، هەوڵدانی دامودەزگاكانی هەواڵگریی توركیا بۆ ئۆپەراسیۆنێك لە سنووری سلێمانی بەبێ ئاگاداری دامو دەزگاكانی هەرێمی كوردستان بووە.

 

بەهۆی شكستهێنانی ئەو هەوڵەی توركیاوە 24ی ئەم مانگە نوێنەری یەكێتی لە ئەنقەرە دەركرا، هاوكات یەكێتی داوا لە كەجەكە دەكات وتەی بەرپرسێكی باڵایان ڕەتبكاتەوە كە ڕەخنەی ئاڕاستەی یەكێتی كردبوو لەسەر ئەو پرسە.

 

"یەكێتیی نیشتمانی ئەوە نەك ساڵی یەكەم‌و دووەم‌و سێیەمە، بەڵكو ئەوە دەیان ساڵە باجی سیاسەتی كوردستانیی خۆی لەپێناوی كورددا دەدات، ئەمەش نەك لەبەر خاتری كەس، چونكە ئێمە نرخی بەرزی هەڵوێستی نیشتمانی لە قرچۆكێكی وەكو دیار غەریب وەرناگرینەوە، بەڵكو ئەمە سیاسەتی كوردستانی یەكێتیی نیشتمانییە بەرامبەر بە كورد لەباكوور، بەرامبەر بە كورد لە رۆژئاواش كە ئێمە پشتیوانیمان لێكردوون"سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی وادەڵێت.

 

دیار غەریب، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) بەبێ ئەوەی وردەكاریی ڕووداوەكە ئاشكرابكات، دوێنێ ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە پەكەكە چەند ئەندامێكی میتی دەستگیركردووە كە "خواستویانە سنووری ئیدارەی سلێمانی بكەنە جێگەی پلاندانان بۆ كردەوەیەكی قێزەون‌و دیارترین بەرپرسانی پەكەكە تیرۆر بكەن."

 

ئەو بەرپرسەی كەجەكە(چەتری كۆكەرەوەی تەواوی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) داواشی لە یەكێتی نیشتمانی كرد"چۆك بۆ فشارەكانی دەوڵەتی تورك دانەدات، چونكە دەوڵەتی توركیا كاری ناقانوونی دەكات، هاوكات دەستخۆشی لە پەكەكەش بكات كە ئۆپەراسیۆنەكەی دەوڵەتی توركیای پووچەڵ كردوەتەوە‌و ڕێگای نەداوە یەكێتی تووشی ئابڕووچونێكی مەزن ببێت."

 

دیار غەریب، سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی‌و سیاسەتەكانی بەرانبەر پەكەكە، وتی"ئایا دەبێت هێزی یەكێتی بكەوێتە پێش هێزی ئۆپەراسیۆنی توركیاوە، ببێتە چاوساغ‌و كەوا سووری بەر لەشكریان‌و دژی پەكەكە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی دڵی دەوڵەتی توركیاو ئەردۆغان گەرد نەگرێت،‌ دیارە هەڵوێستی بەو شێوەیە یەكێتی بەرەو كوێ دەبات! هەر كەسێكیش دەزانێت نە لەڕووی سیاسییەوە، نە لە‌ڕووی یاساییەوە نە لە ڕووی نەتەوەییشەوە ئەوە ‌كارێكی ڕەوا و ڕاست نییە‌و دەبێت هەڵوێستەكان پێچەوانەی ئەوەبن."

 

لە وەڵامیشدا وتەبێژی فەرمی یەكێتی داوا لە كەجەكە دەكات"پێویستە كەجەكە ئەم قسە نا متەوازنانەی كە دیار غەریب بەرامبەر یەكێتی كردوونی ڕەتبكاتەوە."

 

یەكێتی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پەكەكەو هەدەپەو حزبە كوردییەكان لە باكوری كوردستان هەیە، ئەو حزبە پێیوایە ئەو پەیوەندییانە كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكەی توركیا هەبووە بۆ داخستنی نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنقەرە.

 

وتەبێژەكەی یەكێتی دەڵێت"دەمانەوێت كەجەكە ئەوە روونبكاتەوە ئایا ئەم قسانەی دیار غەریب دەیكات، رەئی كەجەكەیە، یان ئایا بە جائیزی دەزانێت كە ئۆپەراسیۆنێكی نابەرامبەرو بەشێوەیەكی نادروست كرا، ئێمە جەنگێكی لەسەر بەرپا بكەین كە داهاتووی هەرێمی كوردستان لەو كات‌و ساتە ناسكەدا كە دۆسێیەكی نەتەوەیی گەورەمان لەپێشە، بخەینە مەترسییەوە؟."

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا نوێنەرایەتی لە توركیا نییەو حزبەكان نوێنەرایەتییان كردووەتەوە، بەهرۆز گەڵاڵی ماوەی 17 ساڵە نوێنەری یەكێتییە لە ئەنقەرە.

 

جەمیل بایك وتەكانی سەعدی پیرە لەبارەی هەوڵی ئۆپەراسیۆنەكەی میت بە ڕاست ناودەبات‌و دەڵێت"ئەو قسانەی بەڕێز ئەحمەد پیرە لە بارەی پیلانی میتەوە ڕاستن، میتی تورك هەم لە ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی پارتی و هەم لە ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی یەكێتی بەنیازی ئۆپەراسیۆنی دژی پەكەكە خۆی ڕێكخستووە، لەم نێوانەدا بەڕێز ئەحمەد پیرە دەڵێت كە یەكێتی ئاگاداری ئەو پیلانانە نەبووە، هیوادارین هەروابێت."

 

هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە باسلەوەشدەكات، توركیا دەیەوێت هێزەكانی باشوری كوردستان بەشداریی پێبكات لە پیلانەكانی دژی پەكەكە، "بەتایبەتی دەیانەوێت یەكێتی و پارتی بەشداری پیلانی وابكەن كە هەم مەترسیدارە بۆیان‌و هەم هیچ خێرێكی تێدا نییە بۆیان، بۆ ئەوەش هەموو هەوڵەكانیان خستووەتە گەڕ."

 

بایك وتیشی"هیوادارین ئەو هەوڵانەیان بە ئەنجام نەگات، چونكە ئەگەر بە ئەنجام بگەن خیانەتی گەورە ڕوودەدات، ئەوە نەتەنیا خیانەت بە پەكەكەیە، بەڵكو خیانەتێكی گەورەشە بە گەلی كورد، نابێت هیچ هێزێكی كوردستانی هاوكاری پیلانگێڕییە قێزەونەكانی دەوڵەتی فاشیستی تورك بكات، نابێت بەگوێرەی داواكاری و ئامانجەكانی دەوڵەتی تورك هەڵوێست بگرن، چونكە بەم كارە گەورەترین زیان بە خۆیان دەگەیەنن، بەم بۆنەیەشەوە هەموو هێزەكانی باشوری كوردستان هۆشیار دەكەمەوە كە نەكەونە داوی پیلانگێڕییەكانی دەسەڵاتداریی توركەوە."