بارزانی: سبەینێ بە ئارامی بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدانو بەرچاومان ڕوونەو دەزانین چی دەكەین
پەرەگراف
مەسعود بارزانی داوا لەخەڵكی كوردستان دەكات سبەینێ بە ئارامی بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان، دەڵێت، بەرچاویان ڕوونەو دەزانن چی دەكەن.
بارزانی ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا تیشكی خستەسەر ڕیفراندۆمی كوردستان كە سبەینێ لە سەرتاسەری كوردستان بەڕێوەدەچێت، بارزانی ئەوەی خستەڕوو، شەراكەت لە عێراق شكستی هێناوەو بەغدا دەستوری پێشێلكردووە، "زۆربەی ئەوانەی بەغدا عەقڵییەتی ئەنفالچییەكانیان هەیەو دەموچاویان گۆڕاوە."
بارزانی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا، باسیلەوەشكرد، ناگەڕێنەوە بۆ ئەزمونی شكستخواردوو لەگەڵ بەغداو گفتوگۆكانی دوای ڕیفراندۆم بۆئەوە دەبێت چۆن بگەنە سەربەخۆییو دەوڵەتی كوردی، "ئەگەر بڕیاری ئەوان(بەغدا) ئەوەیە بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆمان لەگەڵ نەكەن، ئەوكاتە هەركەس لەماڵی خۆی."
بارزانی تەئكیدی كردەوە تەواوی حزبەكانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لەگەڵ پڕۆسەكەدان، وتی"تەواوی حزبەكان بەشداربوون لە دوا كۆبوونەوە(ئەمڕۆ ئەنجامدرا)و یەك دەنگ بوون، بەدەر لەوە بەرپرسانیان چی دەڵێن خۆیان ئازادن، كەس ناتوانێت ڕیفراندۆم ڕابگرێتو هیچ دابەشبوونێك نییە لە ڕیزەكانی گەلی كوردستان لەبارەی بڕیاری ڕیفراندۆم."
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكەو كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوە، بەرپرسانی كورد نەچوونە ژێرباری فشارە ناوخۆیی، ناوچەییو نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم.
بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، پێشبینی ناكەن هیچ ڕوبەڕوبوونەوەیەكی سەربازیی ڕووبدات لەنێوان هەرێمو بەغداد، وتی"داوا لەهەموو لایەك دەكەم شەڕی ئیرادە لەگەڵ ئێمەنەكەن، هەرچی دەكەن بیكەن، چونكە ئێمە لەوەدا ناشكێین" لەبارەی هەڕەشەكانی سەر كەركوك وتیشی"هێرشكردنەسەر كەركوك ئاسان نییەو باوەڕناكەم هیچ لایەك بیر لەوەبكاتەوە، بەڵام ئەگەر لەبەر ڕیفراندۆم ئەوەدەكەن، هیوادارین نەگاتە ئەوە، ئەگەر نا دونیایەكی دیكە دەبێت."
بارزانی دڵنیایی ئەوەشیدا كە نابنە هەڕەشەو لەگەڵ دراوسێكان دەیانەوێت پەیوەندییەكی باشیان هەبێتو پابەند دەبن بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان.
"داوا لەخەڵكی كوردستان دەكەم سبەینێ بە ئارامی بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدانو خۆیان بەدوور بگرن لەهەر شتێك كە دەبێتە مایەی نائارامیی. بەرچاومان ڕوونەو دەزانین چی دەكەین" بارزانی وای وت، وتیشی"چەند ڕیفراندۆم دوابخەین ئێمە لاوازتر دەبینو بەغدا بەهێزتر دەبێت. بڕیارمانداوەو بەرپرسیارێتییەكەی هەڵدەگرین، لەمەودوا هەرشتێك بەسەر ئێمەبێت با بۆ سەربەخۆیی بێت."
بارزانی باسیلەوەشكرد، دوای ڕیفراندۆم هیچ بەدیلێك نییەو شتێك نییە بیانگەڕێنێتەوە بۆ شەراكەتی شكستخواردوو، وتی"ئەگەر ئێمە عیبرەت لە ڕابردوو وەرنەگرین خوابمانگرێت" وتیشی"ئەوانەی دەڵێن ئیسرائیلێكی دووەم دروست دەبێت قسەیەكی زۆر سەخیفو بێمانایە."