هەرێم گومانی هەیە لە گواستنەوەی چەكدارانی داعش لە سوریا بۆ سنوری عێراق

30-08-2017 01:45
گواستنەوەی چەكدارانی داعش لە سنوری لوبنانەوە بۆ سنوری عێراق، 28-8-2017.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گومانی خۆی ڕاگەیاند لە گواستنەوەی چەكدارانی داعش لەسەر سنوری سوریا-لوبنان بۆ سنوری سوریا-عێراق، ئەوەش دوای ڕێككەوتنی هەریەكە لە حكومەتی سوریاو حزبوڵای لوبنان لەگەڵ ڕێكخراوی داعش.

 

ئەو ڕێككەوتنەو نیگەرانیی هەرێم لەكاتێكدا سوپای سوریا كە بەشێكە لە ڕێككەوتنەكە لە شەڕێكی فراواندا هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر چەكی بۆ چەكدارای داعش بەجێهێشتووە. 

 

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی داعش كە پەرەگراف لە تەلەگرامی ئەو ڕێكخراوەوە دەستی كەوتووە، 24ی ئەم مانگە لە شەڕێكی داعش‌و سوریا لە گوندەكانی(غانم العلی، والعگشانە، والبوحمد، وزورشمر) لە پارێزگای ڕەققە، داعش ژمارەیەكی زۆر چەكی كەوتووەتە دەست كە چەكی قورس‌و پێشكەوتوویان تێدایە.

 

 

بەشێك لەو چەك‌و تەقەمەنییانەی داعش 24ی ئەم مانگە لەشەڕ لەگەڵ سوپای سوریا دەستیكەوتووە.

 

ڕۆژی 27ی ئەم مانگە بەپێی ڕێككەوتنێك ئاگربەست لە نێوان حیزبوڵای لوبنانی‌و حكومەتی سووریاو ڕێكخراوی داعش ڕاگەیەندرا لەناوچەی قەلەمونی سوریا كە هاوسنورە لەگەڵ لوبنان، بەپێی ڕێككەوتنەكە دەستكرا بە گواستنەوەی 400 چەكداری داعش‌و خێزانەكانیان بە پاس لەو ناوچانەوە بۆ كۆتا خاڵی پارێزگای دێرەزووری سوریا كە بەدەست داعشەوەیەو هاوسنورە لەگەڵ عێراق.

 

 

بەشێك لەو چەك‌و تەقەمەنییانەی داعش 24ی ئەم مانگە لەشەڕ لەگەڵ سوپای سوریا دەستیكەوتووە.

 

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گومانی لە گواستنەوەی ئەو چەكدارانەی داعش هەیە بۆ سنوری عێراق‌و پێیوایە دووبارە كردنەوەی "سیناریۆی" ساڵی 2014یە كە داعش لە سوریاوە ڕوویكردە عێراق‌و بەخێرایی دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرت‌و لەماوەیەكی كەمدا بەشێكی زۆری ناوەڕاستی عێراق كۆنتڕۆڵ كرد.

 

وتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەڵوێستی هەرێمی لەوبارەیەوە ڕاگەیاندو دەڵێت"هێنانی ئەو هێزە لە لوبنانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی سووریا و سەر سنوورەكانی عێراق جێگەی گومانە و زۆر بە جیدی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەكەین و ئەوە بە دووبارەكردنەوەی ئەو سیناریۆیە دەزانین كە لە ساڵی 2014 جێبەجێ كرا و بووە مایەی نەهامەتی بۆ عێراق و ناوچەكە."

 

ئومێد سەباح، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی ئەوەشدەخاتەڕوو، هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەماهەنگی‌و هاوكاریی تەواوی لەگەڵ سوپای عێراق دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێك.

 

 

بەشێك لەو چەك‌و تەقەمەنییانەی داعش 24ی ئەم مانگە لەشەڕ لەگەڵ سوپای سوریا دەستیكەوتووە.

 

ئاگربەستەكەی نێوان سوریاو حزبوڵای لوبنان(شیعە مەزهەب‌و نزیكە لە ئێران) لەگەڵ داعش بە ئامانجی وەرگرتنەوەی تەرمی 9 سەربازی لوبنانی‌و ڕاوێژكارێكی ئێرانییە لە دەست داعش.

 

سەربازە لوبنانییەكان ساڵی 2014 كەوتنە دەست داعش دوای ئەوەی ئەوڕێكخراوە دەستی گرت بەسەر چەند ناوچەیەكی سنوریی نێوان سوریا-لوبنان، كەسوكاری سەربازەكان چەندینجار خۆپیشاندانیان دژی حكومەتی لوبنان ئەنجامداوەو فشاریان خستوەتەسەر بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەكان.

 

دوای ڕێككەوتنەكە لە دوو شەممەی ڕابردوودا(28-8) بە پاس‌و دابینكردنی خزمەتگوزاریی‌و لە ڕێوشوێنێكی دابینكراوی ئەمنییدا دەستكرا بە گواستنەوەی چەكدارانی داعش‌و خێزانەكانیان‌و گەیەندرانە ناوچەی ئلبوكەمال لە دێرەزوور كە دەكەوێتە سەر سنوری عێراق‌و لەدیوی عێراقیشەوە ئەو ناوچەیەی بەرامبەریەتی بەهەمانشێوە بەدەست داعشەوەیە، ئێستا مەزەندە دەكرێت زیاتر لە 3 هەزار چەكداری داعش لەو سنورە بن.

 

 

گواستنەوەی چەكدارانی داعش لە سنوری لوبنانەوە بۆ سنوری عێراق بە پاس، 28-8-2017.

 

لە درێژەی كاردانەوەكانی ئەو ڕێككەوتنەدا، ئەمەریكاش ناڕەزایی خۆی پیشاندا لە گواستنەوەی ئەو چەكدارانەی داعش بۆ سنوری عێراق، برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ڕایگەیاند"تیرۆریستانی داعش پێویستە لە مەیدانی شەڕدا بكوژرێن، نەك بۆ لەوسەری سوریاوە بۆ سنوری عێراق بگوازرێنەوە بەبێ ڕەزامەندی عێراق."

 

مەكگۆرك دڵنیایی ئەوەشدەدات كە ڕێگەنادەن چەكدارانی داعش بچنەناو خاكی عێراقەوە.

 

 

گواستنەوەی چەكدارانی داعش لە سنوری لوبنانەوە بۆ سنوری عێراق بە پاس، 28-8-2017.

 

ناوچەكانی باشوری ڕۆژئاوای سوریا كە هاوسنوری لوبنانن ساڵی 2014 ڕوبەڕوی هێرشی داعش بوونەوەو ئەو ڕێكخراوە چەند شوێنێكی كۆنتڕۆڵ كرد، قەلەمون یەكێك بوو لەو ناوچانەی كەوتە دەست داعش، دوای ڕێككەوتنەكەی 27ی ئەم مانگە داعش ئەو ناوچەیەی چۆڵكردو لەو ناوچانەی دیكەش كە شەڕ لەنێوان حزبوڵای لوبنان‌و سوپای سوریا لەگەڵ داعش هەبوو، شەڕ ڕاگیراوە.