بارزانی لە سلێمانی: دڵنیام ئێوە پێشەنگ دەبن 25ی مانگ بڵێن بەڵێ بۆ سەربەخۆیی

20-09-2017 06:32
مەسعود بارزانی لە یاریگای سلێمانی، 20-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی تەئكید لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكات لە وادەی خۆیداو ئەوەدەخاتەڕوو، دەیانەوێت بە خۆشی ماڵئاوایی لەبەغدا بكەن‌و دراوسێی یەك بن، ڕووەو خەڵكی سلێمانیش دەڵێت، : دڵنیام پێشەنگ دەبن كە 25ی مانگ بڵێن بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.

 

لەچوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم بارزانی ئەمڕۆ سەردانی سلێمانی كردو بەشداریی كەرنەڤاڵێكی جەماوەریی كرد لە یاریگای سلێمانی، لە وتارێكیشدا تەئكیدی كردەوە تائێستا بەدیلی ڕیفراندۆم نەدراوەتە كوردو پڕۆسەكە لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

 

بارزانی لە وتارەكەیدا باسیلەوەكرد شانازییەكی گەورەیە لەگەڵ خەڵكی سلێمانی پێكەوە ئامادەكاریی دەكەن بۆئەوەی بڵێن بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، وتی"دڵنیام ئێوە پێشەنگ دەبن كە 25ی مانگ بڵێن بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی."

 

كەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم لە یاریگای سلێمانی، 20-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پرسی سەربەخۆیی گەلی كوردستان یەك دەنگەو دەیەوێت بە خۆشیی ماڵئاوایی لەبەغدا بكات‌و دراوسێی یەك بن، وتیشی"ڕیفراندۆم بووەتە ئەجندای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمە ئەنجامی یەكڕیزی‌و ئیرادەی بەهێزی گەلەكەمانە."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 5 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

 

 

كەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم لە یاریگای سلێمانی، 20-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

بارزانی ئەمڕۆش دووپاتیكردەوە ساڵی 2003 هەڵەیانكردووە گەڕاونەتەوە بەغدا، بەڵام بەنیەتێكی پاك گەڕاونەتەوە، وتی"تەنها دەموچاو گۆڕاوە لەبەغداو فەرهەنگی قبوڵ نەكردنی لایەنی دیكە هەمان فەرهەنگە."

 

لەبارەی ناكۆكییە سیاسیەكانی ناوخۆش، بارزانی ئاماژەی بەوەكرد هەموو گەلی كوردستان لەیەك پاپۆڕدایە، وتی"جیاوازی سیاسی زۆر ئاساییەو زۆریش خۆشە بۆ ئەوەبێت كێ زیاتر خزمەتی خەڵك دەكات، بەڵام نەك بۆ ملشكاندن‌و ڕێگە خۆشكردن بۆ دوژمنان‌و ناحەزان بۆئەوەی لە پشتەوە خەنجەرمان لێبدەن، ئێستا لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بەیەك ڕیزی‌و برایەتی هەیە."

 

 

كەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم لە یاریگای سلێمانی، 20-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.