هەڵوێستی فەرمیی ڕوسیا دەرباری ڕیفراندۆم: ڕێز لە خواستەكانی گەلی كورد دەگرین

27-09-2017 12:01
كه‌ركوك/25-9-2017/ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ ریفراندۆمی كوردستان. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف

 

ڕوسیا هەڵوێستی فەرمی لەبارەی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان ڕاگەیاند‌و دەڵێت، ڕێز لە خواستەكانی گەلی كورد دەگرن، بە پێویستیشی دەزانێت كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.

 

كاردانەوەكان لەبارەی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان بەردەوامەو وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، لەگەڵ تەئكید كردنەوە لە پشتگیری یەكپارچەیی‌و سەروەری خاكی عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە، دەشڵێت"مۆسكۆ بە ڕێزەوە دەڕوانێتەوە خواستە نیشتمانییەكانی گەلی كورد."

 

ڕوسیا داواشدەكات كێشەكانی نێوان هەرێم‌و عێراق بە گفتوگۆ چارەسەربكرێن‌و بۆ پێكەوەژیان لە چوارچێوەی عێراقداو دوركەوتنەوە لە هەر هۆكارێك كە ببێتە هۆی ئاڵۆزی‌و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

بە پێچەوانەی وڵاتانی ناوچەكەو زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیا، ڕوسیا بەرلە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش نەرمیی پیشاندابوو بۆ پڕۆسەكە، ئەوەش بە پێچەوانەی ئەمەریكا كە بەرلە ڕیفراندۆم‌و دوای ڕیفراندۆمیش هەڵوێستی نەرێنی بووەو ڕەتیكردۆتەوە.

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وڵاتانی ناوچەكەو دەرەوە فشارەكانیان دەستپێكرد بە مەبەستی پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە، بەتایبەت هەریەكە لە ئێران‌و توركیا بەتووندی ڕەتیانكردەوە، بەڵام سەركردایەتی كورد نەچووە ژێرباری فشارەكان‌و ڕیفراندۆمی بە مافی ئاسایی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا.

 

دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەو سەركەوتنی دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق، حكومەتی ناوەندیی‌و ئێران‌و توركیا دژایەتییەكانیان تووند كردەوەو هەڕەشەی تووند دەكەن‌و دەڵێن، چەند ڕێكارێك دەگرنەبەر بۆ سزادانی كوردستان.

 

لەو چوارچێوەیەشدا تاران ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخست‌و بەغداش داوای ڕادەستكردنەوەی فڕۆكەخانەو خاڵە سنورییەكان دەكات، ئەنقەرەش لە بەرنامەیدایە سنورەكانی دابخات‌و هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمیش دەكات.