پەرەگراف
بەرهەم ساڵح لیستێكی نوێی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تۆماركرد، ئەوەش دوای بێئومێدبوونی دێت لە هەوڵەكانی چاكسازی ناوخۆیی حزبەكەی.
لیستەكەی بەرهەم ساڵح ناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) یەو ئەمڕۆ لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تۆماركرا بەمەبەستی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 1-11 ئەنجامبدرێت.
كەریم بەحری، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستانو ڕێپێدراوی یاسایی بەرهەم ساڵح دوای تۆماركردنی قەوارەكەیان لە كۆمسیۆن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"من وەك ڕێپێدراوی یاسایی بەڕێز د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆكی قەوارەی سیاسی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری، قەوارەكەمان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان تۆماركرد، دوای پەسەندكردنی قەوارەكە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، د.بەرهەم خۆی پەیامێكی دەبێت."
دروستكردنی لیستی هەڵبژاردن لەلایەن بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، دوای بێئومێدبوونی دێت لە هەوڵەكانی ڕابردوو بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی.
پەرەگراف 3ی ئەم مانگە ئەوەی ئاشكراكرد كە بەرهەم ساڵح لیستێكی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئامادەكردووە، بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادارو نزیك لە بەرهەم ساڵح، ئەو كەسایەتییە سیاسییە بەنیاز نییە حزب دروست بكات، تەنها لیستێكی دەبێت بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن.
ڕاگەیاندنی لیستەكەی بەرهەم ساڵح دوای ئەوەهات ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حزبەكەی شكستیان هێنا، هەربۆیە بڕیاریدا لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی لە هەڵبژاردن بكات.
بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەو ماوەیەكە لە حزبەكەی دابڕاوەو بەهۆی نیگەرانییەكانیەوە بەشداریی كۆبوونەوەكانی یەكێتی ناكات، كێشەی سەرەكی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی، چۆنێتی بەڕێوەبردنی حزبەكەیانە كە لەدوای نەخۆش كەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتیو دوركەوتنەوەی لەگۆڕەپانی سیاسی بووەتە جێی ناكۆكی قووڵیان.
جەلال تاڵەبانی لەمانگی 12ی 2012وە توشی نەخۆشی بوو، لەوكاتەوە لە سیاسەت دوركەوتووەتەوەو بەوهۆیەوە كێشەو ناكۆكی نێوان باڵەجیاوازەكانی یەكێتی پەرەی سەند، تا گەیشتە ئەوەی ڕۆژی 1-9-2016 كۆسرەت ڕەسوڵو بەرهەم ساڵح جێگرانی تاڵەبانی، بەپاڵپشتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی حزبەكەیان ناوەندی بڕیاریان لەناو یەكێتی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی رەخنەو تێبینییەكانیان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەكەیان.
لەوەڵامی ئەوانیشدا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی بە سەرۆكایەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕونكردنەوەیەكدا ڕۆژی دواتر بەناوی"زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان" ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیاریان بەتوندی ڕەتكردەوەو بە ناشەرعی لەقەڵەمیاندا.
دوای چەند مانگێك لە ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار، ناوەندەكە بە بێدەنگی هەڵوەشایەوەو كۆسرەت ڕەسوڵو تەواوی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی گەڕانەوەە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی یەكێتیو تەنها بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی یەكێتی مایەوە.
وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف دەڵێن، لە ئێستادا ئامانجی بەرهەم ساڵح كۆكردنەوەی دەنگە ناڕازیو چاكسازیخوازەكانە لە لیستێكی فراواندا كە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.
دروستكردنی لیستی نوێ بۆ هەڵبژاردن لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان سێ ساڵە لە قەیرانێكی سەختی ئابوریو سیاسیدایەو حكومەت ناتوانێت نیو موچەی فەرمانبەرانیش لە كاتی خۆیدا دابەشبكات، ئەوەش وایكردووە بێزاریو نیگەرانییەكی زۆر لە ناو خەڵكدا دروست ببێت لە حزبەكانو زیاتریش لە حكومەت.
سلێمان عەبدوڵا یونس، كادری پێشكەوتووی یەكێتیو نزیك لە بەرهەم ساڵح، پێشتر بۆ پەرەگراف وتی"كاك بەرهەم بەشێك نیە لە كێشەو ململانێكانی ئەمڕۆی یەكێتی، كێشەی شەخسی نیە، بە دڵنییایەوە بەدوای بەرژەوەندی خۆی نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی ڕزگاركەری بۆ یەكێتیو تەواوی كوردستان هەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانە سەختەكانی حوكمڕانی. ئەگەر یەكێتی ئەو دەرفەتە لە دەستبدات ناتوانێت خاوەندارییەتی ئەو پڕۆژەیە بكات، ئەو ژمارەزۆرەی هەڤاڵانی سەركردایەتی كە داوای چاكسازی لە نێو یەكێتی دەكەن هاوبیری د.بەرهەمن كە ناكرێ چیتر ئەم وەزعە بەردەوام بێت."
سلێمان عەبدوڵا یونس، باسیلەوەشكرد خەڵكانی ناو یەكێتیو دەرەوەی ئەو حزبەش، چاوەڕوانی چاوەڕوانی هاوكاریو هاوپەیمانیی بەرفراوانن لە دژی پاوانكاریو بێدادیی لە هەرێمی كوردستان.
پەرەگراف لە زاری كەسانی ئاگادارەوە زانیویەتی، تەنها بەرهەم ساڵح نییە كە لیستی نوێ دروست دەكات، بەڵكو چەند كەسایەتیو گروپی جیاوازی دیكە سەرقاڵی دروستكردنی لیستن، بەڵام هەوڵێك هەیە سەرجەمیان لەژێر چەترێكدا كۆببنەوەو بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بۆئەوەش گفتوگۆ لە نێوانیاندا دەستیپێكردووەو بەرهەم ساڵحیش لە ناو گفتوگۆكاندایە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكان بە پەرەگرافی وت"هەندێك لەو كەسایەتییانە پێیانوایە دروستكردنی چەند لیستێك پەرتبوون دروست دەكاتو بە بەدەستهێنانی كورسیی كەم لە پەرلەمان گۆڕانكاریی ناكرێت، هەربۆیە لەهەوڵی كۆبوونەوەدان لەژێر یەك چەترو یەك لیستدا."
ئەو كەسایەتییانە هەرچەندە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە، ئیسلامیو عەلمانیو حزبییو سەربەخۆیان تێدایە، بەڵام دەیانەوێت بەدوور لە ئایدۆلۆژیا پێكەوە كۆببنەوەو بەشداریی لە هەڵبژاردندا بكەن، پێیانوایە ئەوە تاكە ڕێگەی دەربازبوونە لەو دۆخە چەقبەستووەی هەرێمی كوردستانی تێدایە.
بڕیارە 1-11 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام بدرێن، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن نزیكەی 3 ملیۆنو 500 هەزار كەس مافی دەنگدانیان دەبێت.
بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێتو ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێتو لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.